سلۆڤینیا بازرگانی چەک لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە دەکات

سلۆڤینیا ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕی غەززە، هەموو ئاڵوگۆڕێکی پەیوەندیدار بە چەک لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە دەکات، ئەمەش بە یەکەم وڵات لە یەکێتی ئەورووپاوە وەسفکرد.

حکوومەتی سلۆڤینیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "سلۆڤینیا یەکەم وڵاتی ئەورووپییە کە هاوردەکردن و هەناردەکردن و گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل و لە ئیسرائیلەوە بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات".

ڕوونیشی کردەوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەنگاوەکانی خۆی دەگرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لە غەززە بە هۆی شەڕەوە خەڵک هاوکارییە مرۆییەکان بێبەشن"، "ئەرکی هەموو دەوڵەتێکی بەرپرسیارە هەنگاو بنێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ململانێکانەوە حکوومەت لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023وە هیچ مۆڵەتێکی بۆ هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل نەداوە.

لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، سلۆڤینیا لە هەنگاوێکدا هاتنی دوو وەزیری ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیلی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد. هەروەها ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیلی بە "بەیاننامەی (داوای) جینۆساید" ڕاگەیاند، کە هاندەری توندوتیژیی و پێشێلکردنی سەختی مافی مرۆڤی فەڵەستینییەکانن.

ئاژانسی وافای فەڵەستینی، لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە ڕایگەیاند، "ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 60 هەزار و 249 کەس بەرزبووەتەوە کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل لە7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە".

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ژمارەی برینداربووانی بۆ 147هەزار و 89 کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بە مردوی و برینداری لە ژێر دارپەردووەکاندا ماونەتەوە و تیمەکانی تەندروستیی و بەرگری شارستانی ناتوانن پێیان بگەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment