ژیان
د. بەهات حەسیب  قەرەداخی
د. بەهات حەسیب قەرەداخی

نووسەر

ناوبڕێک و دێینەوە..

هەڵە باوەکانی پێشکەشکاری کەناڵە ئاسمانیە کورديیەکان

ناوبڕێک و دێینەوە..
ناوبڕێک و دێینەوە..

میدیاکاری کورد وەک هەر میدیاکارێکی تری دنیا، بە خواست و بێ خواست، کەوتۆتە بەر کاریگەریی مۆدێلێکی دیاریکراوی کار و ئەزموونی میدیایی  دەوروبەر.  بۆ بەدبەختیی کوردیش، هەروەک چۆن لە بوارەکانی تری ژیانماندا چاومان لە مۆدێلە شکستخواردووەکانی دەوروبەرمان کردووە، لەم بوارەشدا ئەو مۆدێلەی بۆتە نموونە بۆ چاولێکردن، یەکێکە لەخراپترین مۆدێلەکانی کاری میدیایی لە جیهانی ئەمڕۆدا.

بەداوای لێبوردنەوە لە پێشکەشکارە بەڕێزەکان، ئەگەر تروسکەیەک ئومێدی ڕاستبوونەوەی ئەم بارە نالەبارەم بەدی بکردبا، ئەوا  هەرگیز ڕێم بەخۆم نەدەدا ئەم وتارە بنووسم.. ئێستاش هیوادارم سەرنجەکانم وەک دڵسۆزی و خەمخۆری بە ئەقڵێکی کراوە  لێ وەربگیرێ و نەکرێنە بابەتی قسەو قسەڵۆکی نازانستی و نا بابەتی .

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، دوایین ئامانجی زۆربەی کەناڵەکانی ماس میدیا لەم ناوچەیەی دنیادا، بە کوردستانیشەوە، زیادکردنی ڕێژە و بەرزکردنەوەی ئاستی بیستن وبینینی ئێزگە و لاپەڕە و سایت و شاشەکانیانە ! بەواتا هەموو گوتراو و نووسراو و پێشاندراوێکیان، تەنیا لەخزمەت گەرمکردنی بازاڕی کەناڵەکاندایە. بەشێکی بەرچاوی ماس میدیای کوردی و ژمارەیەکی زۆری میدیاکاری ناسراوو بەتواناش، لەژێر کاریگەریی ئەو مۆدێلەدان و بەخواست بێ یان نا، گەلێ ئامانج و بەهای زۆر گرنگی ماس میدیایان پشتگوێ خستووە .

لێرەدا سەرنجی خوێنەری بەڕێز بۆ هەندێ دیاردە و هەڵەی باوی رۆژانەی شاشەی تیڤییە کوردییەکانمان رادەکێشم :

هەندێ پێشکەشکاری کورد، لە پرۆگرامی دیدار و دایالۆگەکاندا....

1.ئەگەر لەمیوان زیاتر کات قۆرخ نەکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەندەی ئەو قسە دەکات . بەو پێیەش هەرخۆی قارەمانی بێ ڕکابەری بەرنامەکەیەتی نەک میوانی بە فیلمکراو ...

2.پرسیارێک دەکات و چاوەڕێی وەڵام ناکات ... میوان هێشتا دوو وشەی لەدەم بەرنەبۆتەوە، بەپەلە پرسیارێکی تری تێ دەگرێ !

3.پرسیارەکانی  بە پێشەکەییەکی دوورو درێژ دەسپێدەکات و زۆر جار ئەوەندە درێژدەبنەوە، نەخۆی نە میوانی داماو نازانێ پرسیارەکە چی بوو ! ناچار بە شەرمێکەوە دەڵێ : ببورە لە پرسیارەکەت حاڵی نەبووم !

4.هەندێ لە پرسیارەکانی بە تۆن و ئاوازێک دەکات وەک ئەوەی گاڵتە بە ئەقڵی میوانەکەی بکات! یان پێی بڵێ : من خۆم هەموو شتێک دەزانم، بەڵام دەمەوێ دەم و دووی تۆ تاقیبکەمەوە ..

5.بەهاراتی بۆچوون و قەناعەتی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی دەکات بە پارووی پرسیارەکانیەوە ، وەک ئەوەی بە میوانەکەی بڵێ : پێت خۆش بێ یان نا ، دەبێ تۆش هاوڕای من بیت و ئەم پارووە قووت بدەی ! ئەگەر نا، وا وەیلا بەگیانت ! ( پێت وانیە ...؟!) یان ( تۆ هاوڕا نیت لەگەڵمدا کە .....) ؟

6.هەروەکوو منداڵی وڕکن، وڕک دەگرێ و دەستی لە یەخەی میوانەکەی نابێتەوە،نە جارێک و نە دوو و نە سێ ، هەر سوورە لەسەر ئەوەی میوانەکەی ناچاربکات دان بە شتێکدا بنێت کە دوور و نزیک پەیوەندیی پێوە نیە یان قسەیەک بکات کە مافی خۆیەتی نەیکات ..

7.لەبریی ئەوەی وەک نیشانشکێن( قەناس) ێکی بە ئەزموون و شارەزا هیچ گوولە ( پرسیارێک )  بە فیڕۆ نەدات و هەموو میلهێنانەوەیەک نیشانێکی بەنرخ بپێکێ، پێشکەشکاری کورد بێ منەتانە و نەشارەزایانە ( دەسڕێژ دەکات) .. جار هەیە بە شەش گوولەی ( پرسیار)  ئەگەر نیشانێک تیغ بکات..

8.لەبریی ئەوەی پرسیارێک بکات کە زمان و داڕشتنەکەی سادە و روون و لە ناوەڕۆکیشدا پڕ مانا بێ ، خۆی و میوان و بینەر و بیسەریشی دووچاری مەتەڵ و گرێ کوێرەکانی زمانێکی شیعریی پڕ لە ڕەمز و غەمز و لەمز و  لە ناوەڕۆکیشدا بێ ئەرزش دەکات !  ( لەکۆتایی تونێلی پێشهاتە، پێشبینی نەکراو و پڕ لە شۆک و دەردەسەییەکانی ئەم مێژووە تۆمارنەکراو و حکایەتە سواو و نووسراوە نەخوێندراو و  گوتراوە نەبیسراوەکانی سەدەیەک لە بێدەنگیی پڕ ژاوەژاودا، ئێوە چی دەبینن ؟ ) !

9.کەی؟ چۆن ؟  کێ؟ بۆچی و چەند ؟ هەر هەمووی لە یەک رستەی بێ تین و تاودا کۆ دەکاتەوە و میوانی داماویش نازانێ بۆ وەڵام، لەکامیانەوە دەسپێبکات ؟ هەر بۆیە زۆرجار بە وەڵامدانەوەی دوانیان خۆی لە سیانەکەی تریان دەدزێتەوە و پێشکەشکاری بەڕێزیش مێش میوانی نیە و بەسەریدا ڕەتدەبێ !

بەهەرحاڵ با ئەوەندە بەس بێ و هەروەک ئەو بەڕێزانە فێربوون و رۆژانە بەبێ ئەوەی گوێ بە زمانی کوردیی ( بەستە زمان بدەن ) دەیان جار دەیڵێنەوە : 

دەچینە ناوبڕێک و دێینەوە !!