حکومەت و بڕیارێکی تری سەرپێیی !

حکومەت و بڕیارێکی تری سەرپێیی !
حکومەت و بڕیارێکی تری سەرپێیی !

هەر فەرمانبەر ومامۆستا و پێشمەرگە و پۆلیسێکی ئەم وڵاتەدەگریت لە دوو ملیۆنەوە تا 12 ملیۆن دینار قەرزی لای حکومەتە .. بڕی ئەو قەرزانەیش تا دێت زیاد دەکات .. لەبەرامبەر ئەم بڕە قەرزانەدا  هیچ بەڵێننامە و گرێبەست و دۆکیومێنتێکی پشتڕاستکراوەیش لەنێوان خاوەن قەرزەکان و قەرزارەکەدا نیە. ئەوەی هەیەو نیە، تەنیا قسە و بەڵێنی  حکومەتە قەرزارەکەو گومان بێ باوەڕیی هاووڵاتیانە و هیچی تر.

بەشێکی زۆر لە فەرمانبەر ومامۆستا و پێشمەرگە و پۆلیسەکانی ئەم وڵاتە  لە 2 تا 4 مانگ کرێی خانوو، قیستی مۆبیلیا و ئۆتۆمبیل و کەلوپەلی ناوماڵ و خانووی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون ،لەلایە و قەرزاری ئەم و ئەون ... زۆربەیان توانای کڕینی حەب و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان نەماوە .... ناچارن هەندێ کەل وپەلی ناوماڵ بفرۆشنەوە ... ئۆتۆمبێلەکانیان هەڕاج دەکەن..

حکومەتە قەرزارەکەشمان ناوە ناوە بڕیار دەردەکات و ئامۆژگاریی خاوەن خانووەکان و خاوەن پێشانگا و کۆمپانیاکان دەکات و رێنوماییان دەداتێ کە لەهەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، ماوەی قیستەکانیان درێژبکەنەوە و بڕەکەیشی کەم بکەنەوە ...

 بەش بەحاڵی خۆم  نەمبیستووە خاوەن خانوویەک ، فەرمانبەرە کرێچییەکەی بەگیر هێنابێ و لە خانووەکەی دەریکردبێ ... نەمبیستووە کۆمپانیایەک سکاڵای لەسەر فەرمانبەرێک تۆمارکردبێ لەسەر دواخستنی قیستی مانگانەکەی .. دیارە هەموو  ئەوانەش کاری باش و ئەرێنی و جێی دەسخۆشین ..

بەڵام ......

بەڵام .... هەر ئەم حکومەتە قەرزدارە ، ئامۆژگاریکەرە، سەرباری ئەوەی کەمترین گوێ لە خەلکی دڵسۆزدەگرێت و کەمترین بایەخ بە پێشنیازی چاکدەدات .. پێناچێ ئەو خووە خراپەیش تەرک بدات  کە هەر لە ساوایەتییەوە گرتووێتی .. خوی بڕیاردانی بێ ڕاوێژی سەرپێیی ، بڕیاری ناواقعیی ناو ژووری داخراو .. بڕیاری نادروستی پێچەوانەی خواست وچاوەڕوانیی خەڵک ..

دوایین سوپرایزی یەکێ لەو ژوورە داخراوانە ، بڕیارێکە بۆ زیادکردنی داهاتەکانی حکومەت لەڕێی زیادکردنی بڕی  رسوماتی کاروباری هاتوچۆ و تۆماری ئۆتۆمبیلەوە، بۆ دوو هێندە و چەند هێندە ... 

بەندە بەر لە مانگێک لە وتارێکمدا  پێشنیازم بۆ حکومەتە قەرزارەکە کردبوو، وەک نیازپاکی نواندن و بۆ سووککردنی باری شانی هاووڵاتیان و بەتایبەتیش فەرمانبەران، بڕیارێکی لێخۆشبوون دەربکات لە سزاکانی هاتوچۆی هەردوو ساڵی 2014 و 2015 کە ساڵانی قەیران و کەمدەرامەتیی هاووڵاتیان بوون .. ئەوەشدە دەبێتە هاندەرێک بۆ خەڵكێکی زۆر کە بەبێ ترس وشەرم  روو لە بەڕێوەبەرێتیەکانی هاتوچۆ بکەن بۆ تازەکردنەوەی ساڵنامە و مۆڵەتی شۆڤێری و پشکنینە ئەلەکترۆنیەکان.. ئیتر ئەوەتا حکومەت بەقسەی کردین و بڕیارێکی تەواو پێچەوانەی پێشنیازەکەو خواستی خەڵکیشی دا!!

بەڕاستی مایەی سەرسووڕمانە  حکومەتێک لەکاتێکدا، کە  تا بینەقاقای نوقمی قەیرانەو بە ملیۆنان دۆلار قەرزی بێنە نیەی ئەو خەڵکە خۆڕاگرەی لایە.. لەبریی سووککردنی باری گرانیان.. بیر لەزیاد کردنی داهاتەکانی خۆی بکاتەوە لەڕێی گرانتر کردنی باری شانی هاووڵاتیانەوە !!