گوتەبێژی جەهەپە بۆ کوردستان24: شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەرلەمانە
لەکاتێکدا ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە رۆژەڤی تورکیا و باکووری کوردستانە. گوتەبێژی جەهەپە دەڵێ؛ ئەگەر دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن، با بە نهێنی نەبێت و پەرلەمانی تورکیا و پارتەکان چارەسەری بکەن.
K24 - ئەنقەرە
له بارهی دووباره دهستپێكردنهوهی پرۆسهی ئاشتی له توركیا و باكووری كوردستان، ههروهها پرسی ئازادكردنی سهلاحهدین دهمیرتاش، فایهق ئۆزتراك گوتهبێژی پارتی گهلی كۆماری (جهههپه) بۆ كوردستان24 قسهی كرد و رایگهیاند: "شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەرلەمانە".
لە رۆژەڤی سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان، ئێستا دوو مژار گەرمن: یەکەم، ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، دووەمیشیان بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).
لەکاتێکدا ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە رۆژەڤە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە دەڵێ، ئەگەر دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن، با بە نهێنی نەبێت، با پەرلەمانی تورکیا و پارتەکان چارەسەری بکەن.
فایەق ئۆزتراک، لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی پارتەکەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردستان24ـی دایەوە "تێڕوانینی ئێوە لەسەر گفتوگۆکانی پرۆسەی چارەسەری چین؟ ئەگەر پرۆسەکە دەستپێبکات، رۆڵ و هەڵوێستی جەهەپە چۆن دەبێت؟". ئەو، رایگەیاند "شوێنی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، پەرلەمانە".
ئۆزتراک گوتی "ئێمە لەسەرەتاوە وا دەڵێین: پرۆسەیەک کە بە شاراوەیی و دزیەوە دەکرێت، کێشەکانی گەلەکەمان چارەسەر ناکات، ئەگەر دەیانەوێت مەسەلەی کورد چارەسەر بکەن، شوێن پەرلەمانە. دەبێت ئەو چارەسەرییە لە هۆڵی کۆبوونەوە لەلایەن پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و هەموو پارتەکاتی دیکە بێت".
سەبارەت بە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش و وەڵامی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە رایگەیاندبوو ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەن، ئۆزتراک گوتی: "تورکیا ئیدی دەوڵەتی دەستوور نییە... ئێستا (ئەردۆغان) هەڵدەستێتەوە و دەڵێ، بڕیاری دادگا نازانم، ئەمەش گۆڕین و حیساب بۆنەکردنی دەستوورە".
جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و، دواتر لێدوانەکانی ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا، لەلایەن پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، رەخنەی زۆری لێدەگرێت. سەرۆکانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئاماژە بەوە دەدەن، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بڕیاری دواییە و، تورکیاش کە ئەو بڕیارەی واژۆکردووە، ناچارە جێبەجێی بکات.
هـ.ر.