زێلێنسکی لەبارەی ڕووسیاوە هۆشداری دەداتە هاوپەیمانەکانی

ڤلۆدیمێر زێڵینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەر لە کۆبوونەوەی سەرکردە ئەورووپییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: هۆشیار بن فریوی ڕووسیا نەخۆن.

ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، بڕیار وایە سەرۆکی ئۆکرانیا بچێتە بەرلین و لەوێوە بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەشداری لووتکەی هاوبەشی سەرکردە ئەورووپییەکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکات.

زێلێنسکی پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ڕووسیا بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکی نەناوە کە نیەتی وەستاندنی جەنگی پێوە دیاربێت، بۆیە پێویستە فشار بخرێتە سەر ڕووسیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی دادپەروەرانە و سوود لە ئەزموونی ئۆکرانیا و هاوەڵەکانی وەربگیرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فێڵەکانی ڕووسیادا.

کۆبوونەوەکەی لووتکەی ئەورووپا بەو ئامانجەیە دانوستانەکان لە دژی کیێڤ نەبن و ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی ئۆکڕانیا و چۆنیەتی فشارکردنە سەر ڕووسیا بێت، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی بابەتی دابەشکردنی خاکی ئۆکرانیا و پاراستنی ئاساییشی ئەورووپایە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا جەختیان کردەوە، کە دەبێت ئۆکرانییەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

بڕیار وایە، ڕۆژی هەینی 15ـی ئاب، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەلاسکا کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەستی جەنگی سێ ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە لە 24ـی شوباتی 2022 دەستی پێ کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment