ئەفغانستان.. دۆزەخێک بۆ ئافرەتانی بەزۆر گەڕێنراوە

هەندێک لە ئافرەتان و تەنانەت منداڵانیش لە خێزانەکانیان جیا کراونەتەوە و بە تەنیا بۆ ئەفغانستان دیپۆرت کراونەتەوە

پاش چوار ساڵ لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان پەردە لەسەر ژیانی کارەساتباری ئافرەتانی ئەفغان لا دەدەن.

چوار ساڵ بەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان تێ دەپەڕێت، ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستی چالاکوانە ئافرەتەکانی ئەفغان گەیشتوون، باس لە کارەساتی ژیانی ئەو ئافرەتانە دەکەن کە بە زۆر لە ئێرانەوە گەڕێنراونەتەوە ئەفغانستان.

 بێکاری، هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان، ڕێگریی لە خوێندن و فێربوون، دابڕان لە کەسوکار و خێزان، جیاکاریی ڕەگەزی و چەندان گرفتی دیکە، ژیانی ڕۆژانەی ئەوان پێک دەهێنن.

ڕۆژنامەی 'هەم میهەن' لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بارودۆخی ئافرەتانی ئەفغانی دیپۆرت کراوە بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "ئێستا زۆرێک لەو ئافرەتانەی لە ترسی تاڵیبان پەنایان بۆ ئێران هێنابوو یان لە ئێران لەدایک بووبوون و پێگەیشتبوون، دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتێک کە هیچ ماف و موڵکێکیان تێدا نییە. ئەو ئافرەتانە کە بە زۆر لە ئێرانەوە دیپۆرت کراونەتەوە، وەک زیندانی لە شارەکانی کابول، هەرات و مەزاری شەریف نیشتەجێ بوونە، خەون بەو ڕۆژگارە دەبینن کە لە ئێران دەژیان و مەودای کار و خوێندن و ئازادییان هەبوو." 

هێلن فەرمان، زەهرا مووسەوی و مەزدا مێهرەگان، سێ چالاکوانی ئافرەتی ئەفغان کە بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی ئەفغانستانیی دیپۆرتکراو هەوڵ دەدەن، دەڵێن "زۆرێک لەم ئافرەتانە لە لایەن پۆلیسی ئێران، دەستگیر کراون و بە زۆر، لەگەڵ سووکایەتی و بێڕێزیدا، دەرکراون. هەندێک لە ئافرەتان و تەنانەت منداڵانیش بێڕەحمانە، لە خێزانەکانیان جیا کراونەتەوە و بە تەنیا بۆ ئەفغانستان دیپۆرت کراونەتەوە."

نزیکەی پێنج هەزار منداڵی ئەفغان بە تەنیا دیپۆرت کراونەتەوە بۆ ئەفغانستان و ئەمەش ژیانیان دەخاتە بەر مەترسیی توندوتیژیی زیاتر. ئەم چالاکوانانە دەڵێن "بێبەشبوون لە خوێندن، بێکاری، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، توندوتیژیی خێزانی، دەستدرێژی، کوشتن بە بیانووی نامووس و خۆسووتاندن، ئەنجامی گەڕاندنەوەی ئەم ئافرەتانەیە بۆ ئەفغانستان." 

زەهرا مووسەوی، باس لە چەندین حاڵەت دەکات کە کچان، ڕێک لە کاتی پەڕینەوەیان لە سنوور، ڕادەستی ئەو خێزانانە کراونەتەوە کە لە بەرانبەر مانەوەیاندا، بە شوویان داون بە چەکدارانی تاڵیبان. زۆرێک لە گەڕاوەکان لەوانەش ئافرەتانی دووگیان یان ئەوانەی پێویستیی پزیشکییان هەیە، دوای گەیشتنیان بە ئەفغانستان، تەنانەت دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستیش ناگات.

مەریەم بەخشی، یەکێکە لە ژنە دیپۆرتکراوەکان و لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا کە لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەفغانستان و لە شارەکەی خۆی "هەرات"، لە گۆشەیەکی ژوورێکی شەش مەتریدا حەسرەتی ڕۆژانی ڕابردوو دەخوات، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە چەکدارانی تاڵیبان لە ناوەڕاستی بازاڕدا دەستی کچانیان ڕاکێشاوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.. ئەو کچانە، لە پۆلێکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەگەڕانەوە کە بە نهێنی کرابووەوە و دەمامک و بورقەعـیشیان پۆشیبوو، بەڵام کەوتنە داوی تاڵیبانەوە و کەس نازانێ چییان بەسەر هاتووە.

لە تارانەوە بۆ زۆرئاوای کابول

لە گەڕەکێکی کابول، لە ناوچەیەک بە ناوی زۆرئاوا، ئافرەتێک دەژی کە هێشتا مێشک و دڵی لە کۆڵانەکانی شاری قودسی تاران بەجێ ماوە. سۆمەن حەمیدی، 31 ساڵەی خەڵکی ویلایەتی کاپیسا کە زۆربەی تەمەنی خۆی نەک لە ئەفغانستان، بەڵکوو لە ئێران بەسەر بردووە. ئەو لە ئێران، کاری دەکرد و ژیانێکی ئاسایی بەسەر دەبرد. بەڵام  پاش جەنگی 12 ڕۆژە، هەموو شتێک گۆڕا.
بەرپرسانی ئێران پێیان ڕاگەیاند "هەمووتان دەردەکەین و دەبێ بگەڕێنەوە ئەفغانستان"

سۆمەن دەڵێت: لێرە جگە لە ترس و هەژاری و بێپەنایی و نەبوونی هیچ مافێک، شتێکی ترمان نییە؛ تاڵیبان هیچ مافێک بە ئافرەتان ڕەوا نابینێت. کارکردن و فێربوون و تەنانەت چوونەدەرەوەش بەبێ (مەحرەم) قەدەغەیە. 

دۆزەخی ئافرەتان لە ئەفغانستان

ئەنجێلا، یەکێکی دیکە لەو ئافرەتانەی 18 ڕۆژ لەمەوبەر گەڕێنراوەتەوە ئەفغانستان دەڵێت: بارودۆخی ئافرەتان لە ئەفغانستان بە خراپترە لە دۆزەخ؛ خوێندن قەدەغەیە، چوونەدەرەوە لەگەڵ ترسدایە، سنووردارکردنەکان لە ئەندازە بەدەرن. دەبێت هەمیشە بورقەع، یان دەمامک بپۆشین. تەنانەت بۆمان نییە لەگەڵ خێزانەکەشماندا بچینە دەرەوە.

ئەنجیلا بە دەم فرمێسکەوە دەڵێت: لە ماڵەوەش لەژێر فشاردام. دایکم ڕێگام نادات بچمە دەرەوە، بەڵام ناچارم بە نهێنی بەدوای کاردا بگەڕێم. باوک و براکەم نەخۆشن، تێچووی ژیان چۆن دابین بکەم؟ من تەنیا ئومێدی خێزانەکەمم. ئانجێلا بەردەوام لە ترسی دەستگیرکردن لەلایەن تاڵیبانەوە دەژی "هەر کە تاڵیبانێک دەبینم، دڵم دادەخورپێت. ئەگەر بمگرن، نە کەسم هەیە پشتگیریم بکات، نە پارەمان هەیە بۆ ئازادکردنم. مردن لە کەوتنە دەستی تاڵیبان باشترە."

ئانجیلا دەڵێت: "تکا دەکەم ئافرەتانی ئەفغان دیپۆرت مەکەنەوە، لێرە ئافرەتان مافی ژیانیان نییە، ئێرە دۆزەخە"

هاوکاریی سیستەمی دژەئافرەتی تاڵیبان

هێلن فەرمان، چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان، گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئافرەتان بۆ ئەفغانستان بە "پێشێلکاریی ئاشکرای پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە بواری مافەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەران دەزانێت."

هێلن دەڵێت: ئافرەتان لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان بێبەشن؛ لە ئازادی، خوێندن و کارەوە بگرە تا دەگاتە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان. جەستە و پۆشاک و تەنانەت هاتووچۆشیان لەژێر کۆنترۆڵی زۆرەملێدایە. ئەوان ڕووبەڕووی مەترسیی بەردەوامی توندوتیژیی سێکسی، جەستەیی و دەروونی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، زیندان، ئەشکەنجە و تەنانەت مردنیش دەبنەوە.

مەزدا مێهرەگان، چالاکوانێکی دیکەی مافەکانی ئافرەتانی ئەفغان، ئەم پرۆسەیە نەک وەک هەنگاوێکی سیاسی یان کۆچبەری، بەڵکوو وەک کارەساتێکی مرۆیی دەزانێت. "ئەمە تەنها دەرکردن نییە، بەڵکوو ڕادەستکردنی ئافرەتانی بێپەنایە بۆ چنگی تاڵیبان. دەرەنجامەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر دەبنەوە و ئێمە هێشتا تەنها ڕووکەشی ئەم کارەساتەمان بینیوە."

 بە گوتەی ئەو، زۆرێک لەم ئافرەتانە لە ئێران لەدایک بوون یان ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لەوێ بەسەر بردووە. بەڵام هەرگیز نە بە هاووڵاتی هەژمار کران، نە لە کۆمەڵگادا جێگایان بووەوە. ناونیشانی "هاووڵاتیی بیانی" ئەوانی لە مافە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن و تەندروستیش بێبەش کرد؛ لە بەرانبەردا، ساڵانێک کاری کەمداهات، باجی بێسوود و سووکایەتیی سیستەماتیکیان ئەزموون کرد؛ سووکایەتییەک، نەک تەنها لەلایەن دامەزراوە حکوومییەکانەوە، بەڵکوو لەلایەن کۆمەڵگەشەوە بەرانبەریان دەکرا.

هێلن فەرمان، باس لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەکات کە نیشان دەدەن ژمارەیەک لەم ئافرەتانە پاش گەیشتنیان بە ئەفغانستان، پشکنین و سووکایەتییان پێ کراوە و ڕووبەڕووی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هەژاریی توند، بێماڵوحاڵی و نەبوونی کار و پشتیوانی بوونەتەوە. هەندێکیشیان لە سنوور، بە کردەوە بەجێ هێڵراون.

بە گوتەی هێلن، بەڵگە مەیدانییەکان نیشانی دەدەن کە تاڵیبان تەنانەت لە ناوچە سنوورییەکانیشدا، هەندێک لە ئافرەتە بە زۆر گەڕێنراوەکان بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ چەکدارانی خۆیان دەڕفێنن. فشاری ئابووریش خێزانەکان ناچار دەکات کچ یان منداڵەکانیان بفرۆشن. توندوتیژیی خێزانی لە بارودۆخی بێپەنایی و نەبوونی یاسادا، توندتر دەبێتەوە و ئاماری خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان بەرز دەبێتەوە. 

هێلن فەرمان دەڵێت: گەڕاندنەوەی ئافرەتان بۆ ئەفغانستان، پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ و هاوکارییە لەگەڵ سیستەمی دژە ئافرەتی تاڵیبان. حکوومەتی ئێران دەبێت دەستبەجێ دەرکردنی زۆرەملێی ئافرەتان و منداڵانی ئەفغان ڕابگرێت و پابەندی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت دەست لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان هەڵبگرێت و میکانیزمی چاودێریی جددی بۆ ڕێگریی لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئافرەتان دابمەزرێنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment