برسییەتی دانیشتووانی غەززەی پەرێشان کردووە

لە غەززە، برسییەتیی کارەساتبار کە بەهۆی ڕێگریی لە گەیشتنی هاوکارییەکانەوە دروست بووە، زۆرترین کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو، منداڵان و هەژاراندا هەیە.
شەممە، 23ـی ئابی 2025، ڕۆژنامەی گاردیان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بارودۆخی برسییەتی لە شاری غەززە، پاڵپشت بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو، بڵاو کردووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی گاردیاندا هاتووە "ڕۆژی هەینی، ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC)، کە ڕێکخراوێکی جیهانی ناسراوە بۆ پۆلێنکردنی ئاستی برسییەتی و بەدخۆراکی، هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەبرسامردن لە کەرتی غەززە، ئەگەر بەزووترین کات ئاگربەست جێبەجێ نەکرێت و دەستبەجێ پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراک و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان نەگەیەنرێنە دانیشتووانی کەرتەکە."
برسییەتی، دێوە بێبەزەییەکە
لەدوای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2004، تەنها چوار جار لەلایەن IPC ەوە باری برسییەتی ڕاگەیەنراوە، کە دواترینیان ساڵی پار لە سوودان بوو. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "ئەم برسێتییە بە تەواوی لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراوە، دەکرێت بوەستێنرێت و پێچەوانە بکرێتەوە."
بەرپرسانی بواری هاوکاری ڕایانگەیاندووە "دانیشتووانی شاری غەززە کە ژمارەیان لە نێوان 500 بۆ 800 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، زۆرترین مەترسیی لەبرسامردنیان لەسەرە، بە تایبەتی بەساڵاچووان و نەخۆش و منداڵان."
سەباح ئەنتەیز، تەمەن 55 ساڵ، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلەوە لە گەڕەکی توفاح، لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە ئاوارە بووە، دەڵێت: پارەم نییە بۆ کڕینی سووتەمەنی. بەیانیان و ئێواران کەمێک جاترە و پەنیر لەگەڵ ناندا دەخۆم بۆ ئەوەی لەبرسان نەمرم. چەندان هەفتەیە تامی خواردنی گەرمم نەکردووە.
ئەنتەیز، بەرزیی فشاری خوێن، شەکرە و نەخۆشیی دڵی هەیە. هاوسەرەکەی، تەمەن 60 ساڵ، زۆر نەخۆشە و هیچ کارێکی پێ ناکرێت. ئەنتەیز گوتی: کەسمان نەماوە، کەس نییە پشتگیریمان بکات یان تەنانەت خواردنمان بۆ بهێنێت. نزیکەی 10 ئەندامی خێزانەکەم لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر گەڕەکی توفاح کوژران؛ باوکم، دایکم، برازاکانم و خوشکەزاکانم، برازا و خوشکەزاکانم، هەموویان کوژران..
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل گەمارۆی سەر غەززەیان لە سەرەتای ململانێکەدا لە تشرینی یەکەمی 2023 توندتر کرد و قەدەغەیەکی تەواوی دوو مانگەیان بۆ گەیشتنی پێداویستییەکان لە مانگەکانی ئادار و نیساندا سەپاند. ئاژانسەکانی هاوکاری دەڵێن "لە هەفتەکانی ئەم دواییەدا بڕێکی زیاتر خۆراک گەیشتووەتە غەززە، هەرچەندە ئەوەی گەیشتووە، زۆر لە پێداویستیی خەڵکەکە کەمترە."
گرانییەکی لەڕادەبەدەر
ئێستا نرخی کیلۆیەک شەکر لە 100 دۆلارەوە بۆ نزیکەی حەوت دۆلار دابەزیوە، بەڵام زۆر شتی تر، بۆ 90%ی ئەو خەڵکەی کە هیچ داهاتێکیان نییە، هێشتا زۆر گرانە. بۆ نموونە کیلۆیەک تەماتە بە 30 دۆلارە.
ئیبتیسام ساڵح، تەمەن 50 ساڵ، کە دوای 20 جار ئاوارەبوون لە خێوەتێکدا لە شاری غەززە دەژی، گوتی: هیچ خواردن و سەرچاوەیەکی داهاتم نییە.. پێش جەنگ، مانگانە 100 دۆلارم لە باڵیۆزخانەی قەتەر وەردەگرت چونکە تەڵاق درابووم و کوڕێکم هەبوو. بەڵام لەوەتەی جەنگ دەستی پێ کردووە، هیچم وەرنەگرتووە."
ئیبتیسام، ڕۆژانە یەک ژەم خواردن دەخوات، کە زۆربەی کات نیسکە، هەرچەندە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دراوسێیەکی کیسەیەکی بچووک برنجی پێ بەخشیووە.
ئیبتسیام دەڵێت: هێزی ئەوەم نییە لە ڕیزی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا ڕابووەستم، جارێک لە کاتی چاوەڕوانیدا لەهۆش خۆم چووم. زۆر گەرم بوو و منیش فشاری خوێنم بەرزە. بەهۆی گەرماوە، فشاری خوێنم دابەزی و لەهۆش خۆم چووم.
بەرپرسێکی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرتاسەری غەززەی دەکرد، گوتی: ئەم خەڵکە، لێرە هیچ شتێکیان نییە، کەس نییە بەرگرییان لێ بکات و بیانپارێزێت، ئەمانە لە لێواری مەرگدا دەژین!
لە باکووری کەرتی غەززە، هەزاران کەس هێشتا لەنێو وێرانەکاندا لە خراپترین بارودۆخی مرۆيیدا دەژین، هەرچەندە داتاکانی ئەوێ بۆ IPC بەس نەبوون بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پۆلینی قەیرانەکە بدەن.
منداڵان، قوربانییەکی بێدەسەڵات
لە شاری غەززە، خێزانەکان لەسەر شەقامەکان دەخەون، یان لە شوقە قەرەباڵغ و زیانلێکەوتووەکان و خێوەتەکاندا کۆدەبنەوە کە مێش و مەگەز و نەخۆشییە گوازراوەکان تێیدا بڵاون. زبڵ لە هەموو شوێنێک کەڵەکە بووە و دووکەڵی خنکێنەری سووتانی پلاستیک کە بۆ ئامادەکردنی خواردن دەسووتێنرێن، دەبێتە هۆی کۆکە و تەنگەنەفەسی.

ڕیهام کرێم، تەمەن 35 ساڵ، لەگەڵ هاوسەرە بێکارەکەی و 10 منداڵەکەیان کە تەمەنیان لە نێوان دوو بۆ 18 ساڵدایە، لە خێوەتەکەیاندا لە شاری غەززە دەژین. سێ مانگ لەمەوبەر ناچار بوون ماڵەکەیان لە 'بێت حانون'، ئەو شارۆچکەیەی کە ئێستا تەخت کراوە، بەجێ بهێڵن. هێرشێکی سەربازیی ئیسرائیل لە نزیک ئەو قوتابخانەیەی کە پەنایان بۆ بردبوو، ئەوانی بەرەو شاری غەززە ڕاونا.
کرێم گوتی: لە سێ مانگی ڕابردوودا، هیچ پارە و هاوکارییەکمان وەرنەگرتووە. چیتر پارەمان نییە بۆ کڕینی هیچ شتێک، سەرەڕای ئەوەی نرخەکان دابەزیون. منداڵەکانم داوای زۆر شت دەکەن، دەیانەوێت شیرینییان بۆ دروست بکەم؛ بەڵام ناتوانم.. ڕۆژانە تەنیا دوو ژەم خواردن دەخۆین. ئەم بەیانییە، قاپێک نیسکم لێنا و ئەوەمان خوارد. زۆربەی کات جاترە و پەنیر لەگەڵ ناندا دەخۆین و هەندێک جاریش تەنیا نانی وشک دەخۆین.
کرێم دەڵێت: دوێنێ، کوڕەکەم چوو بەدوای هاوکاریدا بگەڕێت و کیلۆیەک ماکارۆنی و قاپێک دۆشاوی تەماتەی دەستکەوت؛ گەنجێک بەزەیی پێدا هاتبووە و لە بەشەکەی خۆی پێی دابوو، ئەوە وەک جەژن وابوو بۆ ئێمە.
ئیسرائیل دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکەی IPC ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت هیچ برسێتییەک لە غەززە نییە و ئەو ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای بانگەشەکانی حەماس ئامادە کراوە، کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە بەرژەوەندیخوازەکانەوە سپی کراونەتەوە.