لێگەرێن با دادگا خۆی قسە بکات

بڕیارێک لە کەیسێکی ژماره‌یه‌ك راگیراو دەرچوو، کە ھێشتا رێکارەکانی تانه‌لێدان و کۆمەڵێک رێوشوینی دادبینی تێداماوە، کەچی کۆمەڵێک دێن و بێ ئەوەی ھیچ لە ئەلف و بێی یاسا بزانن سەرلەبەری بڕیارەکەیان پێ ھەڵەیە بە گونجاوی نازانن، ئێ ئاخر برادەر، دادگا کاری خۆی بە پێی بەڵگە کردووە، خۆ دادوەر بە عاتیفە بڕیار نادا نابێ بۆ ھەر بڕیارێک بگەڕێتەوە بۆ رای تۆی شەقام یان تۆی فەیسبووکه‌وان.

دادگا
دادگا

ئەرێ بە راست شتێ ماوە لەم ھەرێمە رەخنەی لێنەگیرێ؟ ئەرێ کام بڕیاری باش و کام پڕۆژەی سەرکەوتوو نەکەوتۆتە بەر شاڵاوی رەخنە و توانج؟ ئەرێ سۆشیال میدیا ونەکان و فەیسبووکەواناکان، كێ ماوە توانجی لێنەگرن و رەخنەبارانی نەکەن؟ ئەرێ بەراست شتێ ماوە لەم ھەرێمە پێی بڵێن ئەشھەدووبیلا ئەم کارە باشە و دەستان خۆش بێت؟.

راستی ئەوەیە بۆ ئەوەی دەرکەوێ و بڕێک لایک و کۆمێنتی بۆ زیاد بێ، پێوستە توانج بگری تا ده‌گاتە ئاستی جنێو و ناوزڕاندن، کە رۆژانە دەیبینین بۆ ئەوەی دەرکەوێ و ببێ بە رەقەم، دەبێ دایم دژ بێ، جا ئیدی دژی چی، گرنگ نییە، گرنگتر ئەوەیە دایم نەیار و ناکۆک بی، ئیدی بێ بیرکردنەوە لە باش و خراپی ئەجێنداکەت.

ئاخر تۆ کە ھیچ لە مەھامی کارەکانی دادگا و دادوەری ناگەیت، نازانی رێوشوێنی کارەکانی ئەوان چییە، چۆن دێیت و حوکمێکی پێشینە و مسبق و موتڵەق دەدەی و ھەموو کارەکان و بەڵگەکان بە درۆ داده‌نێی. بێئاگا لەوەی کە ئەمە ئوسوڵ و رێکاری خۆی ھەیە.

سەیرم لێ دێ من کە ھیچ لە پیشەی پزیشکی نازانم ئێ بۆشم نییە بڵێم فڵان دەرمان بۆ دەدری فڵان نەخۆش، یان کە ھیچ لە ماھیەتی کارەکانی ئەندازیارێک ناگەم، چۆن دێم بەڕاست و چەپی کۆی پلان و دیزاینی پڕۆژەکە ئاوەژوو دەکەم و پڕ جنێوی دەکەم.

راستیەکەی ئەوەیە، کێ تایبەتمەند و پسپۆری بوارەکەیە، با بێت و بۆمان یەکلابکاتەوە، کەچی جێی گومانە و چی ھەڵەی تێدایە.

بڕیارێک لە کەیسێکی ژماره‌یه‌ك راگیراو دەرچوو، کە ھێشتا رێکارەکانی تانه‌لێدان و کۆمەڵێک رێوشوینی دادبینی تێداماوە، کەچی کۆمەڵێک دێن و بێ ئەوەی ھیچ لە ئەلف و بێی یاسا بزانن سەر لە بەری بڕیارەکەیان پێ ھەڵەیە و بە گونجاوی نازانن: ئێ ئاخر برادەر، دادگا کاری خۆی بە پێی بەڵگە کردووە، خۆ دادوەر بە عاتیفە بڕیار نادات، نابێ بۆ ھەر بڕیارێک بگەڕێتەوە بۆ رای تۆی شەقام، یان تۆی فەیسبووکه‌وان.

لێگەڕێن با دادگا و دادوەران خۆیان قسەیان ھەبێ، تۆ کە باوەڕت بە سەربەخۆیی دادگا ھەیە، بە حسابی خۆت بڕوات، به‌ ھەموو قسەکردنێک لە کەیسەکانی دادگا نایاساییە و خۆی لە خۆیدا پێشیلکردنی یاسایە، چونکە گرنگترین پرەنسیپی دادگا و سەروەربوونی ئەوەیە کەس نەتوانێ ته‌ده‌خولی بکات، بڕیاری دادگاش لە کۆتاییدا بۆ ھەمووانە و دوای قۆناغێک لە وردبینی تەواو پاشان وەرگرتنی پلەی کۆتایی.

بە ئەزمونی خۆمان وەک راوێژکارێکی یاسایی، دەڵێین ھەموو کەیسەکان یەکسانن لە بەردەم دادگا، دادوەران بەڵگاکان کۆدەکەنەوە، دوایی دەگەنە بڕیار، کەواتە بۆ دەرکردنی بڕیار دەبێ بەڵگە ھەبووبێ، بەڵگەکانیش ھێزی یاسایی پێوستیان ھەبووبێ، کە بەڵگەکانیش دادگا ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، لایەنی داواکاری گشتی سەرنجی خۆی دەنووسێ، دوای قۆناغێکی درێژ لە دادبینی، دواجار بڕیار دەردەکات، ئەم بڕیارەش کۆتایی نابێ، تا لە دادگای پێداچوونەوە و حوکمی بنبڕ وەرنەگرێ.

بۆیە دەڵێم لە دادگا رازیکردنی دڵی ئەم و ئەو نییە، بڕیار بڕیارە، جا ئیدی ناوەستێ لە سەر ئەوەی کێ بە دڵیەتی و کێ لەگەڵی نییە، ئەگەر ئەم کارە مەھامی دادگاکان نەبێ، ئیدی دەبێ دەرگای بەندیخانەکان بکەینەوە، چونکە دز و رێگر و پیاوکوژ و بازرگانەکانی تلیاک، گەورەترین کەسن، کە بە بڕیارەکانی دادگا رازی نین و رەخنەیان ھەیە لە دەسەڵاتی دادگا و سیستەمی دادوەریی.

بۆیە دەڵێم، ئەم کارە بۆ دادگان لێگەڕێن، با دادگا خۆی قسە بکا.

 

*راوێژکاری یاسایی