وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان دەكات

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و لێژنەی باڵای ئیغاسە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووه‌، لە پێشهاتێکی نادەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتیی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەستی داوەتە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ئاماژە بەوە کراوە، بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکوو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان،  چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەروەها وەزارەتی ناخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کردووە، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیمۆگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکكەوتننامەکانی جنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:

یەکەم: حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.

دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

سێیه‌م: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال، و دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

وەزارەتی ناخۆ دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سەربەرزانەی ئاوارەکان و بە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیابوون لە ئێستا و ئایندەیان لە ڕووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیاریه‌تی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment