ترەمپ: داگیرکردنی غەززە پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە پاڵپشتی یان دژایەتی ئیسرائیل بکات بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، گوتی: "ئەوە پەیوەستە بە ئەوانەوە".

ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ناتوانم زۆر بڵێم، بەڵام داگیر کردنی غەززە، پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە.

ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، ئیدارەکەی سەرنجی لەسەر زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە خۆراکە بۆ ناوچەی فەڵەستین و ئاماژەی دا، "ڕوونە کە خەڵکی غەززە خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت". جەختیشی کردەوە، "ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆراک بە خەڵکی غەززە بدەین".

گوتیشی: وڵاتانی عەرەبی هاوکارمان دەبن بۆ پێدانی خۆراک بە خەڵکی غەززە.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی پەرەسەندن و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەرفراوان لە کەرتی غەززە کرد. 

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، بەرپرسێکی نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیران مەیلی بەرەو فراوانکردنی هێرشی سەر غەززە و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان وەستان و گەیشتنە بنبەست.

هەروەها بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ پشتڕاستیان کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو داگیرکردنی تەواوی ناوچەی فەڵەستین هەنگاو دەنێن. ئاماژەیان بەوەش کردووە، "بابەتەکە یەکلایی بووەتەوە، بەرەو داگیرکردنی تەواوەتی غەززە دەڕۆین. هەروەها ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەدا دەکرێت کە بارمتەکان تێیدا گیراون و ئەگەر سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل ئەم فەرمانە ڕەتبکاتەوە، ئەوا دەتوانێت دەست لەکاربکێشێتەوە".

 
Fly Erbil Advertisment