ناتانیاهۆ: نامانەوێت غەززە داگیر بکەین بەڵکو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت، هەروەها نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین.
یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، بۆیە ئێمەش درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە دەدەین.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین، هەروەها دەمانەوێت ئیدارەیەکی مەدەنی لە غەززە هەبێت.
جەختی لەوە کردەوە، حوکمڕانی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینیان لە غەززە ناوێت. گوتیشی: ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت.
ناتانیاهۆ، ڕایگەیاند: کۆنترۆڵی لە 75%ـی کەرتی غەززەمان کردووە، هەروەها پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە خێراتر دەکەین. سەرەنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەوڵەتی جووەکان ڕووبەڕووی درۆ و چەواشەکاری بوونەتەوە.
لە بارەی بارمتەکانەوە، ناتانیاهۆ، گوتی: لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی غەززە سەرجەم بارمتەکان ڕزگار دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەگەڕ بە خێرایی ئەو کارە نەکەین زۆرێک لە بارمتەکان لەوانەیە لە برسێتییان بمرن.
سەبارەت بە دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل ڕێڕەوی سەلامەت و ناوەندیی نوێی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە دەکاتەوە.
گوتیشی: ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ڕێگریکردنی لە تاڵانکردنی هاوکارییەکان لە لایەن حەماسەوە، چونکە حەماس هەمیشە هەوڵ دەدات بەرنامەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بکاتە ئامانج.
لە بارەی سەرکردەکانی وڵاتانەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان پێمان دەڵێن، "ئێمە دەزانین ئێوە ڕاست دەکەن و مافی خۆتانە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانتان لە غەززە بدەن، بەڵام ئێمەش ناتوانین لە وڵاتەکانمان و بە تایبەت ئەورووپا ڕووبەڕووی بیروڕای گشتی ببینەوە".
هاوکات باسی لەوەش کرد، شوێنی سەلامەت بۆ نیشتەجێکردنی غەززەییەکان دابین دەکەین، هەروەک چۆن لە ماوەکانی ڕابردوودا وامان کردبوو.
سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسان، ناتانیاهۆ، دەڵێت: فەرمانمان بە سوپا کردووە کە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی بیانی زیاتر بدەن بچنە نێو کەرتی غەززە.
لە کۆتاییدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی ئەنجامدانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە، ڕەتکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندە و ئاشکراکردنی ئەو قسە ناڕاستانەیە، کە لە سەرانسەری جیهاندا لە دژی ئێمە دەکرێن.