ئوسترالیا بۆ ناتانیاهۆ: هێز بەوە نییە منداڵان برسی بکەی

ئوسترالیا هێرش دەکاتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیای بەوە تۆمەتبار کرد، کە سیاسەتمەدارێکی لاوازە و خیانەتی لە ئیسرائیل کردووە.
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا بە کەناڵی گشتی ABCـی ڕاگەیاند، "هێز بە ژمارەی ئەو کەسانە ناپێورێت کە دەتوانن بیان تەقێنیتەوە یان ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە برسیەتی دەیان هێڵیتەوە."
هەفتەی ڕابردوو ئوسترالیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، دان بەدەوڵەتی فەڵەستین دەنێت، لەوکاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و ئیسرائیل تێکچووە.
هەروەها ئوسترالیا ڤیزای سیمحا ڕۆتمان، ئەندامی پەرلەمانی ڕاستڕەوی توندڕەو لە پارتی 'سەهیۆنی ئایینی' بەشدار لە هاوپەیمانی حکوومەتی نەتانیاهۆی هەڵوەشاندەوە، ئوسترالیا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە، چونکە لێدوانەکانی دەبێتە هاندانی دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئوسترالیا ئەگەر بێت و سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
ڕۆژی دواتر ئیسرائیل وەکوو وەڵامێک ڤیزای دیپلۆماتکارانی ئوسترالیای لە فەلەستین هەڵوەشاندەوە.
دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئوسترالیا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێت.
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا گوتی: دانپێدانان بە مەرجی بەڵێنەکانی دەسەڵاتی فەڵەستین دەبێت و ئاماژەی بەوەدا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە چارەنووسی گەلی فەڵەستین و "هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا نییە".
لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئوسترالیا، ئەلبانیزی جەختی کردەوە، دۆخی غەززە خراپترین کارەساتەکانی جیهانی تێپەڕاندووە، هەروەها ئیسرائیل بەردەوامە لە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئەلبانیز گوتیشی: چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترین هیوای مرۆڤایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازار و برسیەتی لە غەززە.
ڕوونیشی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردۆتەوە "پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە نەک چارەسەری سەربازی".
لای خۆیەوە، کریستوفر لوکسۆن، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین دەکاتەوە.
هەروەها ویستن پیتێرز، وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا ئاماژەی بەوەدا، حکوومەت لە مانگی ئەیلوولدا بڕیارێکی فەرمی دەدات و لە هەفتەی سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیاری خۆی دەخاتە ڕوو.
لە کۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا چەند وڵاتێک دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا ناوە.