دەم پارتی داوا دەکات کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە
دەم پارتی نیگەرانیی خۆی لەبارەی کەمبوونەوەی دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەردەبڕێت. داواش دەکات، کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵی کۆببێتەوە.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا، کۆمیسیۆنی "دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی" لە پەرلەمانی تورکیا شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. لەم کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمان و ژمارەیەک لە مافناسانیش بەشدار دەبن.
دەم پارتی ڕایگەیاندووە، دۆخی پرۆسەی ئاشتی "نالەبارە" و جەختیان لەوە کردووەتەوە، دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دوورگەی ئیمرالی زیندانیکراوە، کەمیان کردووە. ئەوان داوا دەکەن کە کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شرنەخ، ئاماژەی بەوە دا، ئەوان خوازیارن پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام. گوتیشی، "ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە گرنگە و وەک دەم پارتی هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە ئاشتییانە بگاتە ئەنجام." ناوبراو هەروەها داوای کرد کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرسی کورد دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد کایا، سەرۆکی پارتی 'ئینسان و ئازادی' ئەوەی خستەڕوو، پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان بەشداری کارا لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن. باسی لەوەش کرد "نابێت ئەم پرۆسەیە تەنها لە دەستی یەک لایەندا بێت، بەڵکوو دەبێت هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بە شێوەیەکی چالاک بەشداری تێدا بکەن."
سیاسەتمەدارانی کورد لە دەرەوەی دەم پارتیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کاتی ئەوە هاتووە مافە ڕەواکانی کورد لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا بێنە بەر باس و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەنەکان بە یەکەوە کار بکەن.
شایەنی باسە، چاوەڕێ دەکرێت دووسبەی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، شاندێکی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و پارێزەرێک، سەردانی ئیمرالی بکەن بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان.