ڕۆژنامەی هارێتز: ئیسرائیل ئاگربەست لەگەڵ حەماس دەکات

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سەرکردایەتی ئیسرائیل خۆی بۆ وەڵامی حەماس ئامادە دەکات کە پێشنیازی ئاگربەستی لەغەززە کردبوو.
پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، ڕۆژنامەی 'هارێتز'ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە ، سەرکردایەتی ئیسرائیل وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنی پێشنیازکراوی ئاگربەست لە غەززە ئامادە دەکات.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، پلانی داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە ڕێگری ناکات لە دانوستان لەگەڵ حەماس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی 'جەدعون' بەم نزیکانە دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی قۆناغی نوێدا، سوپا بەردەوام دەبێت لە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر حەماس لە شاری غەززە تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
سەرچاوەیەکیش بە ڕۆژنامەکەی گوت: ئیسرائیل دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حەماس دەکات سەبارەت بەو بارمتانەی کە "لەژێر دەستیاندان."
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵ 12ـی ڕاگەیاند، دانوستانەکان لەژێر ئاگردا دەکرێن، هەموو شتێک پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەوە، یان شەڕەکە دەوەستێت یان فراوانتر دەبێت.
دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل نیگەرانن لە هەڵوێستەکانی ناتانیاهۆ و کاتز سەبارەت بە داگیرکردنی غەززە. لە کاتێکدا ئەگەری ڕاستەقینەی ئازادکردنی 8 بۆ 10 بارمتە هەیە بە زیندوویی.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل فراوانکردنی شەڕەکە بە "قومارێکی گەورە" دەزانن کە دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتە و سەربازەکان. سەرەڕای لێدوانە فەرمییەکان، تیمە دانوستانکارەکان هێشتا لێکۆڵینەوە لە وەڵامی حەماس دەکەن و گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ نێوەندگیرەکان دەکەن.
چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕاگەیاند، وەزیری بەرگریی یسرائیل کاتز، پلانی هێرشی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر شاری غەززە پەسەند کرد. هەروەها یسرائیل کاتز، فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ نزیکەی 60 هەزار سەربازی یەدەگ دەرکرد کە پێویستە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن.