د. بەهات حەسیب قەرەداخی
نووسەر
بارگرانیی خهڵك و داهات و هه لی كار
نامهیهكی كراوه بۆ بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان
لەم هەلومەرجە داراییە سەختەی باشووری كوردستان، وەک هەر هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵک و خاک ، بە ئەرکی خۆمی دەزانم بەم پێشنیازانە، لە قەدەر تێگەیشتنی خۆم، بەشدارییەکی کەم بکەم لە هەڵمەتی (بەرەو چاکسازی و بووژانەوە) دا.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە:
1) زیادکردنی داهاتی حکومەت.
2) فەراهەمکردنی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان.
3) هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی بارگران..
4) کەم کردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵخیی سەر شەقام و ناوشارەکانمان.
5) کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی وڵات.
6) پاک راگرتنی ژینگەی شارەکانی هەرێم.
پێشنیاز دەکەم ئەم ڕێکارە ئیداریانە، بەم ناوەڕۆکانەی لای خوارەوە ، بگیرێتەبەر:
یەکەم : ڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبیلی هەڵگری ژمارەی دەرەوەی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ناو پارێزگاکانی هەرێم، مەرجداربکرێ بەم جۆرە :
- ئۆتۆمۆبیلی تایبەت (خصوصی) مۆدێل 2005 بەرەو سەروو . پاش وەرگرتنی بڕی 10 هەزار دینار بۆ هەر رۆژێکی مانەوە لەناو هەرێمدا. (ئەم بڕە پارەیە بۆ حکومەتە) لەبریی سوود وەرگرتنیان لە بەشە بەنزینی خەڵکی هەرێم و بەکارهێنانی شەقام و رێگاو پردی ناو هەرێم ، سوتاندنی ئۆکسجین و پیسکردنی ژینگەی هەرێم.
- ئۆتۆمۆبیلی تاکسی نەفەرهەڵگری رێپێدراوی خەتی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی عێراق، پاش وەرگرتنی بڕی 5 هەزار دینار بۆ هەر هاتنێک بۆ ناو هەرێم (ئەم بڕە پارەیە بۆ حکومەتە).
- ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر و پاسی نەفەرهەڵگر مۆدێل 2000 بەرەو سەروو. پاش وەرگرتنی بڕی 20 هەزار دینار بۆ هەر رۆژێکی مانەوە لە ناو هەرێمدا. ( ئەم بڕە پارەیە بۆ حکومەتە )
- هەموو ئۆتۆمۆبیلێکی ژێر ئەو مۆدێلانە ، لە روبەرێکی پارێزراوی نزیک بازگە سەرەکیەکانی هاتنەناوەوەی هەرێم ، لە دەرەوەی پارێزگاکان پارکینگ بکرێن. بۆ هەر شەوو ڕۆژێکی مانەوەو پاراستنیان لەناو پارکەکاندا ، بڕی 3 هەزار بۆ ئۆتۆمبیلی گچکە و 5 هەزار دینار بۆ پاس و بارهەڵگر ، وەربگیرێ (دەکرێ ئەم کارە بە کەرتی تایبەت بسپێردرێ لە بەرامبەر بەکرێدانی زەویەکە، لە موزایەدەی ئاشکرادا و ساڵانە نوێبکرێتەوە) .
- هەموو ئەو ئۆتۆمبیلانەی هەڵگری ژمارەی دەرەوەی هەرێمن و ئێستا لەناو هەرێمدان، جا چ ئەوانەیان کە بەدەس ئاوارە و پەنابەرانەوەن، یان ئەوانەیان کە بەدەس خەڵکی خۆماڵیەوەن، پێویستە ناچاربکرێن کارتی زانیارییان هەبێ و هەموو 4 مانگ جارێکیش بەرامبەر بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ مۆدێلەکانی خوار 2000 و بڕی 75 هەزار بۆ مۆدێلەکانی سەرووتر، نوێ بکرێنەوە.
- ئەو میوان و سەرنشینانەی ئۆتۆمبیلەکانیان بە پارکی لای بازگە سەرەکییەکان دەسپێرن، ، سەندیکای شۆفێران ، خشتەی هەفتانە بەیەکسانی بۆ شۆفێری تاکسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم رێکبخات بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو شارەکانی هەرێم. کرێی هەر جارێک گواستنەوەی میوان بۆ ناو شارەکان و بە پێجەوانەوە، بۆ هەر تاکسییەک بڕی 25 هەزار دینار و بۆ هەرنەفەرێکیش بە پاسی نەفەرهەڵگری ناوخۆ، 3 هەزار دینار دەبێ .
دووەم : هاوشێوەی ئەو لێخۆشبوونەی بۆ بەڵێندەرانتان دەرکرد، بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، لێخۆشبوونێکیش بۆ سزاو پێژماردنەکانی (غەرامەی) هاتوچۆی ساڵی 2014 و 2015 کە ساڵانی تەنگانەی دارایی خەڵک بوون، وەک هاوکارییەک بۆ گشت هاووڵاتیان ڕابگەێنن کە زوربەیان مووچەخۆرن و ساڵیانە و مۆڵەتی شۆڤێرییان بەسەرچووە و لەبەر بێ پارەیی ناتوانن سەردانی بەڕێوەبەرێتیەکانی هاتوچۆ بکەن بۆ نوێکردنەوەیان، ئەوەش وای کردووە بەشی هەرە زۆری شۆڤێرانی هەرێم بە ناچاری یاساشکێنی بکەن.
سێیەم : بە فەرمی داوابکرێ لە سوپەرمارکێت و هایپەرمارکێتی شارو شارۆچکەکانی هەرێم، لە جۆری : سیتی سەنتەر ،بی ئار زێد ، کارفور ،زارا و میترۆ و هاوشێوەکانیان، کە هاوکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی حکومەت بکەن لەڕێی تەرخانکردنی 2 رۆژ لەهەفتەیەکدا بۆ فرۆشتنێکی سنووردار، کە تەنیا بۆ هەڵگرانی ناسنامەی حکومی بێ و بە داشکاندنێک کە لە 20% کەمتر نەبێ .
چوارەم : هەروەک دەزانن ڕێژەیەکی زۆری منداڵ و گەنجی کوردستان، لە خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکان دەخوێنن .. کرێی ساڵانەی خوێندنیش لەو ناوەندانەدا، بە بەراورد لەگەڵ ئاستی بژێویی ئێستای خەڵکدا، زۆرە ، بۆیە پێویستە چاو بەو نرخانەدا بخشێنرێتەوە و بە ڕێژەی 20 بۆ 30% داشکاندنیان تێدا بکرێ .
پێنجەم : بەفەرمی داوا لە هەموو کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکرێ، بە هاوبەشی لەسەر ئەرکی خۆیان و بە هاوکاریی فەرمانگەکانی حکومەت، ئەو رێگا لاوەکیانەی لە ڕێگا سەرەکییەکانەوە جیا دەبنەوەو بە بەردەم پرۆژەکانیاندا ڕەت دەبن، بەشێوەیەکی باش قیرتاو بکەن و کۆتایی بەو پیسی و چەپەڵییەی چەندین ساڵە بێنن و لەبریی حکومەتی هەرێم ئەرکێکی خزمەتگوزاریی گشتی بگرنە ئەستۆ.
شەشەم: بەو پێیەی ئێستا روو لەهەر چێشتخانە و میوانخانە و ئۆفیس و کۆمپانیایەکی ناو هەرێم دەکەی ، بە دەیان گەنجی ئاوارەی ئێراقی و سووری دەبینی کە زۆر بە هەرزان کار دەکەن و هیچ دەرفەتێکی کاریان بۆ گەنجانی وڵات نەهێشتۆتەوە، پێشنیازدەکەم بە بڕیارێکی توند گشت کۆمپانیا و شوێنکارە ئەهلییەکانی ناو هەرێم (هەر رەگەزنامە و نەژادێکیان هەبێ) ناچاربکرێن بەوەی لانی کەم 70 بۆ 80% ی کارمەندەکانیان لە خەڵک و پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکانی هەرێم بن . بەو جۆرەش رێژەیەکی زۆر هەلی کار بۆ گەنجانی وڵات فەراهەم دەبێ و بەو لێشاوە روو لە چارەنووسێکی نادیار ناکەن و ئەو سەروەتە مرۆییەی کوردستان بەهەدەر ناچێ .