وەزیری دەرەوەی ئێران: جەنگ و دانوستان دوانەیەکی لێک دانەبڕاون

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند، ڕوانگەی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە ڕوونە و لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکان.
چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، گفتوگۆیەکەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندا بڵاو کردووەتەوە، لەوێدا عراقچی، تێڕوانینی حکوومەت و دەزگای دیبلۆماسیی ئێرانی سەبارەت بە جەنگ و دانوستانەکان، ڕوون کردووەتەوە.
دانوستان و جەنگ، دوو ئامرازی بەردەستی حکوومەتن
عراقچی دەڵێت: ئێران هیچ کات سڵی لە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەسەر پرسی ئەتۆمی نەکردووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پلانی هەبووە و هەنگاوی ناوە. من لێرەدا ئەو ڕستەیە دووبارە دەکەمەوە کە چەندین جار گوتوومە، "تاکوو هیچ بەهەڵەتێگەیشتنێک ڕوو نەدات: هەم دانوستان و هەم جەنگ، دوو ئامرازن کە حکوومەتەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵیان دەبژێرن."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: دانوستان و جەنگ هیچ کامیان پیرۆزی یان خراپیی زاتییان نییە و بەکارهێنانیان بەندە بە بارودۆخەکەوە. دانوستان و دیپلۆماسی دوو ڕێگەی کەمتێچوو کەممەترسین، بەڵام هەندێک جار تێچوویان لە شەڕیش زیاترە. شەڕ بەگشتی، ڕێگەیەکی پڕ خەرج و تێچووە، بەڵام هەندێکجار، کاتێک دانوستان یەکسان دەبێت بەخۆ بەدەستەوەدان، ئەوا دانوستانەکە زۆر لە بژاردەی جەنگ، گرانتر دەکەوێت.
عراقچی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەندێک دۆخدا جەنگ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، پێویستە؛ لە کاتێکدا لە هەلومەرجی تردا دەبێتە هۆی سەپاندنی تێچووی ناپێویست. هەروەها دانوستان لە کاتێکدا پێویستە کە کێشەکان چارە بکات، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی سەرشۆڕی، خۆبەدەستەوەدان، یان لەکەدارکردنی شکۆی نەتەوەیی، ئەوا نەکردنی زۆر باشترە.
پابەندبوون بە بڕیارە نیشتمانییەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونی کردەوە "وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەک لە هەموو وڵاتانی تردا، جێبەجێکاری ئەو بڕیارانەیە کە لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا دەدرێن. هەرچەندە وەزارەتی دەرەوە و دەوڵەت لە پرۆسەی بڕیاردروستکردندا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و بۆچوونەکانیان دەخەنە ڕوو، بەڵام لە کۆتاییدا کاتێک بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە دەدرێت، دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن."
عێراقچی گوتی: لێکدانەوەی لۆجیکیش وا دەخوازێت کاتێک بڕیارێک بە شێوەی بەکۆمەڵ دەدرێت، هەمووان جێبەجێی بکەن. هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت چونکە دژی ئەو بڕیارە بووە، ئێستا جێبەجێی ناکات. ئەگەر نایەوێت جێبەجێی بکات، دەتوانێت دەست لەکار بکێشێتەوە و بڕوات.
دیپلۆماسیی ناوچەیی و ڕۆڵی هێز
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: دیپلۆماسیی ناوچەیی ئێران کاریگەر بووە و تێگەیشتنێکی هاوبەشی لە ناوچەکەدا دروست کردووە کە جەنگ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە، چونکە ئەمە ویستی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی ناوچەکە لاواز و پەرتەوازە بێت. تەنانەت لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، دیپلۆماسیی ئێمە سەرکەوتوو بوو لەوەی ماوەی جەنگەکە سنووردار بکاتەوە. ئەمەش بەهۆی کاری دیپلۆماسییەوە بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەنها دیپلۆماسی ناتوانێت پێش بە ڕوودانی جەنگ بگرێت. لە ڕاستیدا دیپلۆماسی زمانی بەشێکە لە هێزی وڵات، نەک سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە.
پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم
عەباس عراقچی، جەختی کردەوە لەوەی "ئێران ناتوانێت هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە تەواوی بپچڕێنێت. دوای سەفەری بەرپرسانی ئاژانس، ئێران کۆی بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە میکانیزمێکی گونجاو لەسەر بنەمای یاسای پەرلەمان نووسیوەتەوە و پێشکەشی کردووە.دواتر، ئاژانس بۆچوونەکانی خۆی نووسییەوە و بۆ ئێمەی گەڕاندەوە و ئەم هاتووچۆیە لە نێوان ئێمە و ئاژانسدا بەردەوامە.
میکانیزمی پاشەکشەی یەکلایەنە و هەڵوێستی ئەورووپا
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایدا گوتی: ئێران پێیوایە تاکە ئامراز کە لایەنی بەرانبەر، واتە ئەورووپاییەکان بۆ فشارخستنە سەر ئێران بە دەستیانەوەیە، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانە؛ هەڵوێستی ئێران لەم بارەیەوە ڕوونە:
یەکەم: لایەنی بەرانبەر مافی بەکارهێنانی ئەم میکانیزمەی نییە، چونکە دوای کشانەوەی ئەمەریکا و هەڵوێستە نوێیەکانیان، ئەوانیش بە کردەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشاونەتەوە.
دووەم: تەنانەت ئەگەر ئەم مافەیان هەبێت و بەکاری بهێنن، ڕۆڵی ئەورووپا لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا بە تەواوی کۆتایی دێت؛ لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت دوای ئەوە چییان بۆ دەمێنێتەوە؟
پەیامە دژبەیەکەکانی ئەمەریکا
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە داواکاریی دیاریکراوی پێشکەش کردووە؟
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: دەمەوێت ڕاستییەک بڵێم: لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی دژبەیەکمان پێ دەگات. لە چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی لایەنە ئەمەریکاییەکانیشدا پەیامی دژبەیەک هەن.
عراقچی ئاماژەی بەوەش کرد "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە هیچ کات قسەیەکی یەکگرتوو لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە نەبیستراوە و پەیامەکانیان بەردەوام دەگۆڕێن..من پێموایە ڕەنگە هێشتا کۆبەندێکی کۆتایی لە لایەنی ئەمەریکاییدا نەبێت و لەوانەیە ئەوان سەرقاڵی بابەتی تر بن."
دووڕێیانی جەنگ و دانوستان
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت. هەر دانوستانێک کاتێکی تایبەتی هەیە کە پێی دەگوترێت "قۆناغی پێگەیشتنی دانوستان" و دەبێت بگاتە ئەو ئاستە ئەنجا بکرێت. لە ڕوانگەی منەوە، ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە تا دانوستانێکی کاریگەر لەگەڵ ئەمەریکادا بکەین.
پێموایە ئەمەریکاییەکان هێشتا نایانەوێت بێنە ناو دانوستانێکی بەرانبەرەوە. ئەگەریش بەدوای دانوستانەوەن، دەیانەوێت ئەو شتەی نەیانتوانی لە گۆڕەپانی جەنگدا بەدەستی بهێنن، ئێستا لەسەر مێزی دانوستانەوە لە منی وەربگرن، کە بێگومان ناتوانن.