ئاراس شێخ جەنگی: هێزێکی کۆماندۆ چوونەتە سەر ماڵەکەم و تاڵانی دەکەن

ئاراس شێخ جەنگی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە گوندی کەلکان، هێزێکی کۆماندۆ چوونەتە سەر ماڵەکەم و دەرگایان شکاندووە.
ئاراس شێخ جەنگی گوتیشی: نزیکەی کاتژمێرێکە چەکدارەکانی کۆماندۆ لە گوندی کەلکانی سنووری شاری کۆیە، پاش هەڵکوتانە سەر ماڵەکەم و شکاندنی دەرگا و پەنجەری خانووەکەم، کەوتوونەتە بارکردن و تاڵان کردنی کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەم.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی برای ئاراس شێخ جەنگی، جوڵاند و دواجار لە گەڕەکی سەرچنار و لە هوتێل لالەزار، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی و هێزەکەی لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای سێ کاتژمێر لە ڕووبەڕوو بوونەوە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و چەکدارەکانیان خۆیان ڕادەستی هێزەکەی یەکێتی کرد.