جه‌نگ له به‌ر ده‌رگاكه‌مان!
له شوێنێك خوێندمه‌وه، ده‌ڵێن له چل ساڵی ڕابردوودا، ته‌نیا له ساڵی 2003 ڕوویداوه كه بۆ ماوه‌ی پێنج سه‌عات له هیچ شوێنێكی جیهان شه‌ڕ نه‌بووبێت. به‌رده‌وام له هه‌ر به‌شێكی جیهان شه‌ڕێك هه‌یه، جا له هه‌ندێكیان گه‌وره‌یه و له هه‌ندێكیشیان بچووك، به‌ڵام به‌دبه‌ختییه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، وڵاته‌كه‌مان له‌و زۆنه‌دایه كه هه‌میشه شه‌ڕه قورسه‌كانی سه‌ر زه‌وی تیا ده‌كرێت!
هه‌رچییه‌ك چه‌كی تازه‌یه له نزیك ئێمه تاقی ده‌كرێته‌وه. ململانێی سه‌رجه‌م ئایدۆلۆژیاكانی دنیا له حه‌وش و به‌ر هه‌یوانی ئێمه ده‌كرێت. پێكدادانی هه‌موو شارستانییه‌ته‌كان لێره‌یه. هه‌رچی پێغه‌مبه‌ر و كتێبی خودایه، لێره هاتنه خواره‌وه. هه‌ر له‌م زۆنه‌دا كه نیشتمانی ئێمه‌یشی تیایه، هێشتا ئاگری درێژترین شه‌ڕی مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌گڕێت. شه‌ڕێك كه له یه‌ك عه‌لییه‌وه تا ملیۆنان حوسه‌ینی تیا كوژرا و كه‌چی هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وامه.
ڕه‌نگه بۆ فه‌ره‌نسییه‌ك، سویدییه‌ك، هۆڵندی یان هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی به نازی تری دونیا، سه‌خت و ته‌نانه‌ت جێی بڕواش نه‌بێت، گه‌ر پێی بڵێیت: پایته‌ختی گه‌وره‌ترین خه‌لافه‌تی تیرۆر، كه ئێوه و هه‌موو جیهانی تۆقاند، سی و پێنج ده‌قیقه له پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌وه دوور بوو! ڕه‌نگه پێی نامۆ بێت گه‌ر بڵێیت: داعش كه نه‌وتی ڕه‌شی گڕ ده‌دا تا فڕۆكه‌كان نه‌یبینن، ئێمه لێره‌وه له هه‌ولێر، به دووكه‌ڵه‌كه‌ی ته‌نگه نه‌فه‌س ده‌بووین!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م زۆن و جه‌بره جوگرافییه‌دا، له نێو ئه‌م دوكه‌ڵ و ئایدۆخوێن و ئایدۆجه‌نگ و ئایدۆلۆژیایه‌دا، هیچ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێكی ماقوڵ و مۆدێرنه‌ی تیا نییه، ده‌شێت پێمان وا بێت ئه‌گه‌ر تا سه‌رووی هه‌زار مایل به‌ره و ژوورتریش، له هه‌ر جێیه‌كه‌وه، حكومه‌تێك یان ڕژێمێكی سیاسی بڕووخێت یان ڕووخا بێت، سودێكمان (با كه‌میش بووبێت) پێ گه‌یشتووه.
بۆیه هه‌میشه چاوه‌ڕێین دوكه‌ڵ و ته‌پوتۆزی جه‌نگ بنیشێته‌وه و شتێك وه‌گیرخه‌ین. هه‌میشه كه‌و كوژی به دیار كه‌لاكی ڕژێمه سیاسییه‌كانه‌وه دانیشتووین، ده‌ی بزانین كه‌ی ده‌كه‌ون؟ كه‌ی ده‌ڕووخێن؟! خۆی ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، مادام هه‌ر كه‌س بڕووخێت له قازانجه، باشتره ئێمه‌ش شتێك له شوێنێكه‌وه بڕووخێنین. له‌وه‌ته‌ی به‌غداد هه‌یه ئێمه له‌گه‌ڵ چاك ده‌كه‌ین و هه‌ر چاك نابێت!
ئه‌وجا ده‌شێت ئه‌مه وه‌ك تیۆره‌یه‌كی ته‌جروبی وه‌ربگرین، مادام قه‌ده‌رمان وایه، كه‌واته له قه‌فقازیاوه هه‌تاوه‌كو باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌وێشه‌وه تا باكوور و ناوه‌ڕاستی ئه‌فریقیا، هه‌ر ڕژێمێكی سیاسی بڕووخێت، ده‌ی خوا به خێری بگێڕێت، ڕه‌نگه قازانجێكی هه‌بێت!
ئه‌مه هه‌ڵه‌یه ڕۆشتنی عادل عه‌بدولمهه‌دی به زیان بزانین، چما له توركت ئۆزاڵ پیاوتر ده‌بێت؟ ئۆزاڵ كه ده‌یویست كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، هه‌ر كه زانییان به ڕاستییه‌تی له‌ناویان برد. جا مار سوور بێت یان ڕه‌ش یانژی سپی، ژه‌هره‌كه‌ی هه‌ر تاڵه. له شوێنێك كه سیستم و بناغه‌ی ڕژێم خراپه، سه‌رۆك و سه‌ركرده چه‌ند‌یش دۆست و پیاوی چاك بن، هیچ له باسه‌كه ناگۆرێت! له‌م عێراقه نا ئارامه‌دا، كه سه‌د ساڵه له گه‌وره‌ترین بانكی خوێن ده‌چێت، هه‌ر كه‌س بڕووخێت، هه‌ر كه‌س بدۆڕێت، دڵنیابن قازانجێكی بۆ كورد تیایه.
هاورێیه‌كم ده‌یوت: نه‌نكم كه گسكی ژووره‌كه‌ی ئه‌دا، له بن كه‌نتۆره شڕه‌یه‌ك یان په‌نا و په‌سێرێكدا، حه‌بێكی ئه‌دۆزییه‌وه، نه ئه‌یزانی هی چییه و نه ده‌شی زانی هی كه‌یه، به‌ڵام ده‌یخوارد و ده‌یوت هه‌ر بۆ شتێك باشه! خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه نازانستییه‌ش لێی بڕوانین، هیچ خراپ نییه گه‌ر پێمان وابێت عادل عه‌بدولمه‌هدیش بمێنێته‌وه یان بڕوات، چ شتێك ئیزافه ناكات. ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیری عێراق بوو به پله‌ی كارمه‌ندێكی پله پێنجی باڵوێزخانه‌ی ئێران له به‌غداد!