غەززە.. چوار بارهەڵگر وەرگەڕان و لانیکەم 20 کەس مردن

ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەززە، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی چوار بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بەسەر کۆمەڵێک فەڵەستینیدا، لانیکەم بیست کەس مردن.

چوارشەممە، 6ـی ئاب 2025، ڕێکخراوی بەرگریی شارستانی غەززە، کە لە  لایەن حەماسەوە بەڕێوە دەبرێت، ڕایگەیاند "لە ئەنجامی وەرگەڕانی چوار بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بەسەر کۆمەڵێک فەڵەستینیدا، لانیکەم بیست کەس مردوون. ئەم بارهەڵگرانە بەشێک بوون لە کاروانێک کە خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان بۆ فرۆشیارە ناوخۆییەکان دەگواستەوە."

بارهەڵگرەکان، بە ڕێگایەکی زۆر خراپدا تێ دەپەڕین کە قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو. شایەتحاڵێک ئاماژە بەوە دەکات کە پێش ئەوەی شۆفێرەکان کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکان لەدەست بدەن، ئارپیجییەک تەقێنراوە.

 بارهەڵگرەکانی هاوکاریی مرۆیی لە غەززە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوە و قەرەباڵەغی و پشێوی لەکاتی داگرتنی بارەکانیاندا ڕوو دەدات.

گوتەبێژی ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەززە، گوتی: ئەو ناوچەیەی کە بارهەڵگرەکانی تێدا وەرگەڕاون، لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدایە و ڕێگاکان ناهەموار و مەترسیدارن.

کۆمەڵەی گواستنەوەی تایبەت کە ئێستا لە غەززە کار دەکات، ڕایگەیاند "26 بارهەڵگری بازرگانی هاتوونەتە ناوچەکەوە. شەش بارهەڵگر تاڵان کراون و چواریان وەرگەڕاون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک خەڵک کوژرا و بریندار بوون."

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، تا ئێستا لە بارەی وەرگەڕانی بارهەڵگرەکان و زیانە گیانییەکانەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: دانیشتوانی غەززە چەندان هەفتەیە چاوەڕێی گەیشتنی پێداویستییە سەرەکییەکانن، ئەم دۆخە زۆرجار وادەکات کە خەڵکەکە تووڕە ببن و هێرش بکەنە سەر بارهەڵگرەکان.

لە هەواڵێکی دیکەدا، ئوردن ڕایگەیاند "دانیشتوانی شارۆچکەیەکی ئیسرائیلی هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی 30 بارهەڵگری هاوکاری کە بەرەو غەززە دەڕۆیشتن. بەرپرسانی ئوردنی ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبار کرد کە نەیتوانیوە ڕێگری لەو ڕووداوە بکات."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment