سوپای ئیسرئیل: مووشەکێکمان خستە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەمان کرابوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە، لەیەمەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراوە.
سوپای ئیسرائیل لە زنجیرەیەک پۆستدا لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاندووە، "بەرگرییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل مووشەکێکی خستە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەی وڵات کرابوو و زەنگی ئاگادارکەرەوە لە چەند ناوچەیەکەی ئیسرائیل لێدراوە."
هەروەها سوپا نەخشەی ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە کە زەنگی ئاگادارکەرەوەکان تێیدا لێدراوە و دانیشتووانی لە مەترسی ئەو مووشەکانەی لەلایەن حووسییەکانەوە هەڵدەدرێت ئاگادار کردووەتەوە.
شەڕی کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەو هێرشەی حەماس کردییە سەر باشووری ئیسرائیل، لەو کاتەوە حووسییەکان بەردەوام مووشەکی بالیستی بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدەن وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس و دانیشتوانی کەرتی غەززە، بەڵام زۆربەی ئەو مووشەکانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێ کراوە. هەروەها حووسییەکان لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بەرەوئیسرائیلەوە دەڕۆن و پەیوەندییان بەو وڵاتەوە هەیە.