سەد ساڵ و ئیتر بەسە!

سەد ساڵ و ئیتر بەسە!
سەد ساڵ و ئیتر بەسە!

بەڕێز شاژن!  بەڕێز سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی سێر مارك سایكس، كە لێ ون نابێ قەت خۆری شادی..

بەڕێز سەرۆكی وڵاتی میسیۆ پیكۆ.. فرەنسای دایكی ئازادی..

هیوادارم لەبیرتان بێ كە سەد ساڵێك بەر لە ئێستا، هەروەك ئێستا لە بەهارا.. بە پلان و پیلانێكی سایكس و پیكۆكەی ئێوە، ئەو زەوی و زار و چەم و روبار و شاخ و دەشت و دۆڵەی چاوەرێ دەكرا ببێتە میراتیی لەپاش بەجێ ماوی پیاوێكی نەخۆشی تەمەن چوارسەد ساڵ، دابەشكرا :  ئەمە بۆ من .. ئەوەش بۆ تۆ ... ئەوەش بۆ ئەو ... بەرماوەكەیش بۆ ئەمانە و ئەوانی تر ... 

        زۆری نەبرد پیرە پیاوی نەخۆش و كەفتەو خەڵەفاو، مرد و میراتی بەشكرا ...  فیلم و بەسەرهاتی سەدان ساڵەی پڕ لە كوشت و كوشتار و غەدر و خیانەت، كۆتایی هات .. شانۆیی جەهل و خەڵەفاوی پەردەی لەسەر دادرایەوە و دوایی پێ هات.

بەڵێ باپیرانی ئێوە وەك خاوەن ماڵ، وەك كەڵەگا، بە چەقۆیەكی خوێناوی .. بە پڕگاڵ و بەحەرف T میراتییان دابەشكرد و گوتیان : فەرموون.. دەنگتان نەیەت .. هەركەس بچێتە ماڵی خۆی .. ئەوەیشی كە ماڵی نیە با بار بكاو دەربەدەری رێبەری بێ ! یان مل كەچكا و گوێڕایەڵی برای گەورە و موخڵیسی نان پێدەری بێ ! 

ئەگەرچی هێشتا چلەی ئەلمەرحوم نەچووبوو، سكرینی فیلمێكی تر تیشك و جووڵەی لێدەركەوت.. شانۆگەرییەكی نوێ پەردەی لەسەر لادرا ... ئیدی لەو رۆژەوە تا ئەم چركەساتانەی كە جەنابتان ئەرك دەكێشن و ئەم نامەیە دەخوێننەوە، ئەو فیلمە ترسناكە خوێناوییە هەر بەردەوامە و وچانێك نادا كە ئێمەیش هەناسەیەكی تیا بدەین ... لەو رۆژە رەشەوە تا بەم رۆژە تەپ و تۆزاوییە دەگات، ئەو شانۆگەرییە قێزەونە پڕ لە غەدر و چەپەڵیە هەر درێژەی هەیە و نابڕێتەوە ... وەك لە باوك و باپیرانمم بیستووە : سكرینی ئەم فیلمە تاڵە .. تەختی ئەم شانۆ بەتاڵە، سەدان قارەمانی ساختە و بەهەزاران قوربانیدەری بێ چارە.. دەیان دەرهێنەری گەمژەو دەروون پڕ لە گرێ و كینە ... رۆلیان تیا گێڕاوەو رۆیشتوون ... ڕوداوەكانی وەك زریان .. وەك گەردەلوولی جەهەننەم، وەكو زەردەخەنەی شەیتان.. هەر دەمانهێنی و دەمانبات .. وەك بیستوومە و لای جەنابیشتان مەعلوومە .. ئەم فیلمە شەیتانییە و ئەم دراما خوێناوییە بەم زووانە تەمەنی بە سەد ساڵ دەگات.

سەد ساڵی تەواوە ئێمە و باو و باپیرانی ئێمە، بگرە باوكی باپیریشمان، بەزۆری ئیوەی لیبرال و ئازادیخواز، ناچاركراوین بەردەوام لە تاڵاوی برایەتیی كورد و عەرەبان بچێژین...  تەوقەو دەسگوشین لەئێمەو غەدری كەمەرشكێن لەوان ...

تەنیا سەد ساڵ ... بەڵێ سەد ساڵ مەرگ وژیان .. مان و نەمان.. برایەتیی كورد عەرەب، دۆستایەتیی نێوانمان .. چۆن تێپەڕی و بەچی گەیشت ..  بابێین پێكەوە بیژمێرین .. دەسكەوت و خۆشی و شادییەكان... بەڵام لەكوێیەوە دەس پێبكەم ... لە دەربەندی بازیانەوە .. لە ئەسارەتی مەلیك و دەربەدەریی شارانیەوە .. لە فڕۆكە و بۆردوومانی شاری شاران سلێمانی.. بە زۆزان و كوێستانیەوە..  لە كوشتنی چوار ئەفسەری ڕادەسكراو .. لە هەڵواسینی شێخ مارف، گەنجەكانی كەركووكمەوە یان لە ڕەشبگیریەكانی حەرەس قەومی و ناپاڵم و خەمسە خەمسەی عرووبەوە .. لە نوگرەتولسەلمانەكەی شەست وسێ وە.. لەعەرعەری هەشتاو هەشت و  قەسرولنیهایەی بەعسەوە، یان لە غەدرو خیانەتی ئەلرەفیقول نائیبەوە ... لە زانكۆی خەڵتانی خوێنی قەڵادزێ و كانی ئاشقانی خنكاوی حەفتاو چوارو و تەهجیر و تەرحیل و تەعریب .. لە دوای سێكوچكەی پیلان و نسكۆی شۆڕش یان كوشتارو دەربەدەریی فەیلییان و شەهادەتی لەیلاكانی نێو زیندانی عروبەوە...

سەرم سووڕماوە نازانم لە كوێیوە دەس پێبكەمەوە : لە كاروانی شەهیدانی ناو زیندانەكانی مووسڵ و ئەمنی عاممە و ژێرزەمینی ئەمنەسوورە خوێناوییەكە یان لە نامەردییەكانی مولازم موحسینەكان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی گەنجانی وڵاتەكەمەوە... دۆشم داماوەو نازانم  چی بژمێرم ... دەسكەوت و خۆشبەختییەكانی سەد ساڵی رابردووی ئێمە ئەوەند زۆرن هەرگیز لە ژماردن نایەن ... تكایە ئێوە پێم بڵێن ... لەكوێوە دەس بە ژماردنیان بكەمەوە  ... باسی كامیانتان بۆ بكەم .. هەڵبژێرن .. سەرپشك بن .. لە كاولكاری و كوشتارو وێرانكردنی دێهاتی بنار شاخم.. سووتاندن و ژەهراندنی رەزو باخم .. لە مین ڕیژی دەشت و دەرم .. لە قەڵاچۆی مەڕوماڵات، گیانلەبەرو پەلەوەرم.... لە خنكاندنی جۆگەلەو چەم وروبار.. یان لە  كوشتنی كانیلەی جێ ژوانی كیژی چاو بەخومار ..

هەڵبژێرن .. مەعالیتان سەپشك بن: لە سێوە ژەهراوییەكانی شازدەی سێ وە  .. لە بۆنی سیری عروبەو ئاسمانی تەڵخی تەئاخیی كورد وعەرەب كە خوێناوی لێوان لێوە .. یان لە خەونە پیترۆلیەكەی لەمەڕ ئێوە .. لە سوورەتی ئەنفالەوە... لە لێدوانی بێ ویژدانی ئەنذالەوە !

بەڕێزانم ... ئەم سەد ساڵە لە كوردستان چەپكە گوڵی بەهار زۆرن ... وەلێ حەیفێ .. بۆ چێژی ئێوە نەشیاون .. زەردو سوور نیین .. ڕەشن، بۆرن !

لە پیشانگەی ئەم سەد ساڵەمان  تابلۆ زۆرن .. وەلێ حەیفێ.. بۆ بەرچاوی زارۆكی چاوشینی ئێوە یەكجار بڤەن ..  بۆمب و سێدارەو كیمیاین .. پشتی پیكابی پڕ لاشە و مین و دەست ولاقی پەڕیو.. بەهەزاران هەزار گۆڕن !

ئەم سەد ساڵە ...

خۆشبەختیمان فرە چەشنە ... وا سەد ساڵە .. سات بەساتی ئەم تەمەنە  .. زەماوەندە .. سەیرانە .. خۆشییە .. جەژنە !

ئەی نەتەوە یەكخواردووەكان !... واشنگتۆنی باڵادەستی دنیای زیندوو، هی مردووەكان !

شەریكە تاوانی پاریس لەندەنی مەزنە پایتەخت.. پەكیین .. مۆسكۆ .. بەرلین .. بەغداد .. شاری وێرانی بێ بەخت !

 لێم ببورن .. كە نازانم لەكوێوە بۆتان بژمێرم ... بەچیدا بەری سەد ساڵی سایكس پیكۆ و ئەم عێراقە عەزیمەتان وەكوو دیاری بۆ بنێرم ؟