جەنگی 12 ڕۆژە 600 ملیار تومەن زیانی بە کەرتی گەشتیاریی ئێران گەیاندووە

لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، 250 گەشتی ئاسمانی بۆ دەرەوەی ئێران هەڵوەشێنرانەوە، نزیکەی 30 هەزار کەس لە گەشتکردن بێبەش بوون و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هۆتێلەکان، زیاتر لە 600 ملیار تومەن قەرزداری گەشتیاران بوونە.
یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، حورمەتوڵڵا ڕەفیعی، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەیی نووسینگەکانی گەشتی ئاسمانی و گەشتوگوزاری ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا ڕایگەیاند "تورکیا و ئیمارات هێڵی گەشتیاریی پڕ هاتوچۆن بۆ گەشتیارانی ئێرانی و هەفتانە نزیکەی 70 گەشت بۆ تورکیا و هەمان ژمارە گەشت بۆ وڵاتانی کەنداو دەکرێن، بەڵام هاوکات لەگەڵ جەنگی 12 ڕۆژەدا، زیاتر لە 250 گەشتی ئاسمانی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵوەشێنرانەوە."
ڕەفیعی هەروا گوتی: دوای دەستپێکردنی جەنگ و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان، حکوومەت لە ڕێگەی گشتاندنێکەوە داوای لە ئاژانسەکانی گەشتیاری کرد کە تێچووی گەشتەکان بگەڕێننەوە بۆ خەڵک، لە کاتێکدا دەبوو ئەم گشتاندنە ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هۆتێلەکان بکرایە، چونکە ئاژانسەکانی گەشتیاری تەنها نێوەندگیرن لەنێوان گەشتیار و فرۆشتنی بلیتەکاندا و تا ئەو کاتەی ئەم کۆمپانیایانە و هۆتێل و پلاتفۆرمەکان، پارەکە نەخەنە سەر هەژماری نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی گەشتیاری، ئەوان ناتوانن پارەی خەڵک بگەڕێننەوە."
زیانی دوو هەزار ملیار تومەنیی نووسینگەکانی گەشتیاری
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەیی نووسینگەکانی گەشتیاریی ئێران گوتی: نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی گەشتیاریی ئێران بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، زیاتر لە دوو هەزار ملیار تومەن زیانیان بەرکەوتووە و سەرەڕای ئەمەش، ئێستا قەرزداری ژمارەیەکی زۆر لەو گەشتیارانەن کە بۆ کڕینی بلیت و مانەوە لە هۆتێلە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، پێشتر پارەی گەشتەکانیان داوە بەم نووسینگانە."
ڕەفیعی، داوای لە دەزگا چاودێرییەکان کرد کە پەلە بکەن لە گەڕاندنەوەی خێرای پارەی خەڵک لە لایەن هێڵە ئاسمانییەکان و هۆتێلەکانەوە بۆ ئەو نووسینگە گەشتیارییانەی کە بەرهەمەکانی ئەوانیان کڕیوە، ڕایگەیاند "ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان هێشتا قەرزداری نووسینگە گەشتیارییەکانن و دەبێت پارەکان بگەڕێننەوە بۆ ئەم نووسینگانە تا بدرێتەوە بە خەڵک. تا ئێستا نەک هەر ئەم پارانە نەگەڕێنراونەتەوە، بەڵکو کۆمپانیاکان 10 ڕۆژ پێش ئێستا ڕایانگەیاندووە گوایە 80%ـی پارەکەیان بۆ نووسینگەکان گەڕاندووەتەوە، ئەمەش ڕاست نییە و شتی وا نەکراوە."
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەیی نووسینگەکانی گەشتیاریی ئێران، ئاماژەی بە بانگەشەی کۆمپانیاکان کرد سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پارەی بلیتە هەڵوەشاوەکان بۆ پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانی فرۆشتنی بلیت، کە بەشێک لە نووسینگە گەشتیارییەکان تێچووی گەشتی گەشتیارانیان بۆ کڕینی بلیت، داوە بەوان، گوتی: لەوانەیە ئەم بانگەشەیە ڕاست بێت، بەڵام هێشتا هیچ پارەیەک لە لایەن پلاتفۆرمەکانی فرۆشتنی بلیت و هۆتێلەکانەوە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ نووسینگەکان تا ڕادەستی خەڵک بکرێت."
باڵیۆزخانە ئەوروپییەکان ڤیزا نادەن
ئەنووشیرەوان موحسنی بەندپەی، جێگری وەزیری گەشتوگوزار، لەم بارەیەوە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا گوتی: نەدانی ڤیزای گەشتیاری لە باڵیۆزخانەی وڵاتە ئەورووپییەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە سیاسەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانە، ئێستا لەو باڵیۆزخانانەدا ڤیزای نوێ بە گەشتیاران نادرێت."
جێگری وەزیری گەشتوگوزار، ڕایگەیاند "هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئاسیا، تورکیا، ڕووسیا و چیندا بەردەوامە."
بەندپەی گوتیشی: زیاتر لە 330 هەزار گەشتیاری بیانی لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا سەردانی ئێرانیان کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی پار، 53% کەمتر بوونە.
ئەو، هۆکاری کەمبوونەوەی گەشتیارانی بیانی بۆ وڵات گەڕاندەوە بۆ جەنگی 12 ڕۆژە و پڕوپاگەندەی بەرفراوانی هەڵەی دوژمنان بۆ نیشاندانی ئێران وەک وڵاتێکی نائارام و گوتی: ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، سەرەڕای ئەوەی کاتی دەوێت، پێویستی بە متمانە دروستکردنەوە و پشتیوانیی هەمەلایەنەی دامەزراوە گەشتیارییەکان هەیە.
جێگری وەزیری گەشتوگوزار، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە بەرنامەکانی وەزارەت و جێگرایەتیی گەشتوگوزار جەخت لەسەر گەشتوگوزاری ئایینی، فەرهەنگی وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکان دەکەنەوە، گوتی: سازکردنی بۆنە فەرهەنگییەکان و گەشتوگوزاری خواردن لە ڕۆژژمێری گەشتیاریدا گونجێنراوە، تا ببێتە هۆی بووژانەوەی گەشتیاریی ناوخۆیی و دەرەکی.
بەندپەی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چ هەنگاوێک گیراوەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی تێچووی بلیتە هەڵوەشاوەکانی گەشت و هۆتێلەکان لە کاتی جەنگدا، گوتی: سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو تێچووەی کە بۆ دابینکردنی ژوور لە هۆتێلەکان دراوە، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە ژوورەکەی پێ دابینکراوە کراوە، تێچووەکە دەگەڕێنرێتەوە. گەڕاندنەوەی تێچووی بلیتی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە ڕێگەی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و کۆمپانیا بیانییەکان لەگەڵ ئەو ئاژانسانەی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە، هاوکاریی دەکەن."