جووتیارانی کورد لە کەرکووک لەلایەن دادگا و هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت

دادگای کەرکووک دەستی کردووە بە بانگهێشتکردن و دادگاییکردنی یەک لە دوای یەکی جووتیارانی کورد لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان، کە داوا دەکەن ئەو جووتیارانە سزا بدرێن. ئەم هەنگاوە نیگەرانییەکی زۆری لە سنووری کەرکووک، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سەرگەڕان و پەڵکانە، دروستکردووە.

دەشتی ئاغا، کەسایەتییەکی دیاری گوندی پەڵکانە و یەکێکە لەو جووتیارانەی بانگهێشتی دادگا کراوە، بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاوانەکەی ئەو تەنیا ئەوەیە کە زەوییەکەی خۆی کێڵاوە." ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو زەوییانە "لە باب و باپیرانەوە بۆی ماوەتەوە و بووەتە میرات"، بەڵام عەرەبێکی هاوردە سکاڵا لە یەکێک لە میراتگران دەکات و دادگا بانگهێشتی دەکات.

دەشتی ئاغا گوتیشی، "بەش بە حاڵی خۆم چەندین جارە بە ناهەق سکاڵام لێ بکرێت." ئەو ڕوونیکردەوە کە عەرەبەکان خاوەنی زەوییەکە نین، بەڵام "لە سەردەمی بەعسدا گرێبەستیان بۆ کراوە کە گوایە ئەو زەوییانە موڵکی ئەو عەرەبە هاوردانەن." ئەمەش ئاماژەیە بۆ سیاسەتی تەعریبکردنی ڕژێمی پێشووی عێراق کە لەو ناوچانەدا پەیڕەو کراوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە گوندی پەڵکانەوە پاڵپشتی خۆی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و جەختی کردووەتەوە "ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ نووسراوی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو گرێبەستانەی عەرەبی هاوردە کردووە و هەموو جووتیارە کوردەکان ئازاد دەکرێن و سکاڵاکانیش هەڵدەوەشێنرێنەوە."

بەپێی زانیارییەکانی جووتیارانی کورد، کێشەی زەوی و زار لە سنووری سەرگەڕان و پەڵکانە بەردەوامە و "هێزە ئەمنییەکان و دادگا پاڵپشتی عەرەبە هاوردەکان دەکەن." جووتیارانی کورد دەشڵێن: "سەدان ساڵە لەسەر ئەو زەوییانە داین و زەوییەکان هی خۆمانە و دڵنیاین لێی بەڵام دادگا بۆ هەمووان یەکسان نییە لە ناوچەکانی ئێمەدا."

بۆ ئەمساڵیش، ڕێگە بە جووتیارانی کورد نەدراوە زەوییەکانیان تۆو بکەن و هەروەها بە هیچ جۆرێک ڕێگەی دروێنەکردنیشیان پێنەدراوە، ئەمەش زیاتر قەیرانی بژێوی ژیانی جووتیاران و خێزانەکانیانی قوڵتر کردووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment