خورشید هەرکی پەیامێک ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی دەکات

کەسایەتییەکی دیاری هۆزی هەرکی لە وەڵامی سەرۆکی یەکێتیدا دەڵێت: هیوادارم کێشەی خۆیان بە هی ئێمە نەبەستنەوە، کێشەی ئێمە کۆمەڵایەتی بوو نەک سیاسی. گوتیشی: پارتی هەمیشە سەلماندوویەتی کە هێزی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، خورشید هەرکی، کەسایەتییەکی دیاری هۆزی هەرکی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پەیامەکەم بۆ بافڵ تاڵەبانیە، ئەو کێشەیەی ئێمە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو نەک سیاسی، هەروەها کێشەیەکەمان لەسەر زەویوزار بوو، بۆیە دواکارام لە سەرۆکی یەکێتی کێشەی خۆیان بە هی ئێمە نەبەستەوە".
ئەو کەسایەتییەی هۆزی هەرکی دەڵێت: دیپلۆماسییەتی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وای کردووە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارە بکرێن، هەروەها کێشەکەی ئێمەش بەرەو چارەکردن دەچێت.
هاوکات گوتی: %75ـی هاووڵاتییانی هۆزی هەرکی، لەنێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، چونکە پارتی هەمیشە سەلماندوویەتی کە هێزی یەکەمە لە هەرێم.
هەرکی، جەختی لەوە کردەوە، سەرۆک بارزانی هەر بڕیارێک بدات ئامادەن پابەندی بن و جێبەجێی بکەن. هەروەها هیوادارە سەرۆک بارزانی کێشەکەی سلێمانیش بە زووترین کات چارە بکات.
هەر لە بارەی سەرۆک بارزانییەوە، خورشید هەرکی گوتی: سەرۆک بارزانی مەرجەعی باڵای هەرێمی کوردستانە، من پێشمەرگەی جەنابی سەرۆکم، هەروەها لەسەر ڕێباز و بەرنامەی جەنابیان بەردەوام دەبم.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.