بۆ مه‌سرور بارزانی
گۆڕان ئه‌و كاته له حكومه‌تێك ده‌ركرا، پاره‌ی پێ نه‌بوو، له شه‌ڕدا بوو، خه‌ڵكیش لێی هه‌ستا بوو، ئه‌مڕۆش ده‌خرێته حكومه‌تێكه‌وه كه وا دیاره تێرتر و پاره‌دارتر و هێمنتر بێت، بۆیه ئیتر ده‌بێت پارتی خۆی بكاته خاوه‌نی دۆسێی چاكسازی و له‌مه‌ودوا له ژێر گوشاری ئۆپۆزسیۆن و هه‌ڕه‌شه‌ی گۆڕان و خۆپیشاندان هه‌نگاو نه‌نێت!
پۆستی "یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری چاكسازی" چ مانایه‌كی سیاسی و ده‌وڵه‌تداری هه‌یه؟ چاكسازی یاریده‌ده‌ری بۆچییه؟ ئێ خۆ زۆرێك له‌وانه‌ی له‌م وڵاته‌دا گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن یاریده‌ده‌ره‌كانن، ده‌بێت چاكسازی بكرێته فه‌رهه‌نگ، ده‌بێت بكرێته كرده‌یه‌كی هه‌ره‌وه‌زی و گشتی، نه‌ك كۆمه‌ڵێك گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و كۆمه‌ڵێكیش چاكسازی له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی ئه‌واندا بكه‌ن!
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر گۆڕان پڕۆژه‌ی هه‌یه و له قازانجی كۆمه‌ڵگه‌یه، ده‌بێت لێی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام نابێت فه‌لسه‌فه‌ی چاكسازی بخرێته خواستی تاقمێكی سیاسییه‌وه، واته گۆڕان به‌و مه‌رجه ڕازی بووبێت بێته ناو حكومه‌ته‌وه كه ئه‌و حكومه‌ته چاكسازی بكات؟ ئه‌دی پارتی خۆی بۆ چاكسازی ناكات؟ یانی داواكاری چاكسازی ته‌نیا حه‌ز و خواست و ئاره‌زووی كه‌سانی ئۆپۆزسیۆنه؟ پارتی ئه‌گه‌ر گۆڕان پێی نه‌ڵێ چاكسازی بكه، خۆی حه‌زی لێی نییه و نایه‌وێت بیكات؟!
ئه‌مڕۆ گوشاره‌كان كه‌متر بوونه‌ته‌وه، ئۆپۆزسیۆن تواوه‌ته‌وه، شه‌قام به زه‌حمه‌ت وه‌كو پێشوو تووڕه ده‌كرێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لاواز بووه، كاتی خۆی به 25 كورسییه‌وه پارتی توانیی به گوێیان نه‌كات، كه‌واته ئێستا به 12 كورسیشه‌وه ده‌توانێت هه‌مان شت بكات، ئه‌دی بۆ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ت پێك نایه‌ت؟!
ئه‌گه‌ر كێشه له‌سه‌ر هه‌ندێ وه‌زیر و پۆستی تر هه‌یه و ناگه‌نه ڕێكه‌وتن، بۆچی حكومه‌ته‌كه ڕاناگه‌یه‌نن و وه‌كو كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئه‌و پۆستانه‌ی له‌سه‌ری ناكۆكن، به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ی به‌رن و دواتر كه گه‌شتنه رێككه‌وتن، گرفته‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟
ئه‌وجا هه‌موو جارێك ئاوا به میحنه‌ت و سه‌دان كۆبوونه‌وه و دانیشتن حكومه‌ته‌كه‌مان پێك ده‌هێنین، هه‌ر حیزبه و په‌له‌یه‌تی دروست بكرێ، هه‌ر خه‌ڵكه و ڕه‌خنه له دوا كه‌وتنی ده‌گرێ، كه‌چی كاتێكیش له شتێك تووڕه‌ده‌بین، ئه‌وه‌ی به 11 مانگ دروستی ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێت به دوو ده‌مژمێر بیڕووخێنین، یان بۆمان بڕووخێنن!
جا هێشتا ده‌نگه‌كان به باشی جیا نه‌كرابوونه‌وه، یه‌كگرتووی ئیسلامی ئیعلانی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی كرد، شاسوار و تاقمه‌كه‌ی سه‌ره‌تا ده‌یانوت كاندیدمان بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی ئاینده‌ش داناوه، كه‌چی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگه‌یاند، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه لیستی براوه لێی نه‌پرسین، وتیان ئه‌م حكومه‌ته به شیاو نازانین به‌شداری تیا بكه‌ین، یانی ئه‌مانه هه‌موویان بوونه ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنبوونیش لای ئه‌مانه واته حكومه‌ت ڕووخاندن، ئێستا هه‌ر یه‌كه له‌مانه له میدیاكانیانه‌وه ڕه‌خنه له دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌گرن، یانی به كورتی و كرمانجی په‌له‌یانه حكومه‌ته‌كه دروست بكرێت تا ده‌ست بكه‌ن به ڕووخاندنی، ئه‌مه لۆژیكی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی كوردییه!
ئێمه میلله‌تێكی جیاوازین، له تێكڕای مرۆڤایه‌تیدا، هیچ میلله‌تێك یادی خۆپیشاندان ناكاته‌وه، یان خۆپیشاندانێكی تر ده‌كات، یان ئه‌وه‌نده وه‌سف و ستایشی خۆپیشاندانه‌كانی پێشووتری (كه هیچیشی لێ سه‌وز نه‌بوو!) ناكات، ئێمه به‌رده‌وام خۆپیشاندان ده‌كه‌ین و ساڵانه‌ش له ڕۆژ و وه‌رزی خۆیدا یادی ده‌كه‌ینه‌وه!
خۆپیشاندان له مێژووی ئێمه‌دا هیچ شتێكی پێ نه‌گۆڕدراوه، كه‌چی ده‌مانویست خۆپیشاندانێك بكه‌ین تا مووچه‌كانمان زیاد بێت، خۆپیشاندانێك بكه‌ین تا شاره‌كانمان ئاوه‌دان بكرێته‌وه، خۆپیشاندانێك بكه‌ین و هه‌لی كار بڕه‌خسێت، خۆپیشاندانێك بكه‌ین و شه‌قامه‌كانمان بۆ چاك بكه‌ن، گرفته‌كه ئه‌وه بوو كه تێكڕای ئه‌وانه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌یان ده‌كرد، ڕاستیان ده‌كرد، به‌ڵام تێكڕای ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م خۆپیشاندانانه‌یان به‌مانه ده‌گێڕا، درۆزن و دوو ڕوو و هه‌لپه‌رست بوون!
بۆیه مه‌سرور بارزانی، نابێت له‌سه‌ر خواستی ئه‌م و ئه‌و چاكسازی بكات، ده‌بێت به‌رنامه‌ی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت و چاكسازی ده‌سته و ئێخه بكات، یانی كۆتایی به موجامه‌لاتی سیاسی بێنێت و ئه‌وه‌ی دێته حكومه‌ته‌وه تا ئه‌و ڕۆژه‌ی لێی ده‌رده‌چێت، بۆی نه‌بێت له‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن شاته شات بكات و وانه و دروشمی شۆڕش بڵێته‌وه!
له ماوه‌ی نیو سه‌ده ململانێكانی ڕابردووی ده‌سته و تاقمه كوردییه‌كان، هیچ ساڵ و وه‌رزێك هێنده‌ی ئه‌م ده ساڵه‌ی ڕابردوو، بێ ئه‌ده‌بی و جنێودان و سوكایه‌تی، وه‌ك كرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕی نیشان نه‌درا، ئێمه دژی سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌ی وه‌ستاینه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز جنێومان پێ نه‌دا، هیچ كات جنێودان به‌شێك نه‌بوو له‌و شۆڕشانه‌ی ده‌مان كرد، ده‌بوو كه‌سێكی ژیر به‌مانه‌ی بوتایه:ئه‌كرێ ڕه‌خنه‌شتان هه‌بێ و نه‌ته‌وه‌ییش بن، ده‌شێ خۆپیشانده‌ر و به‌رده‌فڕكێ-چی و ده‌هۆڵكوتیش بیت و نه‌ته‌وه‌ییش بیت، ده‌كرێ هه‌ر گۆڕانخواز بیت و نه‌ته‌وه‌ییش بیت، هه‌ر وه‌ك پێشوو ئیسلامی‌یش بیت و نه‌ته‌وه‌ییش بیت، خۆ موعاڕه‌زه بوون هه‌ر ئه‌وه نییه كه دژه ده‌وڵه‌ت و ئاڵا و دروشم بیت! خۆ موعاڕه‌زه بوون هه‌ر ته‌وزیعی مووچه وگومرك و فرۆشی نه‌وت و هاندانی خه‌ڵك بۆ جنێودان و سوكایه‌تی نییه، كه‌مێك ئه‌خلاقیشه!