سینه‌ماكه‌ی سه‌رۆك!
من هه‌رگیز حه‌زم له شه‌ڕه ده‌نووك نییه، قه‌ت حه‌ز ناكه‌م له‌و قه‌ڵه‌مانه بم كه ئاگری شه‌ڕ خۆش ده‌كه‌ن و نێوانی حیزب و خێڵ و به‌ره‌باب و ده‌سته و تاقمه‌كان تێك ده‌ده‌ن، ئه‌سڵه‌ن ڕقم له‌وانه‌شه!
خۆ پێم خۆش نییه تۆ خراپه بكه‌یت تا من تانه‌ت لێ بده‌م و ڕه‌خنه‌ت لێ بگرم، ده‌مه‌وێ چاكه بكه‌یت و پیاتا هه‌ڵده‌م، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌مووتان برا بن و كه حه‌شد یان هه‌ر ئاژه‌ڵ و دڕندهیهكمان بۆ هات، نیوه‌یه‌ك شه‌ڕ نه‌كات و نیوه‌كه‌ی تر ڕێ بۆ (سه‌ربازه لاتهكانی ئیمام زه‌مان) خۆش بكات! ده‌ی ئه‌مه خۆش نییه له حه‌وشه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی تۆوه، هاوه‌نه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نهّصب بكرێ و سه‌نگه‌ره‌كانی به‌قه‌ولی خۆتان (چه‌كداره‌كانی پارتی)، پێ بۆمبباران بكرێت!
جاكه تۆ وا ده‌كه‌ی، من ناتوانم به جاش، جاش نه‌ڵێم، به دز، دز نه‌ڵێم، به پیاوه‌كانی قاسمی سوله‌یمانی خۆفرۆش نه‌ڵێم، نه‌وه‌یه‌كتان پێگه‌یاندووه، هۆڕ هۆڕ به‌دیار ڕووخاندنی كۆنه سایلۆیه‌كی سلێمانییه‌وه ده‌گریا و شعر و شانامه‌ی به‌سه‌ردا ههڵدهوت، كه‌چی له‌به‌رچاویدا كه‌ركووكتان فرۆشت به حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌و قاقا پێده‌كه‌نی و موژده‌ی فه‌تحی هه‌ولێریشی له فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه بڵاو ده‌كرده‌وه!
ئێوه له‌داخی پارتی خۆپیشاندانتان بۆ عفرین ده‌كرد، نه‌ك له خه‌می نیشتمان، له ڕقی پارتی ده‌چوون بۆ نه‌ورۆزی قه‌ندیل، نه‌ك له باوه‌ڕبوون به جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌نانه‌ت كه یه‌ك وشه‌ی كرمانجیشتان نه‌ده‌زانی، له‌داخی پارتی ئه‌ی ڕه‌قیب-تان به میلۆدی قه‌ندیل ده‌وت (كه‌س نه‌بێ كوردێن مرن كورد ژین د بن!ژین دبێ قه‌ت ناكهڤێ ئالا كوردان!) ده‌ی هه‌ر له‌داخی پارتی به هاوڕێتان ده‌وت هه‌ڤال، ئێوه كه تهڤلیا هه‌موو شت بوون،ته‌نیا له داخی پارتی بوو، ئه‌مڕۆش ئاوا شه‌رمه‌نده و سه‌رشۆڕ دۆش داماون،ناچارن بۆ كردنه‌وه‌ی ئۆفیسێكی سێ به‌چواری حیزبه‌كه‌تان له ئه‌نكارا، سه‌د باره‌گا و ڕۆژنامه و سینه‌ما له سلێمانی داخه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێوه پارتیتان پێ ته‌عن ده‌كرد و منداڵاتان لێ هان ده‌دان و به جاشی توركیاتان ناو ده‌بردن، پارتی به بیست و حه‌وت ساڵ بۆ توركیای كرد بوو،كه‌چی ئێوه به سێ حه‌فته كردتان و هێشتاش هه‌ر لێتان ڕازی نین، ئێوه ده‌بێت سه‌ری په‌كه‌كه‌یان بۆ ببه‌ن،ئه‌وجا فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و ئۆفیسه‌كه‌ی ئهنكاراتان بۆ ده‌كه‌نه‌وه!
ئه‌وه‌نده كه‌پر و خێمه و جه‌ریده و ورده باره‌گا و خۆپیشانداندانی بێتامتان له‌داخی پارتی بۆ په‌كه‌كه سازدا، ئێستا بۆ داخستنی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌بێت شه‌ش مه‌فره‌زه ئاسایش بنێرن! دادهیهكی ده‌مپیس و جنێوده‌ری ئه‌و باره‌گایانه‌ش كه ئه‌وسا ده‌یویست به پێ بچێ بۆعفرین و جیقه جیقێكی نابووه‌وه ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بوو،ئێستا بێده‌نگ بێده‌نگ لێی دانیشتووه و نه ماراسۆنه‌كه‌ی عفرین و نه جیقه جیقهكهی جارانیشی ماوه، ئه‌گه‌ر له هه‌ولێر باره‌گایان دابخرێت، ده‌ڵێن: چه‌كداره‌كانی په‌ده‌كه دایخست و له پێش په‌رله‌مان هه‌را ده‌نێنه‌وه، به‌ڵام كه له‌سلێمانی پهتپهتییان پێ ده‌كرێ، ده‌ڵێن: ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم باره‌گاكانمان داده‌خات! جا هه‌ر كه‌سێك له‌م جۆره په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌بێت، له زمانی كوردیدا پێی ده‌ڵێن: ئه‌مانه سه‌ر و بنی كڵاشێكن!
ئاخر ناكرێ له كه‌ركووك جاشایه‌تی و له قه‌ندیل كوردایه‌تی، ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك ده‌بووه جاش و پێشقهرهوڵهی حه‌شدی شه‌عبی، نابێت له خۆپیشاندانێكی سه‌هۆڵه‌كه بۆ كوبانێ،بكرێته ڕۆسته‌می زاڵ! ئێوه چیتان له‌و خه‌ڵكه كردووه؟ ئه‌م جادووه چییه؟ ببینه له‌سه‌ر ئێوه چۆن جنێو به من ده‌ده‌ن، ئاده‌ی سه‌یرێكی كۆمێنتی سه‌ر په‌یجی كوردستان بیست و چوار بكه‌ن، بزانن ئه‌و گه‌نجانه‌تان چۆن ده‌به‌نگ كردووه، یانی ئێوه ته‌نیا ئه‌و شتانه‌تان پێ ڕه‌خنه‌یه كه له پارتی گیرابێت، ئه‌و جنێوهتان پێ به‌رخودانه كه به پارتی درابێت، هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك له پارتی نه‌گیرابێت، ئیتر كۆیلایه‌تییه، ئه‌م دۆخه‌ی به‌سه‌ر مێنته‌ڵێتی و بازاڕی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانتاندا هێناوه، بۆ من مایه‌ی ناڕه‌حه‌تییه!
ده‌ی خۆ كه ئێوه نه‌وت ده‌فرۆشن و به قاچاخ ده‌یبه‌ن بۆ ئێران و لای ترامپ ئابڕوومان ده‌به‌ن، من یه‌ك زه‌ڕڕه كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نیه،به‌س ئه‌وه‌م لا ناخۆشه كه به دوو قۆناغدا ڕۆشتوون،قۆناغێكیان ده‌تان وت:هه‌ر كورد بووین و هه‌ر كورد ده‌بین، منیش له‌گه‌ڵتان ده‌موته‌وه و كۆڵێكیش شانازیم پێوه ده‌كردن،به‌ڵام دواتر كه له‌گه‌ڵ (هه‌ر كورد بوون)دا، شتی تریش بوون، ئه‌مه منی تووڕه كرد! ئاخر چۆن ده‌بێت كه‌سێك له كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه سرودی "داگیركه‌ری دڵ پڕ له‌قین، دڕنده‌ی بێ ویژدان و دین" لێ بدات و له ڕه‌شاد و حه‌ویجه‌ش شار بفرۆشێت به‌و دڕنده‌ی بێ ویژدان و دینه‌ی ناو سروده‌كه‌ی؟
ئێوه چ نوشتهیهكتان له‌و خه‌ڵكه كردووه؟ كابرایه‌ك له قه‌ڵادزه لافیته‌یه‌كی گرتبوو به‌ده‌ستییه‌وه و لێی نووسیبوو: به‌ڵێ بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له به‌عشیقه، كه‌چی پێیان وتم خۆی زیاتر له دۆنمێكی باخه‌كه‌ی له سنوری قه‌ڵادزه سه‌رده‌شت، سوپای پاسدارانی تێ هاتبوو هیچی نه‌ده‌وت!
ئێوه له سه‌هۆڵه‌كه‌وه خۆپیشاندانتان بۆ ده‌ركردنی بنكه و باره‌گای تورك ده‌كرد له بامه‌ڕنی و شیلادزێ، كه‌چی خۆتان كه ئه‌م هه‌موو فیلمه به‌رهه‌م دێنن، سینه‌ماش داده‌خه‌ن؟ من "حورمه‌ت"م هه‌یه بۆ جه‌نابی سه‌رۆك، ده‌بوو له گهشتهكهیدابه ئه‌ردۆگانی بوتایه: سه‌ین باشكان: خۆی ده‌بێت ئه‌م شتانه سینه‌مای بۆ دروست بكرێ، نه‌ك سینه‌مای بۆ دابخرێ!