پۆڵا سه‌عید
نووسەر
سه‌رقاڵبوون به شتی تره‌وه له رۆژه ره‌شه‌کاندا
لێره‌دا ده‌کرێت بپرسین، که ئاخۆ رۆحی نیشتیمانیی کورد له کوێیه؟
ئاخۆ هه‌تا ئێستا بیرمان له‌وه کردۆته‌وه، که ده‌رکه‌وتنی مرۆڤه گه‌وره‌کان رێککه‌وتن یاخود پابه‌ندن به کاتێکی گونجاوه‌وه؟ نیچه ده‌ڵێ: پیاوانی گه‌وره وه‌کوو مادده‌یه‌کی کات داڕێژراو وه‌هان، له‌ناو ئه‌واندا هێزێکی گه‌وره و شاز سه‌رده‌رده‌کات. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له ده‌سته‌واژه‌ی مادده‌ی کات داڕێژراو بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، هه‌روه‌کوو چۆن کاتژمێره‌که‌ت له دانانه‌وه‌ی کاتێکدا بۆ له خه‌و هه‌ڵستان، زه‌نگ لێده‌دات و به ئاگادێیت، ئاوهاش مادده کات داڕێژراوه‌کان له‌کاتی خۆیدا ده‌رده‌که‌ون. کاته‌کانی ئه‌م له ده‌رکه‌وتندا ئه‌سته‌نگ، کۆسپ، ته‌نگانه و کاره‌سات و پێویستیی و .....هتده.
نیچه ناپۆلیۆن به نموونه ده‌هێنێته‌وه و تیشکده‌خاته سه‌ر شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، که هۆکاربووه له هێنانه‌پێشه‌وه‌ی ناپۆلیۆن، هۆی هێنانه‌پێشه‌وه‌ی ناپۆلیۆنیش ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی، که ناپۆلیۆن شتێکی تر بووه جیاوازتر له هه‌ر فه‌ڕه‌نسییه‌کی تر. نیچه ده‌ڵێ: ناپۆلیۆن میراتگری هێزێکی گه‌وره و درێژ و کۆنی سڤیلاسیۆنێک بووه وه‌ک له خه‌ڵکانێکی تر، که له فه‌ڕه‌نسا له هه‌ڵم و پارچه‌پارچه بووندا رۆچوون. ئه‌و لێره‌دا بووه سه‌ردار. مرۆڤه گه‌وره‌کان پێویستیین، ئه‌و کاتانه‌ی ئه‌وان تێیدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن رێکه‌وتن. لێ ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که ئه‌وان هه‌مان سه‌ردار بن په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، که ئه‌وان به‌هێزترن، که ئه‌وان کۆنترن. نیچه لێره‌دا باوه‌ڕی به له‌دایکبوونه‌وه هه‌یه، هه‌ربۆیه باس له کۆنیی و نوێیی تاک ده‌کات. کاتێک ده‌ڵێ، ئه‌وان کۆنترن، مه‌به‌ستی له‌وه‌یه، که ئه‌م مرۆڤانه، ئه‌م سه‌ردارانه، پێشتریش هه‌ر سه‌رداربوون، ئه‌وان شاره‌زایه‌کیی گه‌وره و ئه‌زموونێکی درێژیان له پراکتیزه‌کردنی هێزدا هه‌یه. بۆ نموونه کاتێک داوای کارێک ده‌که‌یت، با بڵێین وه‌ک مامۆستا، ئه‌وا له داوای کاره‌که‌تدا ده‌نووسیت، که ئه‌زموونی بۆ نموونه شه‌ش ساڵ مامۆستاییت هه‌یه. نیچه مرۆڤه گه‌وره‌کان به میراتگری هێزێکی گه‌وره و درێژ و کۆنی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌زانێت، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که ئه‌وان جیاواز بن و گه‌وره بن. ترسی دوژمن لێره‌دایه، که ئه‌و، ئه‌و هێزه گه‌وره و درێژخایه‌نه کۆنه‌ی سه‌ردارێکی کورد ده‌ناسێت، هه‌ربۆیه هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌ده‌ن، هه‌وڵی شکاندن و بچووککردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، هه‌تاوه‌کوو به‌های خۆی چ له کوردستاندا و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له‌کیسبدات.
به‌ڵام چه‌ندیین مرۆڤی تری به‌هێز هه‌ن، که تاوانکارن، ئاخۆ ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و که‌سانه نین، که میراتگری هێزێکی گه‌وره و کۆنی کۆمه‌ڵگایه‌کن؟ نیچه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به به‌ڵێ ده‌داته‌وه. هه‌ربۆیه له په‌ڕتووکی ئاوابوونی خوداکاندا ده‌ڵێ: مرۆڤی خه‌تاکار، مرۆڤێکی به‌هێزه، به‌هێزێکی نه‌خۆشکراو. ئه‌وه‌ی ئه‌و نییه‌تی بریتییه له کێویگهریی، ئازادییه‌کی ترسێنه‌ری سروشتیی و فۆڕمێکی له‌وێدابوون. که تێیدا هه‌رچیی چه‌ک و تفه‌نگ له ئینستینکتی مرۆڤه به‌هێزه‌کان هه‌یه به ماف و ره‌وای ده‌زانێت. نیچه ناپۆلیۆن به نموونه ده‌هێنێته‌وه، وه‌ک به‌هێزێکی نه‌خۆشکراو. ئه‌م کێوییگهریی و ئازادییه ترسێنه‌ره سروشتییه بریتییه له بۆ نموونه: کێویگهریی و ئازادییه ترسێنه‌ره سروشتییه‌که‌ی گه‌رده‌لوول، باووبۆران، هه‌وره‌بروسکه، له‌رینه‌وه‌ی زه‌ویی، سونامیی ....هتد. کاتێک ئه‌م هێزانه له تاکدا بوونیان هه‌یه و تاکیش له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییدا، تووشی کۆمه‌ڵێک گرفتی ده‌روونیی ده‌بێت و نهخۆشدهخرێت، ئه‌وا له ئاینده‌دا ده‌بێته به‌هێزێکی نه‌خۆشکراو. وه‌ک ناپۆلیۆن، هیتله‌ر، ستالین، سه‌ددام حسین و ....هتد.
چەند مەترسیی دەرەکیی لەسەر باشووری کوردستانە، ئەوەندەش مەترسیی ناوەکیی لەسەرە. هه‌میشه قسه‌ی هه‌ق ره‌قه، هه‌ربۆیه له‌م رهقبێژییهدا، به‌رده‌وام کێشه‌ی ئازادیی راده‌ربڕیین و ماف و لێپرسینه‌وه‌مان هه‌یه. چه‌ند دوژمن نیشتیمان بۆردومان ده‌کات به بۆمبا، ئه‌وه‌نده‌ش خوشک و برایانی خۆمان نیشتیمان بۆردومان ده‌که‌ن به وشه. وه‌ک گووتم، ئه‌م ئه‌زموونه فێریکردین و ناچاریکردین، که به‌شێوه‌یه‌کی تر و به کۆد بدوێین. چه‌ند سه‌ربازی دوژمن، هه‌ر ناوێک که هه‌یانه، له‌سه‌ر سنورهکانمانه، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌ربازی ناوه‌کیی له‌سه‌ر شهقامهکانمانه. خاڵی لاوازی ئێمه ئا ئه‌مه‌یه.
ئه‌و دۆخه‌ی، که ئێستا و ئالێره‌دا تێیکه‌وتووین، تاکه رۆژی ره‌ش نییه، به‌ڵکوو ئێمه‌ی کورد به گشتیی، به به‌رده‌وامیی خاوه‌نی رۆژی ره‌شین. لێ ئێمه هه‌میشه له رۆژه رهشهکانماندا به شتی تره‌وه سه‌رقاڵین. ئه‌وه‌شی که به‌شێک له ئێمه سه‌رقاڵه پێوه‌ی، بریتییه له شکاندنی یه‌کتریی، شکاندنی شانازیی و شکۆی تاکی کورد، شکاندنی به‌های حکومه‌ت و قه‌واره‌ی هه‌رێم، بێڕێزییکردن به تاک و کۆی کورد و دواجار به گاڵته‌جاڕکردنی خودی کوردبوون. له دڵه‌وه پێمخۆشه ناو بهێنم، هه‌ر لێره‌دا لیستێکی درێژ بنووسم له ناوی ئه‌وانه‌ی، که هه‌تا نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ش هێرش ده‌که‌نه سه‌ر نیشتیمان. لێ سنوره‌کان رامده‌گرن، هه‌ربۆیه ئه‌م لیستانه له‌سه‌ر سنور به‌جێده‌هێڵم.
لێره‌دا ده‌کرێت بپرسین، که ئاخۆ رۆحی نیشتیمانیی کورد له کوێیه؟ بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، سه‌ره‌تا پێویسته بزانین که رۆح چییه؟ رۆح رێگاکانی ژیانه، خودی خود، ئاوێنه‌یی رۆحه، ره‌نگدانه‌وه‌ی رۆحه. هه‌روه‌کوو چلۆن تاکێکی ئاوتیزم گیرۆده‌ی شێواندنی خوده، ئاوهاش تاکێکی بێ رۆحی نیشتیمانیی، گیرۆده‌ی شێواندنی خوده. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ هه‌موو تاکێک ئاوتۆماتیکانه ده‌بێته خاوه‌نی رۆحێکی نیشتیمانیی؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، دیسان ده‌بێت قوڵتر بینه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بێت‌و ساوایه‌کی کورد له‌لایه‌ن خێزانێکی ئه‌مێریکییه‌وه ئادۆپتیره بکرێت، ئاخۆ له ئاینده‌دا ئاوتۆماتیکانه ده‌بێته خاوه‌نی رۆحێکی کوردیی؟ ئاخۆ له ئاینده‌دا ئاوتۆماتیکانه فێری زمانی کوردیی ده‌بێت؟ بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، سه‌ره‌تا پێویسته بزانین زمانی دایک چییه؟ کاتێک قسه له‌سه‌ر کوردێک ده‌کرێت، راسته‌وخۆ بیر له زمانی دایک ده‌که‌ینه‌وه. لێ زمانی دایک ئاوتۆماتیکانه بۆ نموونه زمانی دایک نییه، به‌ڵکوو زمانی دایک بریتییه له‌و زمانه‌ی، که منداڵ سه‌ره‌تا فێری قسه‌کردن ده‌بێت پێی. ئه‌مه‌ش زانستی نۆیرۆلۆگییه، نه‌ک ته‌نها تێزهیهک. چه‌نده‌ها ئێکسپهریمێنت، توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م راستییه کراوه. واتا ئه‌و ساوا کورده، له ئاینده‌دا زمانی ئینگلیزی به فۆنه‌تیکی ئه‌مێریکیی ده‌بێته زمانی دایکی. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م منداڵه له گه‌ش و هه‌وایه‌کی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی ئهمێریکییدا بژیی و گه‌شه بکات، ئه‌وا له ئاینده‌دا ده‌بێته خاوه‌نی رۆحێکی ئه‌مێریکیی. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که رۆحی نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه‌یه‌کی ده‌رووونیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، که تاک له رێگای فێربوونه‌وه ده‌یکات به سروشتی خۆی.
ئالێره‌دا ده‌گه‌ین به‌و راستییه‌ی، که رۆحی نیشتیمانیی له‌ناو ئێمه‌ی کورددا ونه، چونکه له په‌روه‌رده‌دا، خاوه‌نی بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵیی و کۆمه‌ڵایه‌تیین. ئه‌م بۆشاییه کردووینی به‌و به‌شه بێ رۆحه نیشتیمانییه‌ی، که رۆژانه دوژمنایه‌تیی یه‌کتر ده‌که‌ین، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی، که دوژمن خاوه‌نی سووپایه‌کی تر بێت له ناوه‌وه‌ی ئێمه‌دا. سووپایه‌ک که ئاسان ده‌توانێت داگیرمان بکات، نه‌ک خودی سووپای دوژمن.
سه‌رقاڵبوون به شتی تره‌وه له رۆژه ره‌شه‌کاندا، ره‌گی گه‌وره‌ی کێشه‌کانی ئێمه‌یه. سه‌رقاڵین به شتی تره‌وه، چونکه خاڵیین له رۆحی نیشتیمانیی. ئه‌وه‌شی خاڵییه له رۆحی نیشتیمانیی بێباکه له سووکایه‌تییکردن به شانازیی و شکۆی کورد، سووکایه‌تییکردن به سیمبوڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به قه‌واره‌ی هه‌رێم و به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. له ناوه‌ڕاستیی سێپتێمبه‌ری 2005 دا کاتێک کورت ڤێستهرگۆ له رۆژنامه‌ی یوولاندسپۆستدا کاریکاتێری محه‌ممه‌دی بڵاوکرده‌وه، هه‌رچی وڵاتی ئیسلامییه چوون به‌گژ دانمارک‌دا. له‌م کاته‌دا هه‌موو تاکێکی دانمارکی له شانی کورت ڤێستهرگۆوه راوه‌ستا، به خودی حکومه‌ت، په‌رله‌مان و پارته سیاسییه‌کانه‌وه. که‌چی ئێمه‌ی کورد شکۆی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌شکێنرێت و له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا قاقا به کورد و سه‌رکرده‌کانمان پێده‌که‌نین. عه‌بدوڵڵا په‌شێو راده‌ست ده‌بێژێ، که ده‌ڵێ:
سه‌دان ساڵه
ڕۆژێک ده‌بم
به مه‌یته‌ری والیی به‌غدا
ڕۆژێک له تاران کوتاڵم
ڕۆژێک لیفکه‌م
پشتی ژنی سوڵتان ده‌شۆم
ڕۆژێک گه‌سکم، شام ده‌ماڵم،
27.01.2021