ئه‌وقاف ناوى ئه‌وانه‌ى ده‌ستيان به‌سه‌ر موڵكهكانيدا گرتووه ده‌داته ليژنه‌ى چاكسازى
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی ھەموو ئه‌و موڵكانه‌ی كه به ناوی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافن و له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو له حزب و حكومه‌تدا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوە، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌داته لیژنه‌ی چاكسازی.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی ھەموو ئه‌و موڵكانه‌ی كه به ناوی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافن و له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو له حزب و حكومه‌تدا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوە، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌داته لیژنه‌ی چاكسازی.
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تیش ده‌ڵێت: به‌م هه‌نگاوه‌مان داهاتێكی زۆر بۆ وه‌زاره‌ت كۆده‌كه‌ینه‌وه، بۆ ئەوەی بتوانین له‌م قه‌یرانه‌دا، لە دابینكردنی بوودجه‌ی وه‌زاره‌تدا پشتی پێ ببه‌ستین.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی خاوه‌نی 6500 موڵكه له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، ئه‌و پیاوه‌ی 22 ساڵه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌وام ده‌كات، كه‌سێك شاره‌زا له سه‌رجه‌م موڵك و داهاته‌كه‌ی وه‌زاره‌ت، ئه‌و نایشارێته‌وه كه كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ناو حزبه‌كان و حكومه‌تدا ده‌ستیان به‌سه‌ر گشت موڵكه‌كانی وه‌زاره‌تدا گرتووه.
جگه‌له یاریگای توپی پێ، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خاوه‌نی چه‌ندین مۆڵی گه‌وره‌یه، دیارترینیان راین مۆڵه له شاری هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ چه‌ندین دووكان و هوتێل و گه‌راجی ئۆتۆمبێل، به‌شێك له زه‌وییه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن به‌رپرس و پله باڵاكان ته‌لبه‌ند كراون و به‌شێكیشان كراونه‌ته شوێنی به‌سه‌ر بردنی كاته خۆشه‌كان.
له شه‌قامی 60 مه‌تری له شاری هه‌ولێر، خهریگی گفتوگۆكردن بووین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و هه‌ر له‌م شوێنه‌ی لێی وه‌ستابووین ئاماژه‌ی بۆ چه‌ند موڵكێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كرد كه له شوێنێكی ستراتیجی گرنگن، به‌ڵام به نرخێكی كه‌م به كرێدراون.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خاوه‌نی زیاتر له 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره، تا ئێستا 500 فه‌رمانبه‌ری مۆڵه‌تی بێ مووچه‌ی وه‌رگرتووه، چونكه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن مووچه‌یان نییه، ته‌نها كرێی كاره‌بای ئه‌و وه‌زاره‌ته مانگانه 6 ملیار دیناره، كه‌چی به‌م هه‌موو موڵكه‌ی كه هه‌یه‌تی مانگانه 3 ملیار كۆده‌كاته‌وه.