توانا تەها
نووسەر
نوێنەرانی کورد لە بەغدا
ئەز لەوە تێنگاکەم، بوونی سەرۆک کۆماری عێڕاق، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، وەزیری دارایی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێڕاق، ھەموو ئەوانەو بگرە زیاتریش کوردبن و جاروباریش باس لە یەكێتی خاكی عێراقمان بۆ بكەن، لەگەڵ ئەوەش حکومەتی ھەرێمی كوردستان بودجەی لە عێڕاقەوە پێ نادرێ و ساڵێكە موچەخۆرو فەرمانبەرانی بە گیرفانی بەتاڵ دەسوڕێنەوە و.
زیاتر لە دە ساڵە کورد بەشداری لە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێڕاق دەکات، تا ئێستا نەم بینیوە لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن ھیچ دەسەڵاتێک ڕۆژێک بانگیان بکەن و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامانی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزاوەی بڕیاردانی سیاسی عێڕاقیدا بکەن. بەڵام ئەوەدیارە ھێندە لە خەمی مسۆگەرکردنی پلەو پایەو بەھێزکردنی پێگەو دەستکەوتی تایبەتی بۆ خۆیان خزم و کەس و کاریاندان، نیو ھێندە لە خەمی کورد و کوردستاندا نەبوون، لە حاڵەتی جێبەجێکردندا. ھەروەھا، ئەوان ئەو بەڵێنە قەبانەشیان جێبەجێ نەكرد، كە بەر لە ھەڵبژاردنەكان بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستانیان دابوو.
حیزب و لایەنەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەیان دروشم بەرزدەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵکی متمانەیان پێبکات، کە متمانەی سیاسی خەڵکی کوردستانیش بەدەست دێنن، بۆ لە نوێنەرەکانیان ناپرسنەوە کە لە بەغداد بوون وەک نوێنەری کورد، چیان بۆ خۆیان کردووە؟ ئەرک و پیشەیان چی بووە؟ چیان بۆ پێشمەرگەو کەرکووک و ناوچەکێشە لەسەرەکان کردووە؟
میللەت ئەو مافەی ھەیە ڕووبکاتە نوێنەرەکانی و پرسیاری ئەوەیان لێ بێکات، چیتان بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کورد کردووە؟ ئەی چەند پارەو موچەی جێگر و وەزیر و ئەندام پەرلەمانی و بەڕێوەبەریتان وەرگرتووە. چەند خانوو موچەی خانەنیشنی، ئۆتۆمبێلتان وەرگرتووە. چەند لە خزم و ھاوڕێیانتان دامەزراندووە، چەند گەشتی وڵاتانتان کردووە، چەند کۆمپانیاتان داناوە، چەند گرێبەستان واژووکردووە، ئەی ئێوە چیتان بۆ ناوچە کوردستانیەکان کردووە؟ بەداخەوە کەس نەی پرسیوە و ناش پرسێ، دیارە بەم شێوەیەش ھیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی سیاسی و بەڕێوەبردنی ئابووری، کولتووری، کارگێڕی پێ دروست ناکرێت. بە پێچەوانەوە ھەمیشە کۆمەڵگە دەخاتە گێژاوێکی ترسناک و پر لەکێشەو گرفتی قووڵ، بەجۆرێک چەواشەو فێل دەکات کە گۆڕینی ڕووخسار و دەم و چاوەکان بە گۆڕان بزانێت! بیر لە گۆڕینی شێوازی سیستەم و بەرنامەی کار نەکاتەوە، کە دیارە ئەوەیان کلیلی کردنەوەی دەرگایەکی تازەیە، کە زەمینە سازییە بۆ سیستەمی سیاسی جێگر.
بڕیارە حەیدەر عەبادی گۆڕانكاری لە پۆستەكانی حكومەتەكەی بكات ھیوادارم ئەمجارەیان پێکھێنانی حکومەت تەنیا لەسەر بنەمای پۆست و پلەو پایە نەبێت، بوونی کورد لە پڕۆسەکەدا گرنگەو لەسەر کورد پێویستە بچێتە ناو ھەموو جومگەکانی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن و سەربازی ئەم وڵاتە. لەوەشیان گرنگتر ئەوەیە گرەنتیەکی یاسایی و دەستووری نوسراو ھەبێت کە بە کردەی حکومەتی نوێ ھی ھەموومان بێت. لایەنە کوردییەکانیش تەنیا بۆ پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا پشتیوانی یەکتر نەکەن، بەڵکو کار لەسەر ئەرکە ڕاستەقینەی کورد و بکەن و پڕۆژەی ھاوبەش و ھەڵوێستی نیشتمانی یەکگرتوو کۆیان بکاتەوە، جێگەی شەرمە بابەتی یەکڕیزی تەنیا لە دروشمی بانگەشەو شاشەی تیڤی و بەڕێوەبچێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام وەک نوێنەری کورد ئەرکە ڕاستەقینەکەیان لە بیربێت و پرس و ڕاوێژ و یەک دەنگی لە نێوان لایەنەکان بوونی ھەبێت. ئەگینا، باشترین چارەسەر كشانەوە و دەست لەكاركێشانەوەیە لە پۆستەكانی بەغداد و مشورخواردنی كێشە گشتییەكانی ھەرێم بێت، كە دواجار بەو ھیوایەی ئەو وزەو توانایەی كە لە بەغداد كاری پێناكرێت، بخرێتە گەڕ و كار لە پێناو نیشتمانێكی یەكگرتوو ئاییندە دیار بكرێت.