فه‌ره‌نسا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لێدوانی حاخامێكی ئیسرائیلی ده‌كات كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ماكرۆن كردووه‌

داواکاری گشتیی پاریس لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لێدوانی حاخامێكی ئیسرائیلی ده‌كات كه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی كوشتنی له‌ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌؛ هاوكات حاخامی هه‌ره‌گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا لێدوانی حاخامه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌ و به‌رانبه‌ر به‌و لێدوانه‌ی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه‌.

هه‌ینی، 8ـی ئابی 2025، داواکاری گشتیی پاریس ڕایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ باره‌ی لێدوانی ده‌یڤید دانیال كۆهین، حاخامێكی فه‌ره‌نسی ده‌ست پێكردووه‌، كه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كردووه‌.

داواکاری گشتیی پاریس ده‌ڵێت، لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی برۆنۆ ڕۆتایۆت، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بووه‌ كه‌ لێدوانه‌كانی كۆهینی به‌ توندوتیژ و ڕقه‌به‌ری ناو بردووه‌.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەیڤید دانیال کۆهین، کە پێدەچێت لە ئیسرائیل نیشتەجێ بێت، هێرش دەکاتە سەر ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر پلانی دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین.

کۆهین له‌ قسه‌كانیدا كه‌ 37 خوله‌كی خایاندووه‌، گوتوویه‌تی، ماكرۆن له‌ ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵدا كه‌ دان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستیندا ده‌نێت، "دژە جوو"ـی خۆی به‌ قووڵی ئاشکرا دەکات و "ڕاگەیاندنی شەڕ دژی خوا" دەست پێدەکات.

کۆهین ئاماژەی بەوەش کردووه‌، پێویستە ماكرۆن بزانێت کە لە بەرژەوەندیدایه‌ داره‌بازه‌كه‌ی ئامادە بکات، خودا نیشانی دەدات کە لێدوانی لەو شێوەیە دژی خودا بدات.

هاوكات حاییم کۆرسیا، حاخامی هه‌ره‌گه‌وره‌ی فەرەنسا لێدوانی كۆهینی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی، کۆهین هیچ پۆستێکی حاخامی لە فەرەنسادا نەبووە و مەشق و بڕوانامەی لە قوتابخانەی حاخامییەکانی فەرەنسی وەرنەگرتووە.

 
Fly Erbil Advertisment