سوودانی: پابەندین بە کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو دۆخەی لە عێراق هاتووەتە ئاراوە سەقامگیرە، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ هەبوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، پێویستە هۆزەکانیش پشتیوان بن لە سەروەربوونی یاسا.
شەممە 9ـی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 20، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری ناوخۆی و دەرەکی دایە، بەڵام حکوومەت بەرنامەیەکی داناوە بۆ کارکردن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەڵێت: بەرنامەیان بریتیە لە نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەروەربوونی یاسا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
هاوکات گوتیشی: لەژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخە سەقامگیرەی وڵات، هیچ پاساوێک بۆ هەبوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە و دەبێت هۆزەکان پشتیوانی لە سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری بکەن.
لە بارەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق، سوودانی، ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق پابەندە بەو بەرنامەیەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دانراوە، چونکە هیچ پێویستییەک بۆ مانەوەیان نەماوە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کە نایانەوێت عێراق لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دوور بکەوێتەوە، بەڵکو دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵیاندا زیاتر پەرە پێبدەن.