پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پڕۆژه‌یاسای ئازادی ڕاده‌ربرین و خۆپیشاندانی ئاشتییانه دەکات

ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای ئازادی ڕاده‌ربرین و كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی ئاشتییانه له په‌رله‌مانی عێراق ناڕه‌زایه‌تی و نیگه‌رانیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 02ـی ئابی 2025، پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
هێزه سیاسییەکانی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە، لە ڕێگەی په‌رله‌مانه‌وه، پرۆژەیاسای ئازادی ڕادەربڕین، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە پەسەند بکەن؛ بەڵام له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ناڕەزایەتی گه‌وره بووه‌ته‌وه، ئه‌وان پێیانوایه كۆتوبه‌ندی زیاتر ده‌خرێته به‌رده‌م ئازادییه‌كانیان.
ئێستا ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای ئازادی راده‌ربرین و كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی ئاشتیانه له بڕگه‌ی پێنجه‌می كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی ئەمڕۆ شەممەی، 02ـی ئابی 2025، په‌رله‌مانی عێراقدا هەیە. ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه له 17 مادده پێكهاتووه و تێیدا گشت رێككاره‌كانی خۆپیشاندانی ئاشتییانه و ئازادیی راده‌بڕینی له‌خۆگرتووه.
له‌و باره‌یه‌وه، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ڕوونیكردووەته‌وه، ڕەشنووسی پرۆژەیاسای ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە، خۆپێشاندانەکان سنووردار ناکات. هەروەها ناوی پڕۆژه‌یاساکە بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین گۆڕدراوه. هه‌روه‌ها ئەو بڕگەیە لابراوە کە داوای مۆڵەتی حکوومەت دەکات بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان ئه‌نجام بدرێت و ته‌نیا له ڕێگه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕی ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بڕگه‌ی زیندانیکردن یان سزای پێبژاردن له پڕۆژه‌یاساكه نه‌ماوه.
له‌به‌رانبه‌ردا، کۆمەڵەی عێراقی بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، په‌رله‌مان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات به ئه‌نقه‌ست ڕه‌شنووسی یاسای ئازادی راده‌بڕینی بڵاونه‌كردووەته‌وه. كۆمه‌ڵه‌كه دووپاتیكردووەته‌وه زیاتر له ڕه‌شنووسێك له‌سه‌ر یاسای ئازادی ڕاده‌ربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانه هه‌یه، كه‌س نازانێت له دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر كام پڕۆژه‌یاسا ده‌درێت. بۆیه به‌گومانن و پێیانوایه، كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه به ئه‌نقه‌سته و ده‌یانه‌وێت پێش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.