نيزام فه‌يسه‌ڵ
نووسەر
كوردستان وه‌ك مێرگی لێبورده‌یی
ئەم بابەتە گوزارشت لە بۆچوونی نووسەرەکەی دەکات و کوردستان 24 لێی بەرپرس نییە.
مامۆستا هه‌ژاری موكریانی له (چێشتی مجێو‌ر)*دا به‌سه‌رهاتێكی ساڵانی 1965 و دواتری سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول ده‌گێڕێته‌وه، كه ئه‌وكات له‌باره‌گای چاپه‌مه‌نی شۆڕش كاری كردووه و نوسیویه‌تی: "دوو سه‌ربازی عه‌ره‌بی ئه‌سیری زۆزكیان بۆ هێناین، كه خزمه‌تی بنكه‌یان پێ بكه‌ین، یه‌كیان سه‌ید عه‌لی خه‌ڵكی حیلله و ماسیگرێكی شیعه بوو، یه‌كیان حه‌مه‌د، خه‌ڵكی لای دیوانیه فه‌لاحێكی سوننی بوو. كه هاتن زه‌رد و زه‌عیف و لاواز، لووتت گرتبان گیانیان ده‌رده‌چوو. زۆر زوو لای ئێمه قه‌ڵه‌و بوونه‌وه و زۆر وه‌كه‌یف هاتن. ته‌لیسێكی پڕم توتن ده‌گه‌ڵ په‌ڕه جغاره لای حه‌مه‌د دانا. هه‌ر دوعای به‌خێری ده‌كرد، ده‌یگوت: تێر توتن بووم؛ خوا راوه‌ستاوت كا! زۆرمان خۆشده‌ویستن. حه‌مه‌د زۆر گێژووكه بوو؛ دوو ئیستیكان چای بهێنایه به‌سه‌لامه‌ت نه‌ده‌گه‌یشتن! دوای پێكهاتن و گفتوگۆ ده‌گه‌ڵ به‌زاز و عه‌بدوڕه‌حمان عارف، ئه‌سیره‌كان ناردرانه‌وه. من به‌یانییه‌ك له‌سه‌ربانی گوندی قه‌سرێ بووم، ئه‌م دوانه هاتنه خواحافیزیم. هه‌ردووكیان زۆر به‌كوڵ ده‌گریان كه لێمان جوێ ده‌بنه‌وه و ده‌یانگوت بریا ده ساڵی تر ئه‌سیری به‌رده‌ستی ئێوه باین".
به تێڕامان له‌م نموونه جوانه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی میلله‌تی ئێمه به‌رامبه‌ر به دیلی دوژمن، هه‌روه‌ها پشكنینی سه‌رپێیی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و به‌راوردكردنی به نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دراوسێ، كلتورێكی جیاواز به‌رجه‌سته ده‌بێت، كلتورێك به‌درێژایی جه‌نگ و كاولكاریيه‌كان، له گه‌رمه‌ی ده‌ستدرێژی و داگیركاریيه‌كان، هه‌میشه قوربانی و به‌رگریكاربووه به‌رامبه‌ر به جه‌للاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
له شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌روه‌كو مامۆستا هه‌ژار باسی ده‌كات، چه‌ندین رۆژ پێشمه‌رگه نانیان نه‌بووه بیخۆن، له‌وكاته عه‌ره‌بێكی شیعه و یه‌كی سوننه كه دیل بوونه به‌و شێوه‌یه دووربوونه له برسیه‌تی و تێروپڕبوونه. كه‌چی منداڵانی كورد به‌رله رووخانی رژێمی به‌عس له‌سه‌رده‌ستی سوننه و له‌دوای رووخانی به‌عسیش له‌سه‌رده‌ستی شیعه، له برسیه‌تی و كوله‌مه‌رگیدا بوونه.
له‌سه‌ره‌تای ساڵانی په‌یدابوونی بیری تیرۆر، كه ساڵانی شه‌سته‌كانه، تیرۆر له‌دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه له ناشیرین‌ترین وێنه‌دا تاقیكراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌ك زانای ئایینی به‌ناوی وه‌فدی ئاشتی نێردران بۆلای سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول، دواتر وه‌كو كه‌ره‌سته‌ی ته‌قاندنه‌وه به‌كارهاتن و خه‌نجه‌ری ژه‌هراویان وه‌شاند. له‌م رووداوه تا ده‌گاته ده‌رمانخواردكردنی سه‌ركرده‌كانی كورد و كرده‌وه تیرۆرستيیه‌كانی دیكه، كورد هه‌میشه به‌چه‌كی تیرۆر هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر، له‌و قۆناغه‌ی ئه‌وان مه‌لایان ده‌نارد به‌ناوی ئاشتی و به‌ڕووی نوێنه‌رانی كوردیان ده‌ته‌قانده‌وه، چه‌ندین مه‌لای كورد رۆڵیان هه‌بووه بۆ نێوانگیری و له پێناوی ئاشتی و كۆتایهێنان به جه‌نگ، له‌لایه‌ن سه‌ركردايه‌تى كورده‌وه ده‌نێردران بۆ به‌غدا.
(حاجی سابیر عوسمان) هاووڵاتیه‌كی شاری هه‌ولێره و حیكایه‌ته‌كه‌ی له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌نموونه ده‌هێنمه‌وه: سابیر كاسبكارێكی كورده و كاره‌كه‌ی درووستكردن و لێدانی بیری ئاو بووه، ئه‌و هاووڵاتیه‌ی كورد له‌هه‌شتایه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی عێراق كاری كردووه‌و خزمه‌تێكی زۆری به دانیشتوانی شاری رومادی و بیابانشینه‌كان گه‌یاندووه له دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه حاجی سابیر سه‌ره‌چه‌نگ ده‌درێت و له‌لایه‌ن عه‌ره‌بێكی به‌عسی ئازار ده‌درێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردبووه، حاجی به پێكه‌نینه‌وه له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه‌ی گوتی: " ئه‌و عه‌ره‌به به‌عسیه‌ی منی ئازارده‌داو سوكایه‌تی پێده‌كردم، ئێستا نیشته‌جێی هه‌ولێره‌و ئاواره‌یه و من ده‌توانم به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك تۆڵه‌ی خۆمی لێ بكه‌مه‌وه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه من ئێستا ئاماده‌م یارمه‌تیشی بده‌م چونكه ئه‌و لێره ئاواره‌یه و لێی قه‌ومایه".
هه‌ندێك له‌و پێكهاته‌یه‌ی جاران چه‌پڵه‌لێده‌ری سیاسه‌تی ته‌عریب و ئه‌نفالكردنی دانیشتوانی كوردستان بوون، ئه‌مڕۆ به‌شێك له‌م پێكاته‌یه كه عه‌ره‌بی سوننه‌یه دانیشتوی ئه‌و خاكه‌ن، ئه‌و شاروگوندانه‌ی له ساڵی 1987 به شۆفه‌ڵی ئه‌وان خاپوركراو ئه‌مڕۆش ئه‌وان دوور له جه‌نگ و ته‌قینه‌وه‌و كاولكاری له سایه‌ی ئه‌من و ئاسایشێكی سه‌قامگیردا ژیان به‌ڕێده‌كه‌ن.
له ئه‌یلوله‌وه بۆ جه‌نگی دژی گروپی تیرۆرستانی ناسراو به داعش، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه كورد له هه‌ڵوێستی به‌رگریدایه و ناسنامه‌ی قوربانیبوونی خۆی نه‌دۆڕاندووه، هه‌رچه‌نده به‌رامبه‌ر به دڕنده‌ترین دوژمن له مێژوودا وه‌ستاوه. له سه‌ربرده‌ی سه‌ید عه‌لی شیعه و حه‌مه‌دی سوننه، بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی نامرۆڤانه‌ی داعش به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت و منداڵی ده‌ستبه‌سه‌رو پێشمه‌رگه دیله‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به‌هاوكاری هاوپه‌یمانان، رۆژێك گوێبیستی هه‌واڵێك نه‌بووین بڵێ: هێزه كوردیيه‌كان ته‌قینه‌وه‌كیان له شاری موسڵ یان هه‌رناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی بنده‌ستی داعش ئه‌نجامدا. به‌پێچه‌وانه‌وه له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه بینیمان چۆن پێشمه‌رگه به حورمه‌تێكی زۆر‌و به هه‌ستێكی قوڵی مرۆڤدۆستانه، ته‌رمی داعشه كوژراوه‌كان ده‌نێژن و به ده‌ستوری ئایینی گۆڕیان بۆ هه‌ڵده‌كه‌نن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ شانازی بكه‌ین به‌وه‌ی له شۆڕشی ئه‌یلول و جوڵانه‌وه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، كورد قوربانی بووه نه‌ك جه‌للاد و په‌نای نه‌بردووه‌ته به‌ر كرده‌وه‌ی نامرۆڤانه، ئه‌وا له داهاتوودا نه‌وه‌كانمان شانازی به نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن كه پێشمه‌رگه له جه‌نگی به‌رگریدا په‌نای نه‌بردووه‌ته به‌ر كرده‌وه‌ی تیرۆرستی و مرۆڤبوونی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ون نه‌كردووه.
*هه‌ژار، چێشتی مجێو‌ر، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی میهره‌گان، چاپی سێیه‌م 2009، ل 437 .