غەریب ئابادی: لە فرۆشتنی نەوتی خۆمان بەردەوامین

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ئێستا ئێمە لەژێر گەمارۆداین، بەڵام هێشتا چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانمان بەردەوامن و فرۆشتنی نەوتمان ڕانەگرتووە.

دووشەممە، 4ـی ئاب، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا، دەربارەی هەنگاوەکانی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران، لە ئەگەری قبووڵنەکردنی سێ مەرجەکەی ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان و ڕێگاچارەکانی ئێران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان، گوتی: ئێمە نابێت هەڵگرتنی گەمارۆکان بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ببەستینەوە، کە ئەگەر ئەمەریکا نەهاتە سەر مێزی دانوستان، یان دانوستانێک نەکرا و ئەم گەمارۆیانە هەڵنەگیران، کەواتە ئیتر ئێمە هیچمان پێ ناکرێت! نەخێر، ئێمە دەبێت پێگە ئابوورییەکانی خۆمان بەهێز بکەین.

توانای زۆرمان بۆ چالاکییە ئابوورییەکان هەیە

جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕاستە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە ژێرخانی ئابووری و چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان پێکەوە بەسراونەتەوە و وڵاتان دەبێت لەگەڵ یەکتردا مامەڵە بکەن، بەڵام هەلی لەبار و زۆر، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دوورتر، لەبەردەستماندا هەن.

نابێت هەموو شتێک بە دانوستانەکانەوە ببەستینەوە

غەریب ئابادی جەختی کردەوە "ئێستا ئێمە لەژێر گەمارۆداین، بەڵام هێشتا لە چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانمان بەردەوامین و فرۆشتنی نەوتمان ڕانەگرتووە؛ ئەوان دەیانویست بە تەواوەتی ڕێگە لە فرۆشی نەوتی ئێمە بگرن، بەڵام نەیانتوانی. چونکە ڕێگەی جۆراوجۆرمان بۆ هەناردەکردنی نەوت لەبەردەستدایە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر لە ڕێگەی دانوستانەوە توانیمان گەمارۆکان هەڵبگرین، زۆر باشە و ئەمە کارێکی خراپ نییە و دەبێت بیکەین. بەڵام ئەگەر ئەوان ویستیان بە زیانی ئێمە سوود لە دانوستان وەربگرن، بە دڵنیاییەوە نابێت ئێمە هەموو شتێک بە دانوستانەکانەوە ببەستینەوە."

 

 
Fly Erbil Advertisment