شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ ڕێبوار تهها: شەڕی من لەگەڵ خەڵکی شۆڤێنی داگیرکەرە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێک ئاراستەی پارێزگاری کەرکووک دەکات و دەڵێت: حەزم بە ململانێ و شەڕەدەنووک نییە لە نێوان خۆمان وەک کورد، شەڕی من لەگەڵ خەڵکی شۆڤێنی داگیرکەرە.
هەینی، 29ـی ئابی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی ڕەخنەکانی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند: "حەز بە ململانێ و شەڕەدەنووکی نێوان کورد و کورد ناکەم، شەڕی من لەگەڵ خەڵکی شۆڤێنی داگیرکەرە، ئێوە وازتان لە هەموو ئەرکێکتان هێناوە و خەریکی وەڵامدانەوەی منن، خۆزگە لەجیاتی ئەوە، نووسراوێکتان ئاراستەی وەزارەتی کارەبا دەکرد و دەتانگوت، کاک شاخەوان چیدیکە خۆت و خەڵکی ئەو ناوچانە نیگەران مەبن ئەوا ئەو بڕیارەم هەڵوەشاندەوە کە تاوەکوو ئێستا نەتکردووە."
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک گوتوویهتی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هیچ شتێکی بۆ کەرکووک نەکردووە، له بهرانبهردا شاخەوان عەبدوڵڵا بە چەند خاڵێک وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
یەکەم- گەورەترین پرۆژەی من لە کەرکووک هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، بەشێوەیەک کە لە کەرکووکیش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ڕاکان جبووری نەمێنێت و جەنابت ببیتە فەرمانبەری پارێزگای کەرکووک کە 20 ساڵە هەڵبژاردن نەکراوە.
دووەم- لە هەمووی گرنگتر جەنابت و پێنج پەرلەمانتاری دیکەی کورد، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تاوەکوو ساڵی 2021 لە بەغدا بوون، بەڵام ڕۆژانە سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکرا و ئەگەر میدالیای قەد ئاوێنەی سەیارەش بوایا لێیان دەکردەوە، بەڵام من وێڕای هەموو هەڕەشەکان لە مانگی 9ـی ساڵی 2021، ئاڵام هێنایەوە کەرکووک و سەرەتا لەسەر نووسینگەی خۆم بهرزم كردهوه، دواتریش لهسهر بارەگاکانی پارتی دیموكراتی كوردستان بهرزمان كردهوه دوای گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک.
سێیەم- وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ پارێزگاری کەرکووک، یەکێکی دیکە لە پرۆژە گەورەکانم بۆ کەرکووک و دەوروبەری تاوەکوو مەندەلی و خانەقینیش، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس و گەڕانەوەی زەوییەکان بوو بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
چوارەم- پرۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ گەڕەکە کوردییەکان کە خەڵکی کەرکووک باش دەزانن ڕێگە نەدەدرا پرۆژەیان بۆ بکرێت بە بیانوی ئەوەی ئەو گەڕەکانە تەجاوزن، بەڵام لەمانگی 4ـی ساڵی 2022 نوسراوێکمان ئاراستەی مستهفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کرد کە ئەو گەڕەکانە واقیعحاڵن و لەسەر بنهمای ئەوە بڕیار درا پرۆژەکانیان بخرێته بهرنامهی كار و دەستکرا بەدروستکردنی شەقام و کۆنکریتکردنی گەڕهکە کوردییەکان.
پێنجەم- پرۆژەی ئاوی پەنجاعلی کە 20 ساڵە ئاوی سوێر دەخۆنهوه و بێ ئاوی پاك و خواردنهوه بوون، ئێمە سەرەڕای ڕێگرییەکانی ڕاکان جبووری، ئەو پرۆژەیەمان ئەنجام دا و ڕەزامەندی وەزیری شارەوانیمان هێناو تێچووەکەیشی دابین کرا، سوپاس بۆ خوا کێشەی کەمئاوی لەو گەڕەکە چارەسەر کرا، جگە لەوە پرۆژەی لێدانی چەندین بیر لە گەڕەکی ڕزگاری (فهیلەق)، هەروەها کۆنکریتکردنی سەدان کۆڵان و دابینکردنی دەیان بگۆڕ (محاویلە)ـی کارەبا بۆ گەڕەکە کوردییەکان و دروستكردنی شەقامی جووتسایدی پەنجا عهلی کە لە گەڕەکێکی ترەوە گواستمانەوە بۆ پەنجا عهلی و دەیان پرۆژەی دیکە.
شەشەم- لەسەر ئاستی نەتەوەیی، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی مادەی 140 دوای 12 ساڵ لە ڕاگرتنی و دەستپێکردنەوە بە قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان و هێنانی بڕیاری پارچە زەوییەک بۆ ئاوارەکان .
حەوتەم- تێپەڕاندنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
هەشتەم- هەمواری هەردوو پرۆژە یاسای شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان .
نۆیەم- وەرگرتنەوەی 375 ملیار دیناری جووتیارانی کوردستان كه هی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 بوو و جێکردنەوەی لە یاسای ئاسایشیی خۆراک.
دەیەم- نەهێشتنی سەربازگەی شۆراو و هێرشکردن بۆ گەڕەکە کوردییەکان لە نیوهشەودا، ههروها سەدان پرۆژەی دیكهی گەورە کە بە هەموو ئەو بەرپرس و ناوە گەورانەی کورد لە بەغدا بوون، نەکرا ئێمە کردمان.
یازدە- تەرخانکردنی بودجە بۆ لیوای 20ـی هاوبەش و تەواوکردنی مامەڵەکانیان کە بەهۆیەوە 3700 گەنجی ئێمە دامەزران .
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتوویهتی: ئەوە بەشێکی کەمە لە پرۆژەکانی من، بەڵام جەنابت پێم بڵێ جگە لە هەڵگرتنەوەی کلینس و مەقەبا و تەسلیمکردنی قەزای دووبز و داقووق و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک بە برایانی حەویجە ، ماوەی ساڵێکە چ پرۆژەیەکی دیکەت بۆ کەرکووک کردووە، من ڕێبوارێکم دەویست قائید بێت نەک کارمەند.
لە کۆتاییدا خۆزگە لە پاڵ وەڵامدانەوەی من، وەڵامێکی دوایین بابەتی (محهممهد تهمیم)ـتان دەدایەوە یاخود وەڵامی محهممهد حەلبووسیتان دەدایەوە کە لەناو کەرکووک و لە شارێکی زۆرینە کوردیدا، سووکایەتی بە حوکمی کوردی و سەرکردەکانی کورد کرد.