له‌مه‌دا چه‌ند كورد ده‌كوژرێ؟
كار و پیشه‌ی بیست ساڵ پێشتری هه‌ر عێڕاقییه‌ك بپرسه، حه‌تمه‌ن له جێیه‌ك سه‌رباز بووه. ئه‌گه‌ر بۆ شه‌ش مانگیش بوو بێت، چه‌كی پێ بووه. له كه‌تیبه‌یه‌كدا، له فیرقه‌یه‌ك، له جه‌نگ و جه‌بهه‌یه‌ك به‌شدارییه‌كی كردووه، خۆ ڕه‌نگه له چییایه‌كی كوردستان، دوو فیشه‌كی نابێت به كوردێك یان سرووشتی كوردستانه‌وه!
عێراق، كاتێك باشترین سوپای هه‌بوو، نه‌ك هه‌ر به‌هێز، به‌ڵكو دڕنده و تۆقێنه‌ریش بوو، كه‌چی هه‌ر به ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا ڕووخا. ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ده‌وڵه‌ته زه‌به‌لاحه‌ی كه ته‌نیا به 12% سوپاكه‌ی چۆكی به سه‌دام دادا. تۆ ببینه، ته‌نیا سه‌ددی دوازده‌ی سوپاكه‌ی و سه‌ددی چواری توانا سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كه‌ی به‌كارهێنا، دڕنده‌ترین ڕژێمی عێراقییه‌كانی تێك‌شكاند!
ئه‌م ده‌وڵه‌ته زه‌به‌لاحه، له جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه تا ئێستا، بۆ هیچ شه‌ڕێك سه‌رتر له سه‌ددی 15ی سوپاكه‌ی و سه‌رتر له سه‌ددی 10 توانا سه‌ربازی و لۆجستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی به كارنه‌هێناوه و هه‌موو هێز و ده‌وڵه‌ت و ڕژێمێكیشی هاڕیوه. كه‌چی كه‌سانێك كه له سه‌رده‌می سه‌دامدا هه‌ڵهاتبوون و ده‌ره‌قه‌تی سوپاكه‌ی به‌عس نه‌ده‌هاتن، ئێستا هه‌ڕه‌شه له سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن و به‌رده‌م باره‌گا و باڵوێزخانه‌ی لێ ده‌گرن و به به‌رد و جنێو ده‌یانه‌وێت بیڕووخێنن یان ده‌ری بكه‌ن. ڕه‌نگه هیچ میلله‌تێك له‌م جیهانه‌دا نه‌بێت، بیه‌وێت شه‌ڕی میلله‌تێك بكاته‌وه كه پێشتر ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتووه، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپایه‌كدا بكاته‌وه، كه پێشتر له‌وپه‌ڕی به‌هێزیشیدا پێی دۆڕاوه!
عێراقییه‌كان، ئه‌و میلله‌ته‌ی كه ئه‌زموون له هیچ ڕۆژگارێكی خۆیان وه‌رناگرن. هه‌میشه له حه‌ماسه‌تێكی پووچ و هێزێكی تێكشكاوه‌وه به گژ به‌هێزترینه‌كانی دونیادا ده‌چن. هه‌میشه ده‌دۆڕێن و هه‌ر ده‌ڵێن (لبیك) هه‌ر ده‌شكێن و ده‌ڵێن (یعیش)، هه‌ر ده‌كوژرێن و ده‌ڵێن (الموت لل...)، سه‌د ساڵه ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان دروست كراوه و یه‌ك ڕۆژ چێژیان لێ نه‌بینیوه، به‌رده‌وام هه‌ر له شه‌ڕدا بوون. شه‌ڕی ئینگلیز، شه‌ڕی ڕووس، شه‌ڕی عوسمانی، شه‌ڕی جوو، شه‌ڕی خۆیان، شه‌ڕی كوشتن و سڕینه‌وه‌ی كورد، هه‌ر شه‌ڕ و هه‌ر شه‌ڕ و هه‌ر شه‌ڕ. هه‌رگیز جه‌ژنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی ناگێڕن، به‌ڵكو گه‌وره‌ترین جه‌ژنی نیشتمانی‌یان ڕۆژی دامه‌زراندنی سوپایه. شه‌ڕ، كوشتار، تۆپ و ئاگر، گرنگترین كه‌ره‌سته‌كانی جه‌ژن و خۆشبه‌ختییه به‌لایانه‌وه! ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنه بۆیان، هه‌موویان چه‌ك هه‌ڵده‌گرن، به یه‌ك فه‌توا په‌نجا و دوو میلیشیایان وه‌ك به‌ڵای عێراق دامه‌زراند.
هه‌میشه به سوپاكه‌یان ده‌ڵێن (قواتنا المسلحة الباسلة) كه‌چی له مێژووه‌كه‌یاندا هیچ شه‌ڕێك نییه ئه‌م سوپایه تیایدا براوه بووبێت.
به‌غدادی پایته‌خت له سه‌رده‌می دوازده پشتی باوایانه‌وه، جوانتر و ڕازاوه‌تر بوو له‌م به‌غدایه‌ی سه‌رده‌می تێل و نێت و ته‌كنه‌لۆژیا. ساڵێكیان چوومه ئه‌و باڵوێزخانه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غداد، هه‌زاران عێراقی له پشتی دیواره به‌ردینه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه، فۆڕمی باڵوێزخانه‌یان به هه‌موو مه‌رجه‌كانی ئه‌وانه‌وه پڕكردبووه‌وه و له سه‌ره‌ی پێدانی فیزادا، هێڕ و موئه‌ده‌ب وه‌ستا بوون. سه‌دان درۆیان بۆ ئه‌فسه‌ره‌كانی باڵوێزخانه ده‌كرد، تا ڕازی بن و فێزایان پێ بده‌ن. ئێستاش ده‌یانه‌وێت باڵوێزخانه‌یه‌ك بسووتێنن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و باڵوێزخانه‌یه پێدانی فیزا بكاته‌وه، نیوه‌ی عێراق ده‌چن بۆ ئه‌مه‌ریكا. هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، ئه‌وانه‌ی كه به‌رده‌وام دروشمی (مردن بۆ ئه‌مه‌ریكا) ده‌ڵێنه‌وه و به حوكمی ئه‌مه‌ریكی ڕازی نابن، ئه‌گه‌ر چانسی گه‌شتنه ئه‌مه‌ریكایان بۆ ڕێكه‌وێت، حه‌تمه‌ن بۆ هه‌میشه له‌وێ ده‌ژین و نایه‌نه‌وه.
له مێژووی هه‌زار ساڵی ڕابردووی ناوچه‌كه‌دا، هه‌ر هێز و گروپ و تائیفه‌یه‌ك پێكیاندا دابێت، چه‌ندین كوردی تێدا كوژراوه. ئه‌مڕۆش هه‌رچی ببێ و له هه‌ر كوێ بێت، له‌م دۆزه‌خه گه‌رمتر و له پاڵ هه‌موو ئه‌م خوێنه‌مه‌له و ئاگر و خنكان و ڕمه، كورد ده‌پرسێت: له‌م شه‌ڕه‌دا كوردستان چی لێ دێ و چه‌ند كوردی تر ده‌كوژرێ؟!