هاوپەیمانێتی ئیسلامی و مەترسیەکانی سەر کوردستان

هاوپەیمانێتی ئیسلامی و مەترسیەکانی سەر کوردستان
هاوپەیمانێتی ئیسلامی و مەترسیەکانی سەر کوردستان

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی ئیسلامی کە ٣٤ وڵات (جگە لە ئێران و عێراق و سوریا) لە خۆ دەگرێت و بارەگای  سەرەکی ڕیازی پایتەختی وڵاتی سعودیە دەبێت، لە لای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی بە وەڵامدانەوەیەکی پەرچەکرداری نزیکبوونەوەی  وادەی  ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتیەکی چەند وڵاتی ( ڕوسیا و کۆریای باکوور و ئێران و عێراق و سوریا و ژمارەیەك میلیشیای شیعە) دێت کە ئێران بە ئاشکرا ماوەیەکە بانگەشەی بۆ دەکات  و کۆبونەوەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕکردووه‌تەوە.

قەیرانی هێنانی هێزی سەربازی تورکیا بۆ نزیك شاری موسڵ بە بیانوی مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی وەتەنی هەنگاوەکانی دامەزراندنی حیلفی شیعەی خێراتر کرد بە جۆرێك  ڕوسیا وئێران هەر لەدوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی هێنانی هێز بۆ بەعشیقە ی نزیکی موسڵ، پاڵە پەستۆ سیاسی و سەربازیەکانیان بۆ سەر تورکیا توندترکرد.

(ئیستفزازکردنی  یەکتر لە دەریای ڕەش و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیيەکانی ڕوسیا لە سوریا بۆسەر لایەنە تورکمانە نەیارەکانی ئەسەد)،  تورکیاش لە بەرامبەردا وەك ئەندامی پەیمانی ناتۆ  پێداگری کرد لەسەر  مانەوەی هێزەکانی  بە مەبەستی توڕەکردنی هاوپەیمانی شیعەکان و جێ پێ پتەوکردنی لە ناوچەکە و  دۆزینەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ بەکێش کردنی نەوتی ژێردەستی داعش بۆ تورکیا دوای لێدانی ڕێگە سەرەکيیەکانی هێڵی گواستنەوەی نەوت لە سوریاوە بەرەو تورکیا ئەمەش بۆ خۆی خوێندنەوەیەکی مەودا دووری تورکەکان بوو  بۆ ئەو گۆڕانکاريیە چاوەڕوانکراوانەی کە پێدەچێت ڕووبدات لە عێراق و سوریا.

خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیيە ڕوسیيەکە لەلایەن تورکیاوە لە لای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی و میدیاکانی  ئەوروپا بە جۆرێك لە ملهوڕی سیاسی و سەربازی ئۆردۆگان باسدەکرێت  کە سەرئەنجام ڕۆڵێ ناتۆ و ئەوروپا لە شەڕی دژی داعش  لاواز دەکات، هەندێکیان بە هەوڵدان  بۆ بوژاندنەوەی خەونی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی لە قەڵەم دەدەن.

دابەشبوونی وڵاتانی جیهان بەسەر دووبەرەدا، دوو هاوپەیمانی لەلایەك  سوننی (بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ و بە بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازی تورکیا و سعودیە) و  لەلایەكی ترەوە  هاوپەیمانێتی شیعە   ( بەپاڵپشتی ڕوسیا و کۆریای باکور و بە بەشداری ئێران و عێراق و سوریا و میلیشیا شیعەکانی لوبنان و نەیارانی دەسەڵات لە بەحرەین و لیبیا و پاکستان و چەند ناوچەیەکی تری جیهان)، کێشەکانی ناوچەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعش لاواز دەکات و کوردستان وەك بەشێك لە خاك و سەروەری عێراق (کە بەشێك دەبێت لە هاوپەیمانی شیعە) لەلایەك و لەلایەکی ترەوە وەك هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکا و ئەوروپا و بەرەی سوننە دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئەم دوو هاوپەیمانێتیەوە.

دیارە دۆخی سیاسی  ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو تەنگژە سیاسیەی کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە،  نەبوونی یەك هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر بەغدا و کێشمەکێشی بەرژەوەندییەکان و وابەستەبوونی لایەنەکان بە وڵاتانی دراوسێ وهەرێمی و نێودەوڵەتی   ئەوەندەی تر کێشە ناوخۆییەکان قوڵتر دەکات و بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم و کێشەکانی تر ئاکامی ئەو دۆخە سیاسیە ناهەموارەن کە دەبێت بە زوویی چارەسەربکرێت و کۆنگرەیەکی نیشتمانیش ببەسترێت بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان و پتەوکردنی پەیوەندیيەکان و پارێزگاری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و بە پێچەوانەوە هێزە سیاسیەکان دەکەونە  بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی  و ئەزمونەکەمان لەبەردەم مەترسیيەکی  گەورە کە تا ئەو ساتەش زۆر لە سیاسیەکان  و کۆڵکە سیاسیەکانیش خوێندنەوەیان بۆی نیە و قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیش تا بێت زیاتر هەڵدەئاوسێت و توانای خۆڕاگری ئەم هەرێمەش لەبەردەم شەپۆلی  ئەو دوو هاوپەیمانێتیە و شەڕمان لە دژی داعش بەرەو لاوازی دەبات.

ئەو پرسیارەی بەجدی بەرۆکمان دەگرێت ئەوەیە کە ئاخۆ باشوورو رۆژئاوای کوردستان لەم دوڕیانەدا کام بەرە هەڵدەبژێرن، شیعە یان سوننە؟

قسەکردن لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا خزمەت بە دۆزی کورد دەگەیەنێت  یان ئاکامی ئەم شەڕە نەخوازراوە تێکدانی جوگرافیای ناوچەکەیە و سەرەنجام و لە پرۆسەیەکی خوێناویدا ئەم دەوڵەتە کوردییەی لێ دروست دەبێت؟

ئایا نەخشەی سیاسی  و جوگرافیای ناوچەکە بەخوێن دەگۆڕێت یان هێشتا زمانی گفتوگۆ و کۆتری سپی و چڵە زەیتون بواریان ماوە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەربکەن؟

ئەو هاوپەیمانێتیانە بۆ وا خێرا ڕادەگەیەنرێن، ئاخۆ چ شەڕێك لەدەورمان بێت و بۆ مانەوەمان دەبێت کام بەرە هەڵبژێرین...؟