حکوومەتی ئوسترالیا: لە مانگی ئەیلوولدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین

وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا، لە مانگی ئەیلوولدا لەبارەی دەوڵەتی فەڵەستین بڕیارێکی فەرمی دەدەین

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئوسترالیا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا دەنێت.

سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا گوتی: دانپێدانان بە مەرجی بەڵێنەکانی دەسەڵاتی فەڵەستین دەبێت و ئاماژەی بەوەدا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە چارەنووسی گەلی فەڵەستین و "هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا نییە".

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەلبانیزی جەختی کردەوە، دۆخی غەززە خراپترین کارەساتەکانی جیهانی تێپەڕاندووە، هەروەها ئیسرائیل بەردەوامە لە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەلبانیزی گوتیشی: چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترین هیوای مرۆڤایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازار و برسێتی لە غەززە.

ڕوونیشی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردۆتەوە "پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە نەک چارەسەری سەربازی".

لای خۆیەوە، کریستوفر لوکسۆن، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی دەکاتەوە.

هەروەها ویستن پیتێرز، وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا ئاماژەی بەوەدا، حکوومەت لە مانگی ئەیلوولدا بڕیارێکی فەرمی دەدات و لە هەفتەی سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیاری خۆی دەخاتە ڕوو.

نزیکەی 144 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهانی، ڕووسیا، چین و هیندستان لەخۆدەگرێت، دەوڵەتی فەلەستین دەناسن.

بەڵام لە کۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا چەند وڵاتێک دانیان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا ناوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکاییەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردووە و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو برد، لە بەرانبەر دا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەڵوێستێکی پێچەوانەیان هەیە و ڕایانگەیاندبوو، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment