ئۆجەلان: بە پێشکەوتی پرۆسەی ئاشتی خەڵک دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخموور دەڵێت: با بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاساییەکان بە شێوەیەکی پێکەوەیی بگرینە دەست و لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو چارەسەریی هەنگاو بنێین.

هەینی 8ـی ئابی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخموور کرد و تێیدا هاتووە، خەڵکی کەمپەکە بەهۆی فشارەکانی تورکیاوە بۆ ماوەی 31 ساڵ ئاوارەی مەخموور بوون و لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان.

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرنجی دیدارەکانیشمان لەسەر بارودۆخی گەلی مەخموورە، بێگومان بە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ئەوانیش دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.

هاوکات باسی لەوەش کردووە، با بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاساییەکان بە شێوەیەکی پێکەوەیی بگرینە دەست و لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو چارەسەریی هەنگاو بنێین.

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەوانەی لە مەخموور، ئەورووپا و هەموو ئەوانەی لە پەنابەرێتییدان، پێویستە گەڕانەوەیان پێکەوەیی بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment