سوپای پاسداران: شانەیەکی مۆسادمان لە مەشهەد دەستگیرکرد

سوپای پاسداران
سوپای پاسداران

سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت: شانەیەکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی(مۆساد)ـیان دەستگیرکردووە، پلانیان بۆ چەند هێرشێک داڕشتبوو لە پارێزگای مەشهەد.

ئاژانسی هەواڵی(تەسنیم)ـی ئێران، بەیاننامەیەکی پەیوەندییە گشتییەکانی فەیلەقی ئیمام ڕەزای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی دامەزراوەی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە خوراسانی ڕەزەوی(مەشهەد)، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی دادوەری، 8 کەسیان دەستگیرکردووە کە سەر بە دامەزراوەی هەواڵگریی(مۆساد)ـی ئیسرائیلن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەندامانی گرووپەکە لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، لە 12 ڕۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانیش، زانیاریی هەستیاریان گەیاندووەتە ئیسرائیل، لەگەڵ زانیاریی سەبارەت بە ئەفسەرە باڵاکانی سوپای ئێران بە ئەفسەرانی هەواڵگریی ئیسرائیل.

بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستکەتوون، ئەو 8 کەسەی دەستگیرکراون، پێشتر پلانیان داڕشتبوو کردەوەی چەکدارایی دژ بە هاووڵاتییانی و ئەفسەرانی ئێران ئەنجام بدەن، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی  چەند ناوەندێکی گرنگ لە مەشهەد، بەڵام بەرلەوەی هێرشەکان ئەنجام بدەن، هێزەکانی ئێران دەستگیری کردوون، لە دەستگیردنیشیاندا، دەستیان بەسەر چەند چەک و تەقەمەنییەکدا گرت کە لای 8 کەسەکە بوون.

لە بەیاننامەکەدا، پەیوەندییە گشتییەکانی فەیلەقی ئیمام ڕەزا داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لەهەر حاڵەتێکی نا ئاسایی کە بینیان، ئاگەداریان بکەنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment