د. محهمهد شاكر
نووسەر
بۆ پەرلەمانتار عالیە نسەییف و ھاوبیرەکانی
ھەرچەندە ئێوە پەرلەمانتارن و بە حساب شارەزان لە بواری یاسا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم پرسیارانەتان ئاراستە دەکەم.
ھەرچەندە ئێوە پەرلەمانتارن و بە حساب شارەزان لە بواری یاسا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم پرسیارانەتان ئاراستە دەکەم.
ئایا دەزانن کە ئەو دەستوورەی سوێندت خوارووە کە پێیەوە پابەندبیت، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە زمانی عەرەبی و کوردی ھاوشانن و کوردی دووەمین زمانی فەرمی عێراقە؟
ئایا ئاگاتان لە یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014 ھەیە (یاسای زمانە فەرمییەکان) کە پاڵپشت بە ماددەی (4)ی دەستوور دەنگی لەسەر درا، و داوا دەکات زمانی کوردی بوونی ھەبێت نەک تەنھا لەسەر پاسپۆرت، بەڵکو لەسەر دراوی عێراقی و لە ھەر بوارێک کە بنەمای یەکسانی بە پێویستی بزانێت.
ئایا ئێوە لەوە بێ ئاگان کە دەرچوواندنی رۆژنامەی فەرمی پێویستە بە زمانی کوردیش بێت لە پاڵ زمانی عەرەبی، ئایا ئێوە نازانن کەوا دەستوور و یاسای زمانە فەرمییەکان داوایان کردووە کە قسەکردن و گوزارشتکردن لە بوارە فەرمییەکانی وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنفرانسە فەرمییەکان بە ھەردوو زمان بێت ؟!
ئەی ئێوە سوێندی یاساییتان نەخواردووە، کە پابەندی یاساکان بن و جێبەجێیان بکەن بە دڵسۆزی و بە بێ لایەنانە؟ کە چی لە روانگەیەکی نەتەوەگەرایی و مەزھەبگەرایی ھەڵسوکەوت دەکەن. ئێمەی ھاووڵاتیانی کورد لەسەردەمی حوکمڕانی رژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ وەک ھاووڵاتی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵ دەکرا، کە چی لە ئێستادا ئێوە دەتانەوێ وەک ھاووڵاتی پلە سێ مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، چونکە لە دیدی ئێوە پۆلێنەکە بەم شێوازەیە: شیعە، ئینجا سوننە، ئینجا کورد و نەتەوەکانی تر !! بەڵام پێویستە ئێوە و ھاوبیرەکانتان لەوە دڵنیابن کە ئێمە بە ھیچ جۆرێک ئەم شێوازە لە ھەڵسوکەوت نە قەبووڵمان کردووە و نە قەبووڵی دەکەین.
ئایادەزانن کە ماددەی (200)ی یاسای سزادانی عێراقی سزای تا حەوت ساڵ زیندانیکردنی سەپاندووە بەسەر ئەو کەسانەی کە رەواج بە بیری مەزھەب گەرایی و تایفە گەرایی شۆڤێنیانە دەدەن یان ھەستی رق و کینە لە نێوان دانیشتووانی عێراق بڵاو دەکەنەوە.
بەڵام بە دڵنییاییەوە ئێوە گوێ بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان نادەن، چونکە باش دەزانن کە یاسا لەم وەڵاتە سەروەر نییە و دەستوور تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە.
چەند جێگای دڵخۆشی دەبوو ئەگەر ئێوەی پەرلەمانتارانی عەرەب داواتان کردبا کەوا زمانی کوردی بوونی ھەبێت لە گشت کایەکانی دەوڵەت بەو شێوەیەی کە دەستوور ویستوویەتی، نەک بەم جۆرە دژایەتی کورد بکەن، وەک چۆن ئێمە (وأعوذ بالله من كلمة أنا) پێشنیازی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان و پلە زانستییەکانمان پێشکەشکرد لەو روانگەیەی کە ئێمە نەک تەنھا نوێنەری خەڵکی ھەرێمی کوردستانین، بەڵکو نوێنەری ھەموو گەلی عێراقین، ئەو یاسایە - کە رەخنەی زۆری ئاراستە کرا و بەفعلی پڕۆسەی خوێندنی لە عێراق خستۆتە ژێر مەترسییەکی گەورە و بڕوانامەکانی بێ بەھا کردووە - پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵام ئێمە پابەندین بەوسوێندە یاساییەی، کە خوادوومانە و پابەندین بە راسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی کە داوای لە ئێمەی پەرلەمانتارانی پارتی کرد کە بە ھیچ شێوازێک جیاکاری نەکەین و بۆ ھەموو گەلی عێراق کار بکەین، کەچی لە بەرامبەر ئێوە لە بیری تەسکی تایفە گەرایی و مەزھەب گەرایی شۆڤینیانە دەڕواننە بابەتەکان.
باش دەزانن کە ئەوەی پاسپۆرتی عێراقی لاواز کردووە ئەو گەندەڵییە گەورەیەیە، کە لە عێراق بوونی ھەیە و ئەو سیاسەتە شکستخواردوویانە کە پیادە دەکرێن، کە پێویست بوو ئەو کەیسانە چەقی بەدواداچوون و کارەکانتان بێت، نەک باس لە کارێکی دەستووری بکەن کە وڵات بە ھێز دەکات.
بەڵام دەبێت عالیە و ھاوشێوەکانی بزانن کە ئەم جۆرە لێدوانانە ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو گڕوتینی زیاترمان پێدەبەخشی بۆ داکۆکی کردن لە زمانی دایک پاڵپشت بە دەستوور و یاسا، چونکە ئەو مافە دەستوورییانە داننانێکە بە شوناسی نەتەوەییمان، نابێت بھێڵین پشتگوێ و پەراوێز بخرێن، و بەھەموو شێوەیەک داکۆکی لە زمان و شوناس وکوردبوونی خۆمان دەکەین، وەک مام ھەژار دەڵێت:
بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەدەم، وەڵامی قەبرم
ئەگەر لەو دونیاش، زیندووبوومەوە
دووبارە بۆ کورد، تێھەڵدەچمەوە