سوپاسالار موسەوی: زەردەخەنەی دوژمنان دەسڕینەوە؛ تۆڵەی خۆمان لە ئەمەریکا دەکەینەوە

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند: لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەپرسم، ئایا بەڕاستی دەتانەوێت چارەنووسی وڵات و نەوەی داهاتووتان بکەنە قوربانیی ڕزگارکردنی ناتانیاهۆ؟ گەلی ئێران، برینی خیانەت و تاوانەکانی ئەمەریکا لەبیر ناکات.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، سوپاسالار سەیید عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی چلەی (شەهیدانی جەنگی 12 ڕۆژەدا)، بە ئاماژەدان بە پێگەی بەرزیان، ئەوانی بە کۆڵەکە پتەوەکانی ئاسایشی ئەمڕۆ و دواڕۆژی ئێران زانی.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: جەنگی 12 ڕۆژە ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بناغە سەرەکییەکانی وڵات، واتە خێزان و نەوەی داهاتووسازی ئێران، ترسێکی زۆریان هەیە.
موسەوی هەروا گوتی: گەلی ئێران ئەمڕۆ لە بەرەی جیاوازدا بەرانبەر دوژمنان ڕاوەستاوە.. ئێمە دەبێت بۆ هەموو مەیدانەکان ئامادە بین؛ مەیدانی شەڕی سەربازی، هزری، میدیایی، کولتووری و ئابووری. لەم ڕێگایەدا، هەموومان ئاگەداری کێشەکانی خەڵکین و دەزانین بەرپرسان بەرانبەر بژێوی و ئارامیی گەل، ئەرکێکی قورسیان لەسەرشانە. بەڵام دەبێت وریابین لەوەی دوژمن بە شەڕی هەمەلایەنە، پەلاماری یەکێتی و ورەی نیشتمانیمان دەدات.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە دا و گوتی: ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ڕوونی نیشانیان دا بانگەشە ناڕاستەکانی ئیسرائیل هیچ بەهایەکیان نییە و ئامانجی سەرەکییان، ڕاکێشانی ئێرانە بەرەو ئاژاوە و شەڕ. بەڵام ئەوان نازانن ئەگەر داگیرکەران لە خاکی ئێران نزیک ببنەوە، ئێرانییەکان سەرباری جیاوازیی بیروباوەڕ، لە بەرانبەریدا یەکگرتوو دەبن.
موسەوی، هۆشداری بە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و ڕۆژئاوایی دا و گوتی: لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەپرسم، ئایا بەڕاستی دەتانەوێت چارەنووسی وڵات و نەوەی داهاتووتان بکەنە قوربانیی ڕزگارکردنی ناتانیاهۆ؟ گەلی ئێران، برینی خیانەت و تاوانەکانی ئەمەریکا لەبیر ناکات و نەوەکانی داهاتووش بە دەنگی بەرز هاواری تۆڵەی دەستدرێژییەکانتان بۆ سەر ئەم گەلە دەکەن."
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە شانازییەوە باسی لە نەوەی نوێی ڕۆڵەکانی بەرخۆدان کرد و گوتی: منداڵان و هەرزەکارانمان گوێبیستی دەنگی بۆمبەکانی ئێوە بوون و دەنگدانەوەکەی، ڕۆژێک گوێی خۆتان کەڕ دەکات.. داهاتوو هی گەلی ئێمەیە و ستەمکاران لە بەرانبەر ئیمانی ئەم خەڵکەدا، چارەنووسیان لەناوچوونە.
موسەوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لەم مەیدانە ئاڵۆزەی شەڕی هەمە لایەنەدا، ئێوەی گەلی ئێران کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی نیشتمانین. ئارامگرتن، یەکێتی، هاودڵی و خۆڕاگریتان کلیلی تێپەڕاندنی قەیرانەکانە. ماڵەکانتان هێڵی پێشەوەی بەرەی بەرخۆدانن و هەر خێزانێکی ئێرانی سەنگەرێکە لە بەرانبەر هێرشی دوژمندا.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە توانا سەربازی و بەرگرییەکانی وڵات کرد و گوتی: "هێزی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانا و بەهێزە و دەستی گەلی ئێرانیش هەم بۆ گفتوگۆ ئامادەیە و هەم بۆ بەرگری."
موسەوی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی نوێدا، وەڵامی ئێران یەکلاکەرەوە، گورچکبڕ و جیاواز لە ڕابردوو دەبێت.