عێراق وردەکاریی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران، بۆ ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، وردەکاریی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تارانی، بۆ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاشکرا کرد و گوتی: ڕێککەوتنە تەنیا بۆ توندکردنەوەی ئاسایشی سنوورەکانە.
شەممە 16ـی ئابی 2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە نووسینگەکەیدا، پێشوازیی لە ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا قاسم ئەعرەجی وردەکاریی ڕێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێرانی داوەتە ستیڤن ڤەیگن و گوتوویەتی: ئەو ڕێککەوتنە بۆ توندکردنەوەی ئاسایشی سنوورەکانە، بە شێوەیەک لە بەرژوەندیی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا بێت و ڕێ لە قاچاخ و دزەکردن بگیرێت.
ئەعرەجی، دووپاتی کردەوە، عێراق بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت و وەکوو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی مامەڵە دەکات.
جەختیشی لەوە كردەوە، كە حكوومەتی عێراق پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان پەیڕەو دەكات و سیاسەتی كراوەیی دیپلۆماسی بەرامبەر بە وڵاتانی دۆست پەیڕەو دەكات.