بەغدا..خۆپیشاندان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بەڕێوەچوو

زیاتر لە یەک ساڵ بوو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان داوایان دەکرد، دەستکاری یاسای باری کەسی عێراق نەکرێت، چونکە پێیان وا بوو یاساکە هیچ کێشەیەکی نییە و مافی هەمووانی پاراستووە، بەڵام بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە یاساکە هەموار کرایەوە. هاوکات دوای چەند مانگێک لە پەسەندکردنی یاساکە، ژنە قوربانییەکانی بەهۆی ئەو یاسا نوێیە هاتوونەتە گۆڕەپانی تەحریر و داوا دەکەن دادگاکان هەمواری یاسای باری کەسی جێبەجێ نەکەن.
شەهد عامری چالاکوانە و خۆی بە قوربانی دەزانێت، چوار ساڵە لە هاوژینەکەی جیابوونەتەوە و منداڵەکانی بەخێو دەکات، بەڵام بەهۆی یاساکەوە، هاوسەری پێشووی هاتووە بە زۆر منداڵەکانی لێوەرگرتووەتەوە، بە گریانەوە باسی دۆخی خۆی بۆ کوردستان24 دەکات و گوتی: کەسوکارەکەم حاشایان لێم کرد، گوتیان منداڵەکان بدەوە باوکیان، بەڵام ئەو کارەم نەکرد و بەخێویانم کرد، چونکە منداڵەکانم لای من هێڵی سوورن. دەشڵێت، چۆن دەکرێت بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ دایک و ئافرەت بکەن.
یەکەم جارە لە بەغدا خۆپیشاندان لە دژی یاسایەک کە لە پەرلەمانی عێراقەوە هەموارکراوەتەوە بکرێت و داوا دەکەن یاساکە جێبەجێ نەکرێت، ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکە بەشدارن زۆرینەیان بێوەژن و کچی هەرزەکاری بە زۆر بە شوو دراون.
ساجیدە غراوی، هاووڵاتی عێراق لە بارەی پەسەند کردنی یاساکە ئاماژەی دا، زۆرینەیان لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە و بەشێکیش بە زۆر بەشوو دراون، یاساکە بە دژی خۆیان دەزانن.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی جەمیلە عیزەت باسی لەوە دەکات، کە کچەکەی لەلایەن باوکییەوە بە زۆر بە شوو دراوە، بە زۆر منداڵەکانی لێ ساندووەتەوە، دەشڵێت، ئەم یاسایە ڕەت دەکەینەوە و ژیانی ئێمەی وێران کردووە و ژیانی دایک و منداڵی کچی عێراقی لە مەترسیدایە.
لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق یاسای باری کەسی هەموار کردەوە، بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، مافی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بەپێی مەزهەب ئارەزوومەندانەیە؛ بۆ شیعەکان بەپێی مەزهەبی جەعفەریە کچی سەرووی 9 ساڵ ڕێگاپێدراوە هاوسەرگیری بکات، تەنانەت بەبێ ئامادەبوونی کەسی یەکەمی، هاوکات ژن و پیاو کە جیا دەبنەوە تەنیا ماف دەدات بە باوک، منداڵەکانی بەخێو بکات.