شەقام و مەقام!

شەقام و مەقام!
شەقام و مەقام!

مەقام بە مانا هونەرییەکەی، نەک بە واتا جوگرافییەکەی (شوێن و پێگە!)، جۆرێکە لە پێکهاتی وێنەیی و دەربڕینی ئاواز، کە بە هۆیەوە هونەری میوزیکی گەلانی باکووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست لە یەکتری جیا دەکرێتەوە.


بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکانی هونەری میوزیک، میوزیکی ڕۆژهەڵاتی بە لقەکانی خۆیەوە (کوردی، تورکی، عەرەبی، فارسی، ئاشووری) نزیکەی ٣٦٠ جۆری مەقامی میوزیکی هەیە، کە بە مەقامە میوزیکییەکانی ڕۆژهەڵات ناسراون. هەر بە پێی ئەو سەرچاوانە، جۆرەکانی مەقام لە میوزیکی ڕۆژهەڵاتدا بەسەر چەند لقێک دابەش دەبن، کە بە خێزانی مەقامات ناودەبرێن، لەوانە، خێزانی (عەجەم، بەیات، حیجاز، کورد، نەهاوەند، نەوا ئەسەر، رەست، سەبا، سێ گا)، کە هەر یەکە لەو لق و خێزانانەش، چەند جۆرێکی تایبەت بە مەقامی هەیە و لە ئاستی ئاواز و ڕیتم و دەربڕین و چڕیندا لە یەکتری جیاوازن.


بەهەرحاڵ، مەبەستی ئەم وتارە شیکردنەوەی (مەقام)ی میوزیکی نییە، بەڵکو ئەو هاوڕیتم و هاڕمۆنییە دەنگی و دەربڕینەیە، کە لەگەڵ وشەی (شەقام)دا هەیەتی، هاوکات دیاری کردنی خاڵی هاوبەشی ئەو دوو چەمکەیە لە دونیای ئێمەدا، کە فرە ئاوازی (مەقام)ی ڕۆژهەڵاتی و فرە دەنگی (شەقام)ی کوردییە. بە مانایەکی دیکە و ڕوونتر بڵێین: وەک چۆن کەس لە ڕۆژهەڵاتدا ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ڕەهای تەواوی مەقاماتەکان، ئاواش هەر حزبێکی سیاسی لە کوردستان درۆیەکی گەورە دەکات، ئەگەر بەناوی تەواوی (شەقامی کوردی)یەوە قسە بکات، چونکە لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی (شەقامی کوردی)، بەڵکو ئەوەی هەیە (شەقامی حزبی)یە. تەنیا ئەوە نەبێ، کە ڕەنگە شەقامی حزبێک لەوەی تر درێژ و بەرینتر بێت، یان هی یەکێکیان جووت ساید و ئەوەی تریان تاک ساید بێت، یاخود هی یەکێک تولەڕێ و هی ئەوەی تر کۆڵانێکی فرە بێت و ……..!


وەک چۆن لە ڕووداوەکانی حەڤدەی شوباتدا، بزووتنەوەی گۆڕان وەک دەرکەوتەیەکی میدیایی (نەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تەندروست!)، کە سەرەتا ناو و ناتۆرەی بۆ خۆپیشاندەران داتاشی و دواتر سواری شەپۆلی توڕەییەکانیان بوو، بۆ ڕەواییدان بە گوتارەکەی، چەمکی (شەقام)ی کردە پاساوی سەرچیخییەکانی ئەوکاتی. لەم ڕووداوانەی ئەم دوو هەفتەیەی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان و پشدەر و هەڵەبجەیشدا، دیسانەوە بە ناڕاستەوخۆ و تەنانەت بڕێک جار بە ڕاستەوخۆش خاوەندارێتیی ڕەهای خۆی لەو خۆپشاندانانە دەربڕی، بەڵام کە ڕووداوەکان سەریان بەرەو توندوتیژی کێشا و تاوانی گۆڕینی ئاراستەکەیش خرایە ئەستۆی ئەو، دیسان خۆی لە بەرپرسیارێتی داماڵی، ئەمەو بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو دروشمبازییەی خاوەنداریی ڕەهای (شەقام) بێت.


وەک خەسڵەت و خووی بەردەوام و هەمیشەیی هەرزە سیاسییەکان و پەرلەمانتێرە خوێنگەرمەکانی لە دیمانە و لێدوانە تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەنووسییەکانیاندا، دەڵێن بە درێژایی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکانیش، ئەندامانی شاندی گۆڕان لە وەڵام بە گفتوگۆ و پێشنیارەکانی پارتی لە بارەی سازان و ئێستاش لە وەڵام بە داواکاریی حزبەکان و لایەنە ئاشتیخوازەکاندا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، گوتوویانە و دەڵێن: ” ئاخر شەقام ئەوەمان لێ قەبوڵ ناکات!).


تەنانەت هەرزە سیاسی و هەڵسوڕاوە دەمهەراشەکانی گۆڕان ئەوەندە ئەو ڕستە و دەستەواژەیەیان کاوێژ کردووەتەوە، تا دواجار بە ناچاری و بە لاقرتێ و لە بابەتی تەنز و قۆشمەییەوە، سەرکردەیەکی پارتی پێی گوتوون ” ئەرێ برادەران ئەو شەقام شەقامەتان لە چییە، دەی ئەگەر وابێت، خۆ ئێمەش یەک دوو کۆڵانمان بە دەستە ڵیمان قەبوڵ نەکەن؟”.


گۆڕان کە (شەقام)ی کردووەتە (کراسی یوسف) بۆ ڕەواییدان بە ویستی هەژموونگەرایی و مەیلی خۆسەپێنی و ئیرادەی بە شەیتانکردنی بەرامبەرەکانی، یان خەڵک بە گێل و گەمژە دەزانێ، یان ئەوەتا بۆ خۆی ڤایرۆسی گەمژەیی لە خانەکانی مێشک و بیرکردنەوەی داوە، ئەگینا پێمان ناڵێ، مەبەستی لەو شەقامە کێیە و کامەیە؟ هەوادار و لایەنگرانی خۆی، یان کۆی هاووڵاتیانی کوردستان؟ ئەگەر تەنێ مەبەستی هەڵسوڕاوی دەمامکدراوی خۆیەتی، ئەوانی دیکەی ناگۆڕان ناو دەنێ چی؟ بەڕاست گۆڕان وەکالەت و متمانەی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی دیکەی مسۆگەر کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە ڕیش سپیی هەمووان؟ هەر بە جیددی ئاخۆ کوردستان شەقامێکی هاوڕا و تەبای هەیە، کە لە هەڵوێست وەرگرتن لە ئاست ڕووداو و پێشهاتەکاندا یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بێت و نەکەوێتە ژێر باری کاریگەریی سیاسی و حزبی، تاکو گۆڕان خۆی بە وەڵامگۆی داخوازییەکانی ئەوان بزانێ؟ نەکا گۆڕان بەناوی دەنگی لایەنگر و هەوادارنی حزبەکانی دیکەش قسە بکات و خۆی بە دەمڕاستی هەمووان بزانێ؟ دیارە ئەوانەی لەو شەقامەدا بە پێچەوانەی گوتارە پۆپۆلیستی و پەیامە ئەنارشیستەکەی گۆڕان قسە دەکەن و هەڵوێست دەنوێنن، سەر بە هیچ جادە و کۆڵان و شەقامێک نین، یان دەنگگەلێکن لە بۆشاییدا و گۆڕان ماف بەوانی جیاواز نادا و پێیان ڕەوا نابینێ وەک گۆڕان بیرنەکەنەوە و بژین؟


دیمەنی سەیر و گاڵتەجاڕی لەو نێوەدا ئەوەیە، گۆڕان کە لە هەموومان باشتر دەزانێ، ئەو (شەقام)ەی ئەو باسی دەکات و خۆی لێ کردووەتە خاوەن و چەقاوەسوییەکانی خۆیی پێ پاساو داوەتەوە و دەداتەوە، جگە لەوەی ناگاتە کۆڵان و تولەڕێیەکی پارتی و یەکێتی، هاوکات گەوجاندنێکی ئاشکرا و بێ شەرمانەی هەموو ئەو هاووڵاتیانەیشە، یان بەلای کەمەوە سێ بەش و نیوی ئەو هاووڵاتیانەیە کە لە (شەقام)ی ئەودا نین و بە زۆری زۆردارەکی دەیەوێ بیانکاتە بەشێک لە (جادەی سیاسی)ی خۆی!


وەک ڕۆژانی دوای ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات، هەنووکە و دووبارە، گۆڕان لە ناڵ و


بزمار دەدات. لەلایەک بە ناوی مافی هاووڵاتیان بۆ خۆپیشاندان و ڕەوایەتیی داخوازییەکانیان، دەیەوێ ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە بۆ خۆی خاوەنی ناڕەزاییەتییە مەدەنییەکانە. لەلایەکی دیکە و بە سەرکۆنەکردنی دیاردەی پەنابردن بۆ توندوتیژی، دەیەوێ خۆی لە بەرپرسیارێتی بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان بدزێتەوە و خۆی بێبەری بکات! وەکوتریش، لە هەر لایەنێکی دیکە زیاتر، کەوتووەتە بەکارهێنان و وەبەرهێنانەوەی چەمکی (شەقام)، هەر بۆیە ناهەقی ئەو سەرکردەیەی پارتی نەبووە و نییە لێیان بپرسێ: ” ئەرێ ئەو شەقام شەقامەتان لە چییە؟”.


دیمەنێکی دیکەی سەیر ئەوەیە، کە گۆڕان و بەتایبەتی ڕێکخەرەکەی، کە مامۆستا و تیۆریسێن و خاوەن یەکەم و دوا بڕیاریەتی، وەک چۆن لە هەمەچەشنی و فرە ئاوازی مەقامات دڵنیان، ئاواش لە فرەڕەنگی و فرەمینبەری (شەقام)ی کوردیش پشتڕاست و ئەرخەیانن. واتە دەزانن لەو شەقامەدا، هەر کەسە و بە ئاوازی دڵی خۆی دەخوێنێ و ڕوو بەرەو دڵخوازی خۆیەتی.. هەر کەسە و بە لەیلای خۆیدا هەڵدەڵێ و ئاگای لە چاوباشقاڵێی ئەوانی دیکە نییە.. هەر کەسە و تەنیا یەک مەقام دەژنەوێ و بە (شەڕابی خەمی جانانەیی مەستە!)، کەچی هێشتا هەر بەو تۆن و ڕیتمە دەدوێن و هەر بەو لۆژیکەوە بەردەوامی بە گەمەکە دەدەن!


دەمێنێتەوە بڵێین، وێڕای (مەقام)، چونکە نزیکایەتی و خزمایەتییەکیش لە باری کێش و سەروا لە نێوان (شەقام) و (حەمام)یشدا هەیە و لەو دوو شوێنەشدا (مەقام)ەکان جیاوازن، هەق وایە لەو برادەرانە بپرسین: ئاخۆ تاکەی دەیانەوێ بەم مەقامە، ئەم حەمامە گەرم بکەن، کە گەرم نابێ؟!