تا دێت گومانه‌كان له‌سه‌ر عێراق بۆ به‌قاچاخبردنی نه‌وت زیاتر ده‌بن

تا دێت گومانه‌كان له‌سه‌ر عێراق بۆ به‌قاچاخبردنی نه‌وتی ئێران بۆ ده‌ربازبوون له سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته زیاتر ده‌بن؛ گومانه‌كان ئه‌و كاته زۆرتر بوون كه سزای به‌سه‌ر بازرگانێكی عێراق به ناوی سه‌لیم ئه‌حمه‌د سه‌عید به تۆمه‌تی به‌قاچاخبردنی نه‌وتی ئێرانی و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی عێراق سه‌پاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له 3ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا ڕایگه‌یاند، سه‌لیم ئه‌حمه‌د سه‌عید و ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه، نه‌وتی ئێرانیان به نه‌وتی عێراقی تێكه‌ڵ كردووه و دوای به‌قاچاخبردن و فرۆشتنیشی، داهاته‌كه‌یان بۆ فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
گەنجینەی ئەمه‌ریکا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، لە ڕێگەی نووسینگه‌ی چاودێریی سامانی بیانی (OFAC)، ڕێكاریان له دژی ئه‌و تۆڕانه گرتووه‌ته‌به‌ر كه به‌شدار بوون له گواستنه‌وه و فرۆشتنی نه‌وتی ئێران به به‌های چه‌ندان ملیار دۆلار، كه به‌شێكی ئه‌و داهاته‌ش بۆ فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه.
هه‌ینی، 8ـی ئابی 2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە وەکالەت سه‌ره‌ڕای گومانه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی قاچاخیكردن به نه‌وتی ئێران و تێوه‌گلانی بازرگانانی عێراقی له‌م كرده‌یه‌دا، به‌ڵام دانی پێ نه‌نانه‌وه و واینیشاندهوه، عێراق و بازرگانانی ئه‌م وڵاته، له هه‌ر گومان و كرده‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه به‌ده‌رن.
عەلی نزار گوتووشیه‌تی، بوونی شوێنێك بۆ به‌قاچاخبردنی نه‌وتی عێراق و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی ئێران، به به‌ڵگه ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بێت به‌ڵگه‌ی گومانه‌كان له‌م باره‌وه بخرێنه ڕوو.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له كۆتاییه‌كانی مانگی ڕابردوودا، سزای ئابووری و دارایی به‌سه‌ر 115 كه‌س، كۆمپانیا و كهشیتیدا کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، سه‌پاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، ئه‌م تۆڕه له لایه‌ن محه‌ممه‌دحوسێن شه‌مخانی، كوڕی عه‌لی شه‌مخانی، ڕاوێژكاری باڵای عه‌لی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.
3ـی ته‌ممووزی 2025، سکۆت بێسنت، وەزیری گه‌نجینه‌ی ئەمه‌ریکا ڕایگه‌یاندبوو، وەزارەته‌كه‌یان بەردەوام دەبێت لە به ئامانجكردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران و فشارە ئابوورییەکان و ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی تاران ده‌ستی به سه‌رچاوه داراییه‌كان بگات.
هه‌مان ڕۆژ سه‌رچاوه‌یه‌ك به "په‌یمانگای وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له واشنتن - The Arab Gulf States Institute"، گوتبوو، له كاتێكدا حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ـوه سزای ئابووری خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام بودجه‌ی عێراق به‌رده‌وام ده‌گاته ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی سه‌ر به ئێرانن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران كار و چالاكی ده‌كه‌ن.