دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی جەلادەکەی نوگرە سەلمانی ڕاگەیاند

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: یەکێک لە تاوانبارە دیارەکان، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، وەک ئەفسەر کاری کردووە، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، دوێنێ لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر کرا.
هەینی 1ـی ئابی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، دوای لێکۆڵینەوە وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خەیاندووە، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای موسەننە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەددین، توانیان یەكێک لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر بکەن، کە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'.
دەزگاکە باسی لەوە کرد، تاوانبارەکە کە وەک ئەفسەری ئەمنی لە بەندیخانەی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەننە کاری کردووە و چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە، هەروەها بەشدار بووە لە زیندەبەچاڵكردن و لە سێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە، کارەکانی جەلادەکەی نوگرە سەلمان بریتیبوون لە؛ ئەشکەنجدان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییان هەروەها دەستدرێژی سێکسیشی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە.
دەزگاکە ئەوەشی ڕوون کردەوە، بنەماڵەی تاوانبارەکە بە درێژایی ماوەی ڕابردوو، ڕایانگەیاندبوو: کە ناوبراو مردووە. بەڵام هەوڵە هەواڵگرییەکان بەردەوام بوون تاوەکوو شوێنی تاوانبار دەستنیشان کرا کە خۆی لە شوێنێک لە پارێزگای سەڵاحەددین حەشار دابوو.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتی کردەوە، کە بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوانی عێراقی سوورە.
عەجاج ئەحمەد کێیە؟
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لە ساڵی 1988.
عەجاج، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەڵاحەددین کوژراون.
عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەمموز واتە ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.