سوپای ئیسرائیل: دانیشتووانی شاری غەززە بۆ ناوچەکانی باشوور دەگوازینەوە

 سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان، خێوەت و پێداویستی دیکەی حەوانەوە بە دانیشتووانی شاری غەززە دەدرێت  بۆ ئەوەی بۆ باشووری کەرتی غەززە بگوازرێنەوە.

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە "سوپای ئیسرائیل بۆ پاراستن و دابینکردنی سەلامەتییان، خێوەت و پێداویستیی دیکەی حەوانەوە بەسەر دانیشتووانی شاری غەززە دابەش دەکرێت و پاشان دەگوێزرێنەوە باشووری کەرتی غەززە."

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گوتی: پێش دەستپێکردنی هێرشەکەمان، دانیشتووانی شاری غەززە، کە دوا قەڵای حەماسە، بۆ ناوچە ئارامەکان دەگوزاینەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "پێداویستییەکانی حەوانەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە ئامادە کراون، لە ڕێگەی دەروازەی کەرەم شالۆم، لە باشووری غەززەوە دەگەیەنرێنە شاری غەززە، پاش ئەوەی لە لایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت."

گوتەبێژێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی شارەکە بۆ باشووری غەززە دەربڕی و گوتی: ئەم هەنگاوە تەنیا دەبێتە هۆی زیاد بوونی ئازارەکانیان.

ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لەو هەنگاوەی ئیسرائیل دەکات کە ڕێگەی گەیاندنی خێوەت و پێداویستیی دیکەی حەوانەوە بە دانیشتووانی شارەکە دەدات، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ گەیاندنی زۆرترین بڕی پێویست لەو پێداویستیانە."

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا "هەزاران خێزان لە ئێستاوە لە بارودۆخێکی مرۆیی ترسناکدا دەژین، ئەگەر پلانی شاری غەززە جێبەجێ بکرێت، ڕەنگە تووشی دۆخێکی خراپتر ببن."

بەرپرسانی فەلەستینی و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە "هیچ شوێنێک لە کەرتەکەدا سەلامەت نییە، بە ناوچەکانی باشووری غەززەشەوە کە ئیسرائیل بڕیاری داوە دانیشتووانی شارەکە بۆ ئەوێ بگوازێتەوە."

بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی، هاوپەیمانی حەماس، ڕاگەیاندنەکەی سوپای ئیسرائیلی "بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناساند."

سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی ئیسرائیل لە هەفتەی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەوروبەری شاری غەززە زیاد کردووە. گەڕەکەکانی  زەیتوون و شوجاعییەی بە توندی بۆمباران کردووە.

حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بە گوێرەی ڕاگەیانراوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا حەماس، 1,200 کەسی کوشت و 251 کەسی بە بارمتە گرت.

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا بووتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 61,000 فەڵەستینی؛ ئەمە جگە لە قەیرانی برسییەتی و پەکخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و وێرانکردنی زۆربەی شار و گوندەکانی کەرتەکە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment