لە ئەڵمانیا بەچەقۆ هێرشکرایە سەر دوو کوردی ئێزدی و بریندار کران

کەسێکی بەڕەگەز ئێرانی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بەچەقۆی قەسابی هێرش دەکاتە سەر دوو کوردی ئێزدی و هەردووکیانی بریندار کردووە.
ئاژانسی DPAـی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە، لە شارۆچکەی کویکبۆرنی سەر بە هامبۆرگ، کەسێکی ئێرانی کە وەک قەساب لە کارگەیەکی گۆشت کاردەکات، بە چەقۆی گۆشت هێرش دەکاتە سەر دوو هاوکاریی خۆی کە یەکێکیان کوردی ئێزدی خەڵکی شێخانە و ئەوی دیکەشیان کوردێکی ئێزدی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشبەرەکە تەمەنی 45 ساڵە و خەڵکی ئێرانە، ئەوانەشی هێڕشی کردوونەتە سەر هەردووکیان لەگەڵ خۆیدا لە هەمان کارگە وەک قەساب کاردەکەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هەرچەندە دوو هاووڵاتیە ئێزدییەکان بەرگرییان کردووە و ڕووبەڕووی هێرشبەرەکە بوونەتەوە، بەڵام لەلایەن هێرشبەرەکەوە هەردووکیان بەچەقۆ بریندار کراون، دواتریش لەلایەن هاوکارە کرێکارەکانی دیکە هێرشبەرەکەیان وەستێندراوە و کۆنترۆڵیان کردووە تاوەکوو پۆلیس گەیشتۆتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستگیریانکردوە.
لەبارەی هۆی ڕووداوەکە، پۆلیسی هامبۆرگ ڕایگەیاندووە، چەقۆ وەشێنەکەیان دەستگیرکردوە و پاڵنەری پشت هێرشەکەش ئاینی بووە.