وەزیری بەرگریی ئێران: ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانین

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، ڕایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و پەلامارێکی دوژمن، ئێستا مووشەکی بەهێزتر و کاریگەرترمان هەیە.
نەسیرزادە، لە پەراوێزی دیداری لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی سەربازیی بیانی لە تاران کە بەبۆنەی «ڕۆژی پیشەسازیی بەرگری» بەڕێوە چوو، بە پەیامنێرانی گوت: لە جەنگی 12 ڕۆژەی سەپێنراودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ڕووبەڕووی ئیسرائیل نەبووەوە، بەڵکوو هەموو توانای لۆجستی، هەواڵگری و پشتیوانیی ئەمەریکیش لەو جەنگەدا ئامادە و بەشدار بوون.
وەزیری بەرگریی ئێران گوتیشی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بەرگرییە 12 ڕۆژەییەدا پشتیان بە سەرچاوەی دەرەکی نەبەستبوو و هەرچی لە جەنگەکەدا بەکار هات، بەرهەمی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆی وڵات بوو. جیهان ئەو مووشەکانەی ئێمەی بینی کە چۆن ئامانجەکانیان دەپێکا و زیانی زۆریان بە ئیسرائیل دەگەیاند.
ئێستا چەک و توانای زۆر بەهێزترمان هەیە
نەسیرزادە ڕایگەیاند "ئەو مووشەکانەی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بەکار هێنران، بەرهەمی چەند ساڵ لەمەوبەری وەزارەتی بەرگری بوون؛ ئێمە ئەمڕۆ جۆرە مووشەکێکمان دروست کردووە کە توانا و کاریگەرییان لە مووشەکەکانی پێشوو زیاترە و ئەگەر دوژمن هەوڵی هێرشکردنە سەر ئێران بدات، بێگومان ئەم مووشەکانە بەکار دەهێنین."
وەزیری بەرگریی ئێران، دیپلۆماسیی بەرگری بە یەکێک لە ڕێگە ئاشتیخوازانەکانی پەیوەندیی سەربازی و بەرگری لە قەڵەم دا و جەختی کردەوە "ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دۆست پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەرگریمان دەبێت و لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە. بۆیە دیپلۆماسیی بەرگری بەشێکە لە ستراتیجییە سەرەکییەکانی وەزارەتی بەرگری."
پیشەسازیی بەرگریی ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانییە
نەسیرزادە، جەختی کردەوە لەوەی "پیشەسازیی بەرگری، پیشەسازییەکی خۆماڵییە کە ئەمڕۆ بە پشتبەستن بە خۆبژێوی، کۆششی بەردەوامی زانایانی ئێرانی، بووەتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئاسایش و شکۆی نیشتمانی."
وەزیری بەرگریی ئێران، ئاماژەی بە جەنگی 12 ڕۆژە و گۆڕانەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە کرد و گوتی: ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە پشتیوانیی بەرفراوانی سیاسی، هەواڵگری، سەربازی، ئۆپەراسیۆنی و چەکداریی ئەمەریکای هەبوو و لە کۆتاییشدا ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشداریی لەجەنگەکەدا کرد. ئێمە بە تەواوی ئاگادارین کە جگە لە ئەمەریکا، هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ناوچەکەش بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە جەنگ و پشتیوانیی ئیسرائیل کردووە؛ لە کاتێکدا ئێمە بەهۆی گەمارۆ نایاسایییەکانی ئەمەریکاوە، تەنیا پشتمان بە توانای ناوخۆیی خۆمان بەستووە."
کاریگەریی هێرشە مووشەکییەکانمان
نەسیرزادە گوتی: مووشەکەکانی ئێمە، ناوەندە سەربازییەکان، بەتایبەتی بنکە ئاسمانییەکان، ناوەندە هەواڵگرییەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە وەک دامەزراوەی وایزمەن، ناوەندی کۆنترۆڵ و فەرماندەیی لە بیئرشەبەع، باڵەخانەی مۆساد و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیان وێران کرد.
وەزیری بەرگریی ئێران، گوتی: لە سەرەتای جەنگەکەدا، ئێمە هێرشی پێچەوانەمان لە دوو بەشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان داڕشت و جێبەجێی کرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە وردە وردە بەرفراوانتر و وردتر جێبەجێ کرا؛ لە سەرەتاوە نزیکەی 60%ی مووشەکەکانمان لە سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل و پشتیوانانی تێ دەپەڕین، ئەم ئامارە لە کۆتاییی جەنگەکەدا زیانی جددی بە سیستەمەکانی بەرگریی ئیسرائیل گەیاند و ڕێژەی تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە گەیشتە %90.
متمانەمان بە ئەمەریکا و ئیسرائیل نییە
نەسیرزادە، دەربارەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بوون، ڕایگەیاند "ئەم هێرشە پێچەوانەی هەموو یاساکانی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی NPT بوو، لە ڕاستیدا هێرشەکە دەستدرێژی بوو بۆ سەر سەروەریی خاکی وڵاتێکی سەربەخۆ لە لایەن ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بەداخەوە ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی هەژموونی ئەمەریکا و هاوڕێیەتیی هەندێک زلهێزی ئەورووپییەوە، نەک هەر هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر ئەم دەستدرێژییانە نەبوو."
وەزیری بەرگریی ئێران، گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیران و جەنگ لە ناوچەکەدا داوای ئاگربەستی پەسەند کرد، بەڵام ئێمە هیچ متمانەیەکمان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و پابەندبوونیان بە بەڵێنەکانیان نییە. ئەگەر لایەنی بەرانبەر بیەوێت درێژە بە سەرکەشی و خراپەکارییەکانی بدات، ئەم جارە وەڵامی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی خاڵە لاوازەکانی دوژمن، هەمەجۆر، بەرفراوان، لەناکاو، ئازاربەخش و لە دەرەوەی پێشبینییەکان دەبێت."